وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان دەکاتەوە، بەبێ بەڵگەی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ منداڵبوون لە ڕێککەوتە جوانەکان وەکوو #23-03-2023# نەکەن، بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ڕێکەوتی 20ی ئاداری لەسەرە و ئەمڕۆ 22ی ئادار بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، تێبینییان کردووە بۆ ڕێکەوتە جوانەکان لە نموونەی #03-03-2023# پەلەکردن یان دواخستن بۆ منداڵبوونی ئافرەتانی دووگیان دەکرێت لەسەر داوای ئافرەتی دووگیان نەشتەرگەریی خێرا دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتیی دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو، ئاگاداری سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی، تایبەت و پزیشکان دەکەنەوە، بۆ ڕێگریکردن لە نەشتەرگەریی خێرا بۆ منداڵبوون یان دواخستنی کاتی لەدایکبوون پشت بە بەڵگەی پزیشکی و کلینیکی پێویست ببەستن؛ بە پێچەوانەوە پزیشکی بەرپرس و نەخۆشخانە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە بۆ هەر گرفت و ئاڵۆزکارییەک.
دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندرووستیی #هەڵەبجە# ئەمڕۆ چوارشەممە #22-03-2023# گوتی، پێشتریش لەسەر داوای ئافرەتی دووگیان لە هیچ نەخۆشخانەیەکدا ڕێگەنەدراوە نەشتەرگەریی خێرا بکرێت. گوتیشی: لە هەموو هەرێمی کوردستان بۆ لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی گشتی بە نەشتەرگەری دەبێت لیژنەی پزیشکی بڕیاری لەسەر بدات، کە لە هەموو شارێکدا لیژنەکە هەیە و کەمترنین لە سێ پزیشکی ژنان و ئەوان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندرووستیی هەڵەبجە؛ نەشتەرگەریی خێرا بۆ لەدایکبوون لە ڕێکەوتە جوانەکان زیاتر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێت. دەشڵێت، داتای نەخۆشخانە تایبەتەکان نادرێنە تەندرووستی و کەرتی گشتی بۆ ئەوەی ڕێگری لەو نەشتەرگەرییانە بکرێت؛ بۆیە پێیوایە ئەوە گەورەترین زیانی بە کەرتی گشتیی تەندرووستی گەیاندووە، کە پزیشکان دەچنە نەخۆشخانە تایبەتەکان و بە ئارەزووی خۆیان نەشتەرگەی دەکەن، بەبێ ئەوەی تەندرووستی بزانێت لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا چەند نەشتەرگەری کراوە و چ پزیشکێک کردوویەتی.
لەو ڕێکەوتانەی ژمارەکانیان نزیکە لەیەکەوە، هاوشێوەی سبەی کە 23-03-2023 یە، لە هەرێمی کوردستان منداڵێکی زۆر بە نەشتەرگەری لەدایک دەبن.
پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ناکرێت بەبێ بەڵگەی پزیشکی نەشتەرگەریی بۆ لەدایکبوونی منداڵ بکرێت و کاتەکەی پێشبخرێت، کە هەندێک جار دەبێتە هۆکاری لەدایکبوونی منداڵی ناکام؛ یان لەبارچوون، یان مردنی منداڵ دوای لە دایکبوونی. [1]