=KTML_Bold=پسپۆڕێکی خۆراکی ڕاوێژکار لە هیندستان باسی ئەو خۆراکانە دەکات کە ئارەقکردن کەمدەکەنەوە، چونکە هەندێکجار دەبێتەهۆی بێزاری و کێشەی دەروونی.=KTML_End=
هاری لاکشمی، پسپۆڕی خۆراکی ڕاوێژکار دەڵێت: ''ئارەقکردنەوە کردەیەکی فیسیۆلۆژی جەستەییە و بۆ هاوسەنگکردنی پلەی گەرمیی جەستە پێویستە، بەڵام دەکرێت بەهۆی چەند کاریگەرییەک ڕێژەکەی کەم یاخود زیادبکرێت.''
پسپۆڕەکە بەشێک لەو خۆراکانە ڕووندەکاتەوە کە دەشێت ئارەقکردنەوە کەمبکەنەوە و لەبارەی خواردنەوەی ئاوەوە دەڵێت: ''خواردنەوەی ئاوی پێویستی ڕۆژانە پلەی گەرمیی جەستە بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە، بە جۆرێک ڕۆژانە پیاوان زیاتر لە 3.5 لیتر و خانمان 2.5 لیتر بخۆنەوە.''
هەروەها دەشڵێت: ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەکان وەکوو 'خۆراکە دەنەوێڵەی تەواوەکان، برنج و ئاردی بۆر و شۆفان' هەرسکردن خێرادەکەن، بەمەش پلەی گەرمیی بە جێگیری دەهێڵنەوە و ئارەقکردنەوە کەمدەکەنەوە.
بە گوتەی هاری لاکشمی، ئەوانەی خۆراکی دەوڵەمەند بە چەورییە ناتێرەکان دەخۆن وەکوو (زەیتی زەیتوون، گوێز و ماسی) کەمتر ئارەقدەکەنەوە بەراورد بەوانەی چەورییە تێرەکان دەخۆن، چونکە خۆراکی قوورس وادەکات جەستە وزەیەکی زۆر بەکاربهێنێت بۆ هەرسکردن، سەرئەنجام ئارەقکردنەوە زیاددەبێت.
لە بارەی میوەکانیشەوە دەریدەخات، ئەو سەوزە و میوانەی بڕێکی زۆر ئاویان تێدایە وەکوو (ترێ، شووتی، سێو، هەرمێ، پرتەقاڵ، خەیار و سپێناخ) دەشێت یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە.
هەرچەندە خواردنەوەی شلەمەنی و خواردنەوە گەرمەکان ئارەقکردنەوە زیاددەکەن، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕەکەی خۆراک خواردنەوەی چای سەوز یارمەتیدەرە لە باشتربوونی ناوەندە کۆئەندامی دەمار و کۆنتڕۆڵکردنی ئارەقکردنەوە.
پسپۆڕەکە گوتی، خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆر لە کافایینایان تێدایە یاخود خواردنەوەی کحول ئارەقکردنەوە زیاددەکەن، چونکە دەبنەهۆی زیادبوونی گوشاری دەروونی کە هاندەرێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە. [1]