پسپۆڕێکی چارەسەری سرووشتی ڕایدەگەیێنێت، لەدەستدانی هەستی تام و بۆن نیشانەی باوی پەتا وەرزییەکان و کۆرۆنایە و دەشڵێت: بە ڕاهێنانی تایبەت دەتواندرێت ئەو هەستانە بۆ کەسانی چاکبووەوە بگەڕێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی #26-04-2023# لە بوولتەنی نوورۆژدا دکتۆر عەلی حسێن، پسپۆڕی چارەسەری سرووشتی و مامۆستای زانکۆ لەبارەی نەمانی هەستی تامکردن و بۆنکردنی ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا و پەتای وەرزی چاکبوونەتەوە دەڵێت: (هەندێک جار شەش مانگ تاوەکوو دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام بە چارەسەری سرووشتی دەکرێت هەستی بۆنکردن بگەڕێتەوە).
لە بارەی هۆکاری نەمانی هەستەکانی تام و بۆن دکتۆر عەلی گوتی، ڤایرۆسەکان هێرشدەکەنە سەر دەمارە ڕاگەیاندنەکانی نێوپۆشی دەم و لووت بەمەش هەستی بۆنکردن و تامکردن کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت.
هەروەها گوتیشی، بە شێوەیەکی ئاسایی دوای دوو هەفتە لە چاکبوونەوە و بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەهەوکردن تام و بۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر درێژەی کێشا ئەوا پێویستە ئەو کەسە چەند ڕاهێنانێکی تایبەت ئەنجامبدات کە هەندێکیان دەتوانێت خۆی بیکات و هەندێک لە ڕاهێنانەکانیش دەبێت لەلایەن چارەسەرکاری سرووشتییەوە بۆی بکرێت.
هاوکات یەکێک لە ڕێگەکان باسدەکات کە بەکارهێنانی بۆنی بەهێز و جیاوازە لە ماوەی 20 چرکەدا، بە جۆرێک کەسی تووشبوو دەتوانێت بۆ ماوەی 20 چرکە ڕۆژانە بۆنی (زەنجەبیل، مێخەک یاخود زەیتی زەیتوون) بکات.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی چارەسەری سرووشتی گوتی، (بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ هیچ دەرمانێک بەکارنەهێندرێت)، چونکە هەندێکجار بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ناپێویست دەکرێت نیشانەی پەتا وەرزییەکان زۆر خراپتر بکات. [1]