بەرە بەیانییەکی زوو ژانم خستە جەستەی خۆشەویستترین کەسی ژیانم. نۆ مانگ بوو لەژێر ترپەکانی دڵییەوە خۆم مەڵاس دابوو و چاوەڕێ بووم دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێ و زووتر ڕوخساری ئەو کەسە ببینم کە لە پەنا دڵی خۆی، وەک دڵی خۆی، دەمپارێزێ. ئەوەندە بەپەلەی بووم بۆ ئەم دیدارە کە گوێم نەدەدا بەوەیکە ئاوا ئازار بە جەستەی خۆم و ئەو دەگەینم.
لەناکاو دەتکوت فڕێیان دام بۆ دونیایەکی دیکە! تەح! ئەوە چییە؟! خۆ چاوم هیچ کوێ نابینێ، تیشکێکی بەهێز ڕێگر بوو لەوەی چاوم بکەمەوە. حەپەسا بووم، گوێم لە ترپەکانی دڵەکە نەدەبوو، غەڵبەغەڵبێکی سەیر دەهات. لەناکاو تەپەتەپێک لە پشتم دەهات، وەختبوو جەرگم ببڕێ، دەستم کرد بە هاوار و قیژاندن و ئەوە یەکەمجار بوو گوێم لە دەنگی خۆم دەبوو. هێندە دەنگم ناخۆش بوو، بۆخۆم ترسام و ئەم جارە لە ترسان ژیر نەدەبوومەوە.
یەکێک کوتی:
-بیدەن بە دایکی با چۆڕێکی شیر داتێ، بێدەنگ دەبێت.
دایک! دەبێت.کێ بێ؟ لە جێگایەکی گەرم و نەرم دایاننام، دیسان گوێم لە ترپە ئاشناکانی دڵەکە بووەوە؛ زانیم هەر ئەو کەسەیە کە لە بن دڵییەوە هاتووم. لە خۆشییان بێدنگ بووم و کوێرەکوێر چاوم هەڵێنا. وای ئەم شتە جوانە چییە کە تەنانەت تیشکی خۆری شکاندووە و چاوم پێی هەڵاتووە! تۆ بڵێی ئەوە دایک بێ کە وتیان؟ وایە بۆخۆیەتی، ئەوە دایکمە کە خەریکە فێرم دەکات چۆن گۆی مەمکی بگرم و لە شیرەی گیانی هەڵمژم و خۆم تێر بکەم. باشە بۆ تێر بم؟ ئێرە کوێیە؟ بۆ ناردوویانمەتە ئێرە؟ دەبێت.چی بکەم؟ سەرم لە هیچ دەرنەدەچوو. گوێی خۆم لێ خەواندەوە و خەریکی شیر خواردنی خۆم بووم و لێگەرام وڵامەکان دانێم بۆ کاتێکی کە تۆزێک تێبگەم چ باسە.
ئێستا چل و دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە و دەمهەوێ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا بچمەوە و بزانم هەر بەڕاستی بۆچی ناردیانم بۆ ئەم جیهانە. ئێستا باش دەزانم کە یەکەم کەسێک کە منی لە نەبوونەوە هێنایە بوون، دایک، هەر ژن بوو. ژنێکی کە لە هەموو خۆشی و مافەکانی ژیانی گوزەرا تاکوو ژیان بە من ببەخشێ و بمگەینێ بە ئاستێک کە بتوانم ئەرکەکانم بەرانبەر ئەم جیهانە بە ئەنجام بگەینم. بەڵام ئەرکی من چییە؟
لەگەڵم بمێننەوە تا بە یکەوە بییاندۆزینەوە و منیش و ئێوەش (من) باشتر بناسین. [1]
#کازیوە ئەنامقی#