لە چالاکییەکی پزیشکیی بلو پرێنتی تایبەت بە بواری ددانسازی، پسپۆڕێکی دەم و ددان ڕایدەگەیێنێت، مەرج نییە چارەسەری ڕێککردنەوەی ددانەکان بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت و بەگوێرەی حاڵەتەکە ماوەی چارەسەرەکە دەگۆڕێت.
دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان ڕایگەیاند، ''ئامێری ڕێککردنەوەی ددان (تەلی ددان) بەکاردێت بۆ ڕیزکردنەوەی ددان و کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان ددانەکان''، هەروەها دەشڵێت: شێواز و جۆری بەکارهێنانی بەگوێرەی چارەخوازەکە دەگۆڕێت.
دکتۆر ئەنوەر ڕوونی دەکاتەوە، دانانی ''تەلی ڕێککردنەوەی ددانەکان'' بۆ هەموو تەمەنێک و لە هەموو کاتێکدا ناگونجێت، بەتایبەت لەو کەسانەی کە نەخۆشیی پووکیان هەیە یاخود نەخۆشیی ئێسکیان هەیە.
لە بارەی ئەو پاشهاتانەی کە چارەخواز لە ماوەی چارەسەرەکە تووشی دەبێت پسپۆڕەکە دەڵێت: هەندێک جار ڕەگی ددانەکە کوورت دەبێتەوە و تووشی داخوران دەبێت، هەروەها ناخاوێنیی ددانەکان دەشێت پاشهاتەکان قوورستر بکات و کێشە بۆ چارەخواز درووستبکات.
بە گوتەی دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد، ماوەی مانەوەی تەلی ددان پشت بە جۆری کێشەکە دەبەستێت و بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی دوو ساڵ دەخایێنێت. ئاشکراشی دەکات، ئەگەر بەشی دووەمی چارەسەرەکە کە جێگیرکردنی ددانەکانە بەڕێکی نەکرێت، ئەوا چارەسەرەکە هیچ دەرئەنجامێکی نابێت.
پسپۆڕەکەی دەم و ددان ڕێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە پێش بەکارهێنانی چارەسەری ڕێککردنەوەی ددانەکان، لەلای پزیشکێکی پسپۆر ددانەکانیان پاکبکەنەوە و لە ماوەی چارەسەرەکەدا بایەخ بە پاکوخاوێنیی ددانەکان بدرێت.
دکتۆر سەعید بناڤی، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ددان - لقی #دهۆک# ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی چالاکییە زانستییەکان؛ پتەوکردنی پەیوەندیی و لێکتێگەیشتنی زیاترە لەنێوان پزیشکانی پسپۆڕ و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستیانە لە بوارەکەی خۆیاندا.
ڕۆژی هەیینی #28-04-2023# چالاکیی زانستیی بلوپرێنتی تایبەت بە ددانسازی لە دهۆک بەڕێوەچوو و دکتۆر زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان و سەرپەرشتیاری چالاکییەکە گوتی، پزیشکانی دەم و ددان لە دهۆک زانست دۆستن و هەر بۆیە بە هاوبەشیی هەردوولا چالاکیی ئەمجارەمان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەم جۆرە چالاکی و کۆنفرانسانە سوودی ڕاستەوخۆی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، چونکە کۆمەڵێک وانەبێژی بەئەزموون ڕێنوێنی و نوێترین زانیارییەکانی خۆیان بە پزیشکان و کەسانی پسپۆڕ دەگەیێنن کە لە ڕێگەیانەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن. [1]