بەڕێوەبەری تەندرووستیی #هەڵەبجە# دەڵێت: ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە (هەوکردنی پەردەی مێشک) گەیشتووەتە 40 منداڵ. هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان کە نەچنە نۆرینگەکان و دەرمانی دژە هەوکردن وەربگرن.
ڕۆژی دووشەممە #24-04-2023# دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندرووستیی هەڵەبجە گوتی، خەڵک فێربوون دەچنە دەرمانخانە و نۆرینگەی کۆڵانەکان دەرمان وەردەگرن، ئێستا کە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە داواکارین هیچ کەسێک دەرمانەکانی دژە هەوکردن لەو شوێنانە وەرنەگرن، چونکە ئەگەر منداڵ یان هەر کەسێک ئەو دەرمانانە بخوات ئەگەر تووشی هەوکردنی پەردەی مێشکیش ببێت ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت.
بەڕێوەبەری تەندرووستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کەسێک چووە نۆرینگەکانیش بە هیچ جۆرێک نابێت دەرمانی دژە هەوکردن (Antibiotic) وەربگرێت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ خواردنیدا ئامێرەکانی پشکنین ناتوانن هیچ بەکتریایەکی نەخۆش ببینن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، ئازاد مستەفا گوتی، ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە گەیشتووەتە 40 منداڵ؛ 26یان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
بەڕێوەبەری تەندرووستیی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، نەخۆشیی بەو شێوەیە لە مێژوودا لە هەڵەبجە نەبووە. لەبارەی هۆکارەکەشیەوە گوتی، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ لە ئاستی پڕۆفیسۆردا لە ئێرانەوە هاتوونەتە هەڵەبجە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری نەخۆشییەکە.
ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە نەخۆشییەکی گواستراوە بەناوی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵانی هەڵەبجە بڵاوبووەتەوە.
هەوکردنی پەردەی مێشک بە شێوەیەکە، ئاوێک لە چواردەوری مێشکدا هەیە و لە دوای ئاوەکەش چەند پەردەیەک مێشک لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێسکەکانی سەر دەپارێزن. زۆرجار لە ڕێگەی خوێن، گوێچکە، هەوکردنی توورەکە هەواییەکان یان لە ڕێگەی درزێکەوە کە لە سەردایە، ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕوو دەچێتە نێو پەردەکە و تووشی هەوکردنی دەکات.
پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن، نەخۆشییەکە هەوکردنە و دەگونجێت بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆس یان مشەخۆرەوە خەڵک تووشی ببن. نەخۆشییەکە تووشی گەورە و بچووک دەبێت، بەڵام ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر منداڵان تووشی بوون. [1]