کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی سکچوون و وشکبوونەوەی تووند، ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەتوانێت نەخۆشەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بکوژێت.
نەخۆشییەکە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ دەلتاکانی ڕووباری گانگی هیندستان، لە سەدەی 19 دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد و ئێستا لە چەند ناوچەیەکیش بە پەتا هەژماردەکرێت، بە دیاریکراویش لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین.
ئەو وڵاتانەی بەدەست ململانێ، هەژاری و کارەساتە سرووشتییەکانەوە دەناڵێنن، زۆرترین مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایان لەسەرە، چونکە ئاوی پاک و ئامرازەکانی پاککردنەوەی گونجاویان دەستناکەوێت.
نەخۆشییەکە لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاو یان خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریای کۆلێرا دەگوازرێتەوە. سەرچاوەکەی زۆربەی کات پاشەڕۆی کەسی تووشبووە.
ماوەی نێوان تووشبوون بە بەکتریاکە و دەرکەوتنی نیشانەکانی 12 کاژێر تاوەکوو پێنج ڕۆژە؛ نەخۆشییەکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە.
زۆربەی کەسانی تووشبوو، نیشانەکانی کۆلێرایان لێ دەرناکەوێت، بەڵام بەکتریاکە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەتوانێت لەنێو پاشەڕۆدا بمێنێتەوە، واتە ئەو شوێنانەی پاکوخاوێن نین، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیانی تێدا بەرزە.
ئەوانەشی کە نیشانەکانیان لێ دەردەکەون، نیشانەکانی بەگشتی سووک یان مامناوەندن. ڕێگەکانی چارەسەرکردنی بریتین زیادکردنی خواردنەوەی ئاو یان وەرگرتنی ژیناوی تێکەڵ بە ئەنتیبایۆتیکەکان بۆ کەمکردنەوەی سکچوون.
ڤاکسینێک دژی کۆلێرا هەیە کە کاریگەرییەکەی لە کۆنترۆڵکردنی کۆلێرادا سەلمێنراوە، بەڵام بۆ هێشتنەوەی بەرگری لە ئاستێکی بەرزدا، پێویستە قورچکی بەهێزکەر وەربگیرێن.
کورد گوتەنی: خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر. ڕێگەی سەرەکیی ڕێگریکردنیش لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بریتییە لە دابینکردنی ئاوی پاک، کەلوپەلی پاککردنەوە و خۆراکی پاک و سەلامەت. [1]