پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی لە زانکۆی #هەولێر#ی پزیشکی چەند کاریگەرییەکی جەڵتە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن دەشێت دووچاری چەندین پاشهاتی لاوەکی ببنەوە تەنانەت دەشێت ئەگەری مانەوەی ئەندامەکانی دیکەیان سێ تاوەکوو حەوت ساڵ بێت.
دکتۆر محەمەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەبارەی جەڵتەی دڵەوە ڕایگەیاند، جەڵتەی دڵ لە ئەنجامی گیرانی شادەمارەکان و ڕێرەوی خوێن ڕوودەدات بەمەش دڵ لە ناردنی نیشانە کارەباییەکان بۆ بەشەکانی دیکە دەوەستێت.
دکتۆر محەمەد دەڵێت: ''هەندێکجار وادەزانرێت دڵ لە کار کەوتووە، بەڵام ڕاستییەکەی وانییە''، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بڕێکی کەم لە سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لەنێو خانەکانی دڵدا هەن و کەمتر گرژبوونەوە و خاوبوونەوەیان تێدا ڕوودەدات.
بەگوتەی پسپۆڕەکە، ئەگەر دڵێک تووشی ئەو دۆخە بێت، ئەوا نەمردووە و بە پێدانی مادە کانزاییەکان بە کەسەکە، فەرمانی دڵەکە ئاسایی دەبێتەوە.
دکتۆر محەمەد ئەو کاریگەرییانە باسدەکات کە دوای جەڵتەی مێشک تووشی جەستە دەبن و دەڵێت: (دوای جەڵتەی مێشک بەرگریی جەستە لاوازدەبێت و دەشێت سییەکان تووشی هەوکردنی تووند ببن). گوتیشی: ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، ئەگەری مانەوەی ئەندامەکانی دیکەیان 3 تاوەکوو 7 ساڵە.
لەبارەی هۆرمۆنەکانیشەوە پسپۆڕەکە گوتی، مێشک شوێنی سەرەکیی بەرهەمهێنان و دەردانی بەشێکی سەرەکیی هۆرمۆنەکانە، بۆیە جەڵتەی دڵ دەبێتەهۆی ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە ئاشکرای دەکات، ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن گورچیلەکانیان سست دەبێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ناڕێکیی لە دەردانی پڕۆتینەکان درووستدەبێت، تەنانەت پەنکریاس و سپڵیش زیانیان پێدەگات.
بۆ پێشگیری و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک دکتۆر محەمەد ڕێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە پەستانی خوێنیان ڕێکبخەن، بایەخ بە خۆراکی تەندرووست بدەن، خۆراکە خێراکان و سوورەوەکراوەکان کەمبکەنەوە، وەرزش بکەن و کێشیان ڕێک بێت، هەروەها دووربکەونەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە و ڕێژەی شەکری خوێنیان کۆنتڕۆڵبکەن. [1]