پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست لە ئەمریکا دەڵێت: خانمان و پیاوان پێویستە بایەخ بە تەندرووستیی پێستیان بدەن، چونکە پێست گەورەترین ئەندامی جەستەیە و کاریگەریی لەسەر ڕەفتار و شێوازی ژیانی تاک درووستدەکات.
دکتۆر ئالی ڕای، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە کلیڤلاندی پزیشکیی ئەمریکا دەڵێت: خەو، خۆراک و شێوازی ژیان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تەندرووستیی پێست هەیە؛ هەروەها باسی کاریگەریی خەو دەکات و دەڵێت: ''6 بۆ 8 کاژێر خەوی شەوانە یارمەتیی هاوسەنگیی پێست دەدات.''
دکتۆر ئالی ڕوونی دەکاتەوە کە خەوی پێویستی شەوانە گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، بەوەش پێست کەمتر دووچاری ناڕێکیی هۆرمۆنەکان دەبێت و سەرەنجام پێست درەوشاوەتر دەردەکەوێت.
بە وتەی دکتۆر ئالی، خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە بە جۆرێک لانی کەم هەشت پەرداخ ئاو لە ڕۆژێکدا دەبێتەهۆی شێداریی پێست، چونکە مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری، سووربوونەوە و خوران کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەیەکی ژاپۆنی دەریخستووە، خواردنەوەی ئاو نیشانەکانی پیربوون لەسەر پێست کەمدەکاتەوە. پسپۆڕەکەی پێستیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ''خواردنەوەی ئاو پێست شێدار دەکات و ڕەشایی ژێر چاو کەمدەکاتەوە؛ هەروەها چرچولۆچیی ڕووخسار لەسەر پێستی شێداریش کەمتر دەردەکەوێت.''
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست وتی، خۆشۆردن بە ئاوی گەرم و زۆر مانەوە لەنێو گەرماودا زیان بە پێست دەگەیێنێت، بە جۆرێک دەبێتەهۆی درووستبوونی پەڵە و وشکبوونەوەی پێست؛ هەروەها دەشڵێت: ''پێویستە ئاوی شلەتێن بەکاربێت و مانەوە لە گەرماو 10 بۆ 15 خولەک بخایەنێت.''
لەبارەی پیسبوونی دەست و درووستبوونی زیپکە، دکتۆر ئالی ڕایدەگەیێنێت، پێش دەستدان لە ڕووخسار دەستەکان بشۆردرێن، چونکە دەکرێت دەستی پیس زیندەوەرە وردبینەکان بگوازێتەوە بۆ پێست و ببێتەهۆی گیرانی چەورییە ڕژێنەکان، بەمەش زیپکە و پەڵەی پێستی لێ درووست دەبێت.
پسپۆڕەکە ڕێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، کاتێک دەچنە دەرەوە لەژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دژەخۆر بەکاربهێنن، چونکە جۆرەکانی بەگوێرەی تایبەتمەندیی پێست و ڕێژەی دژەخۆرەکە دەگۆڕێت. [1]