ناونیشانی بابەت: بایەخی گەمە و یاری لە پەروەردەی منداڵدا
ئامادەکردن: #لەیلا بەرزنجی#
تاقیکردنەوە وا تەواو دەبێ و پشووی هاوین دادێتەوە و قوتابخانە هەتا پاییز دادەخرێ؛ کۆتاییهاتنی کۆششی ساڵانە و گەڕانەوەی منداڵ بۆ ماڵەوە؛ قوتابی کاتی بەتاڵی زۆر دەبێ و بەداخەوە زۆرێک لە خێزانەکان گرنگی نادەن بە پڕکردنەوەی ئەو کاتە بەتاڵەی منداڵەکەیان تەنانەت منداڵ کاتی خەوتن و هەڵسانەوەی تێک دەچێتەوە.
ئەرکی دایک و باوکە دەبێ بزانێ چ کاتێک بۆ ڕۆڵەکەیان گونجاوە یاری بکات و چ یاریەک بکات چونکە منداڵ لە ڕێگای یاریکردنەوە ژینگەی دەورووبەری دەناسێت و شتەکانی دەوروبەری بەراورد دەکات، لەسەرەتای تەمەنیدا بەتایبەتی پێش باخچەی ساوایان منداڵ فێربوون و یاریکردنی لەگەڵ دایکیدایە بەزۆری هەر ئەمەش وادەکات لەم تێگەیشتن و گەشەکردنی کەسایەتی لەڕێگای یاریکردن لەگەڵ دایکیدا وەردەگرێ، هاوکاری و نزیکبوونەوە لە خوشک و براکانی وا دەکات هاوکاری و تێکەڵاوی درووست بکات لەگەڵ دەوروبەر و هاوڕێ هاوتەمەنی خۆی، یاخود نزیک لە تەمەنی خۆی بدۆزێتەوە و ئاشنایەتییان لەگەڵدا پەیدا بکات، وردەوردە ئەم یاریکردنە دەبێت بە بناغەی کەسایەتییەکی بەهێز لە منداڵدا، وەک نووسەر دەڵێت:
منداڵ و یاری دوو شتی تەواوکەری یەکترن. لە ڕاستیدا منداڵ واتە یاریکردن، چونکە هیچ منداڵێک نییە یاری نەکات یان حەزی لە یاری نەبێت؛ ئەو هەڵوێستەی دەکرێت لەم بارەیەوە بگیرێتە بەر ئەوەیە کە ئەم بابەتە لە خزمەت پەروەردەی منداڵدا ئاڕاستە بکرێت، چونکە منداڵ خۆی پارچەیەکە لە یاری، یەکەمین بنەما لەو بنەمایانەی دنیای منداڵ پێک دەهێنن یاریکردنە و هەڵبژاردنی گەمەی گونجاو، ڕۆڵی خێزانە کە ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و هاوکاری منداڵ بێت هەتا ئەوکاتەی هەیەتی بۆ پشوو بە ڕێکوپێکی بەسەری ببات و هەروەها بەو هۆیەشەوە فێری هاوڕێیەتی و هاوکاریکردن دەبێت، چونکە منداڵ بە یاریکردن توانا و وزەکانی گەشە دەکات و ئارەزووی بۆ یاریەک دەچێت هەتا کاتی بەتاڵی خۆی پێ پڕ بکاتەوە، بەڵام زۆرێک لە خێزانەکان وای دادەنێن سەلامەتیی منداڵەکەیان لە نەچوونە دەرەوەدایە، هەر بۆیە منداڵ سەرقاڵ دەکەن بە یاریە ئەلیکترۆنییەکان و تواناییی منداڵەکە سنووردار دەکەن و لە ڕووی جەستەییەوە بێهێز دەکەوێنن، لە ڕووی دەروونییەوە مێشکی هیلاک و بێتوانست دەبێت، ئاخر منداڵ هەر لە جێگاکەی خۆی دەوەستێت و جووڵەی نامێنێ، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خێزان دادەبڕێت، ئارەزووی بۆ هیچ شتێک ناچێت و ناتوانێ پەیوەندیی هاوڕێیەتی درووست بکات، جیاکردنەوەی هاوڕێی باش و خراپ نازانێ و ئارەزووەکانی ون دەکات، چونکە یاری و گەمە، منداڵ سەربەست دەکات و لە ڕووی دەروونییەوە ئارامی دەکاتەوە و گرژی و ئاڵۆزیەکانی ناخی دەردەکات، جۆری یاریکردنی کوڕ و کچ جیاوازە؛ کچان وەویلکەبازی و بوکڵە بوکڵە دەکەن و ڕۆڵی دایک دەگێڕن، بەو کارە هەستی دایکانەی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و کوڕەکانیش ئەرکی باوکانە دەگێڕن و زیاتر وەک گەورەی ماڵەکە خۆیان دەنوێنن و هەندێکیشیان تۆپانێ و هەڵماتێن (زەقان) دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە کەسایەتی و ئازادی لە دەربڕین.
بە گوێرەی توێژینەوەکان دەردەکەوێت منداڵ بە گەمەی ئەلیکترۆنی ناتوانێت گەشە بە توانستی خۆی بدات و دوچاری زۆر گرفتی تریش دەبێت؛ وەک کەمخەوی و داهێزرانی لەش و کزداگەڕانی چاو، لەگەڵ ئەوانەشدا دەبێتە هۆی قەڵەو داگەڕانی، چونکە یاریەکە وا دەکات منداڵ نەجووڵێتەوە و بەردەوام دانیشێت، جابۆیە پێویستە خێزانەکان ئەم خاڵە بەهەند وەربگرن بزانن منداڵەکەیان چ بەهرەیەکیان هەیە، لەگەڵیاندا بن و بەهرەکەیان پەرە پێ بدەن و کاتەکانیان بۆ دیاری بکەن.
=KTML_Bold=تێبینی:=KTML_End= بۆ ئەم بابەتەم سوودم لەم پەڕتووکەی خالید ئیرتوغروڵ وەرگرتووە: پەروەردەی منداڵ لەنێوان خێزان و قوتابخانەدا، لاپەڕە 153.
[1]