دکتۆر #کامەران قەرەداغی# لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی مێدیکاڵ کوردستان ڕایگەیاند: کۆرۆنا ماوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەرگرییان پەیداکردووە، هاوکات ڕێژەی تووشبوون زۆرە و گیانلەدەستدانیش زۆر کەمبووەتەوە.
دکتۆر کامەران قەرەداغی، پسپۆڕی سینگ و بۆری هەوا لە بارەی پەتای کۆرۆنا ڕایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە و شەپۆلی چوارەمی پەتاکە هێشتا بەردەوامە، بەڵام خەڵکێکی زۆر تووشی بووە و بەرگرییان پەیداکردووە.
دکتۆر کامەران ڕوونی دەکاتەوە، سرووشتی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن کە جۆرێکی کۆرۆنایە لاوازە و زیاتر بە هەڵامەت دەردەکەوێت، هەروەها پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسەکە هەندێک نیشانەی هەیە وەکوو تووشبوون بە هەوکردنی قوڕگ و لەدەستدانی تام و بۆن کە لەهەڵامەت ناچێت.
کۆرۆنا چی فێری مرۆڤایەتی کرد؟ دکتۆر کامەران لەوەڵامدا دەڵێت: (ژیان، زانست، چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکدی و خۆپاراستنی بە خەڵک ناساند، هەروەها وای لە مرۆڤ کرد کە چۆن بڕوانێتە داهاتووی و چی بکات بۆ ئەوەی ژیانی خۆی و کەسانی دیکەش پارێزراوبێت).
لە بارەی پیسبوونی ژینگە پسپۆڕەکەی سینگ ئاشکرای دەکات، پیسبوونی ژینگە کار لە ڕێژەی ئۆکسجین و نایترۆجینی هەڵمژراو دەکات و کەمیان دەکاتەوە لەگەڵیشیدا ڕێژەی چەند گازێکی ژەهراوی هەڵمژراو لەنێو سییەکان زیاددەکات، سەرئەنجام دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان و هەستیاری.
هاوکات دەشڵێت: ''ژینگە پاراستن واتە خۆپاراستن و بۆری هەوا و سی پاراستن.''
لە کۆتاییدا لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دکتۆر کامەران قەرەداغی گوتی، تاوەکوو ئێستا زانیاریی تەواوەتی لەسەر جگەرەی ئەلیکترۆنی بەردەستن نییە، بەڵام نازاندرێت دوای 20 یاخود 30 ساڵی دیکە چی ڕوودەدات، بۆیە ناوی لێدەنێین ''بۆمبێکی کاتی'' کە مرۆڤی پێ دەکوژرێت. [1]