توێژینەوەیەک لە بەریتانیا لە بارەی کاریگەریی میوزیک لەسەر چاکبوونەوەی دەمارەخانەکانی مێشک دەریخستووە، میوزیک کاریگەریی ئەرێنی لەسەر باشترکردنی جووڵەی کەسانی پەککەوتوو و تووشبووانی جەڵتەی مێشک دەبێت.
زانکۆی ئەنگڵیا ڕووسکین لە بەریتانیا دەریدەخات، چارەسەری دەماری بە میوزیک یارمەتیدەرە لە باشترکردنەوەی خانەکانی مێشک بەتایبەت لە تووشبووانی نەخۆشیی لەرزین 'پارکینسۆن'، فرە ڕەقبوونی دەماری MS و جەڵتەی مێشک.
توێژینەوەکە بە هاوکاری پەیمانگەی کامبریچ بۆ چارەسەریی میوزیکی بە بەشداری چەند منداڵێک کرا، کە پێکانی مێشکیان هەبوو و دەرکەوت، نیشانەکانی ئیفلیجییان لەدوای چارەسەر بە میوزیکەوە کەمتربووە، بە جۆرێک جووڵە و هەڵسوکەوتیان بەرەو باشبوونەوە دەڕۆیشت.
بە گوتەی گێما کیڵی، چارەسەرکاری سرووشتی و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، میوزیکەکە بە جۆرێکە کە ئاوازەکەی لەگەڵ جووڵەی چارەخوازەکەدا دەگۆڕێت، بەتایبەت جووڵەی هەنگاوەکان، بەمەش کاریگەریی زیاتر لەسەر باشتربوونی بەپێ ڕۆیشتن درووستدەکات.
میشێل تاوت، چارەسەرکاری میوزیکی لە کەنەدا دەڵێت: ''جووڵە سەرەکیترین وەڵامدانەوەی جەستەیە بۆ میوزیک، بۆیە میوزیک لە باشترکردنی جووڵەی کەسانی پەککەوتوو و ئیفلیج کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و خێرایی میوزیکەکە هاوتا دەبێت لەگەڵ جووڵەی چارەخوازەکە.''
میشێل تاوت گوتیشی، لەگەڵ چارەسەری سرووشتی باشترە بایەخ بە چارەسەری هاندانی میوزیکیش بدرێت، لەپێناو ئەوەی بەزووترین کات تواناکانی مێشک بەرەو باشی بڕۆن.
دامەزراوەی پێکانەکانی مێشک لە ئەمریکا ڕایدەگەیێنێت، چارەسەری هاندانی میوزیکی بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە کێشەی ناڕێکیی جووڵە و هاوسەنگبوونی جەستەیان هەیە، چونکە هانی مێشک دەدات بەگوێرەی ئاوازی میوزیکەکە جووڵە بە جەستە بکات.
هەروەها دامەزراوەکە ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی زەبر بە مێشک لە منداڵ و کەسانی گەنج بەربڵاوە کە هەندێکجار تووشی ئیفلیجبوون و ناڕێکیی بیرکردنەوەیان دەکات. [1]