پسپۆڕێکی خۆراک لە بارەی ڕێجیمی کیتۆوە دەڵێت: ''هەموو کەسێک بە ڕێجیمەکە کێشی دانابەزێت و پێویستە پێش پەیڕەوکردنی، ڕاوێژ بە پزیشک و کەسانی شارەزا بکرێت.''
ژیلوان محەمەد، پسپۆڕی خۆراک ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کێشەی تەندرووستییان هەیە وەکوو تووشبووی نەخۆشییەکانی (پەنکریاس، جگەر، ڕژێنی پەریزاد و زراو) نابێت بەهیچ شێوەیەک کیتۆ بکەن.
هەروەها لەبارەی ڕێجیمەکەوە گوتی، کیتۆ ڕێجیمێکی کەم کاربۆهیدراتیی پڕ چەورییە، واتا لەم ڕێجیمەدا ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە خۆراکە چەورەکان دەخورێن و وەکوو سەرچاوەی وزە بەکاردێن، بە گوێرەی زۆربەی توێژینەوەکان، کیتۆ جگە لە دابەزاندنی کێش؛ چەند سوودێکی تەندرووستیی دیکەی هەیە.
لە بارەی ئەو خۆراکانەی لە ڕێجیمەکەدا ئاساییە بخورێن ژیلوان محەمەد دەڵێت: ئەوانەی پەیڕەوی ڕێجیمەکە دەکەن ئاساییە (گۆشت، مریشک، دووگ، هێلکە، پەنیر، ماست، ماسی، چەرەس، زەیتوون و زەیتی زەیتوون) بخۆن، هەروەها بایەخ بە تووەکان و ڕووەکە کەم کاربۆهیدراتییەکانیش بدەن وەکوو (برۆکلی، باینجان، بامیە، بیبەر، خەیار و تەماتە).
هاوکات ئاماژەشی بەو خۆراکانەدا کە نابێت لە ڕێجیمی کیتۆدا بخورێن وەکوو میوە و شیرینییەکان، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، چونکە بڕێکی زۆر کاربۆهیدراتیان تێدایە.
پسپۆڕەکەی خۆراک ئەوەش ئاشکرادەکات، ڕێجیمی کیتۆ بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و کێشی هەموو کەسێک دانابەزێنێت، بۆیە باشترە پێش دەستپێکردن بە ڕێجیمەکە؛ ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
لە بارەی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی کیتۆوە پسپۆڕەکەی خۆراک گوتی، دوای چوونە حاڵەتی ''کیتۆسس'' بەدەردەکەون کە حاڵەتێکی زیندەچالاکیی جەستەیە؛ تێیدا جەستە چەوری لەبری کاربۆهیدرات وەکوو سەرچاوەی وزە بەکاردێنێت، هەروەها دەشڵێت: هەندێک نیشانە وەکوو زیادبوون تینووێیتی، وشکبوونەوەی دەم، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و زۆرمیزکردن دەکرێت نیشانەکانی چوونە ناو حاڵەتی ''کیتۆسس'' بن.
پسپۆڕەکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڕێجیمەکە باسدەکات و ڕایدەگەیێنێت، ئەو کەسانە کیتۆ دەکەن دەکرێت هەست بە هەندێک کاریگەریی لاوەکی بکەن وەکوو (بۆنی ناخۆشی دەم، ماندووبوونی کوورتخایەن، کێشەکانی هەرس لە سەرەتاکان، بێخەوی، سەرئێشە، بەردی گورچیلە، قژهەڵوەرین و کەمبوونەوەی ڤیتامین و کانزاکان).
ژیلوان محەمەد لەبارەی کیتۆوە زیاتر گوتی: (ڕێجیمێکی خراپ نییە و تەنانەت چەند سوودێکی گرنگی هەیە، بەڵام بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسۆڕ و شارەزایانی بواری خۆراک، نابێت پەیڕەوی ئەم ڕێجیمە بکرێت، چونکە دەشێت کێشەی تەندرووستیی جیدی درووستبکات). [1]