ناونیشان: ئامادەبن بۆ پۆست کۆرۆنا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-03-2020#
کاتێک هەفتەی ڕابردوو نووسیم کۆرۆنا پەیوەندیی بە ئاساییشی نیشتمانییەوە هەیە و لە شەڕی #داعش#یش مەترسیدارترە، هەندێک هاوڕێی خوێندەوار و ئاگاداریش پێیان وتم: شتەکە وا گەورە نییە و هەق نییە خەڵک بترسێنیت. ڕاستییەکەی من ئەوکات زۆر بەپارێزەوە وشەکانم بەکارهێنابوو و هەوڵمدابوو بە زمانێکی نەرم پیشانیبدەم کە مەترسییەکە چەند گەورەیە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا وێنەکە ڕوونتر بووەتەوە و چەقۆکە نزیکتر بووەتەوە لە ئێسقانمان، بۆیە بۆ ئێمەش ئاسانترە بەبێ دوودڵی لەبنی هەمبانەکە بدەین.
ئەم هەفتەیە، کە وردەوردە خەریکە پێکوتەی دژەکۆرۆنا دەدۆزرێتەوە، باسی دەرهاویشتەکانی و قۆناخی پۆست کۆرۆنا دەکەم. چونکە وەک ئێوەش دەزانن چیدیکە ئەمڕۆمان لەڕووی ئابووری، تەندرووستی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەوە لە دوێنێمان ناچێتەوە. جاران کێشەی دنیا ئەوەبوو کە چەکی ناوەکی و چەکە کۆمەڵکوژەکانی دیکە پەرەیان پێنەدرێت، بەڵام ئێستا دەرکەوت مەترسیی شەڕی بایۆلۆژی چیدیکە لەنێو ڕۆمانە خەیاڵییە زانستییەکان و فیلمەکاندا نابیندرێ و هەستی پێناکرێ، بەڵکوو دەکرێ ببێتە واقیعیش. من بڕوا بەوە ناکەم کە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات شەڕێکی بایۆلۆژی بێت و پێکەنینیشم بەوە دێت کە ئێرانییەکان دەڵێن ئەمریکا ئەو شەڕەی لە دژی ئێمە و پێشتریش لە دژی چین بەرپاکردووە. بەڵام بڕوام بەوە هەیە کە دەوڵەتەکان لەمڕۆ بەدواوە بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن بۆ نموونە ڤایرۆسێک درووستبکەن بۆ داڕماندنی سیستەمی ئابووری و سیاسی و زانستیی دەوڵەتێکی ڕکابەریان و پێشتر پێکوتەکەشی ئامادەبکەن بۆ ئەوەی دوایی وەک فریادڕەسێک و سەرکەوتووێکی شەڕەکە بێنەمەیدان. لێرەوە خۆمان و نەوەکانیشمان هەڕەشەی جیددییان لەسەرە کە ببنە قوربانیی شەڕێکی وا. وەک ئەزموونیشمان لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، دەبێ شەڕێکی وا گەورە و کارەساتبار ڕووبدات، تاوەکوو دەوڵەتان کۆببنەوە و بڕیاری قەدەخەکردن و بەتاوان ناساندنی شەڕی بایۆلۆژی بدەن.
دەرهاویشتەیەکی دیکەی کۆرۆنا لە مەسەلەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا دەبێت، کە پێم وایە پێویستیی مرۆڤایەتیی بە پێشکەوتنی نوێی تەکنەلۆژی زیاتر دەکات. لەو شارەی ئەڵمانیا کە من تێیدا دەژیم، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زۆرترین ئامێری ئەلیکترۆنی کە فرۆشراوە کیبۆرد و ماوس و سکرینی کۆمپیوتەر بووە. خەڵک ناچاربوون لەماڵەوە کاربکەن و بۆیەش پێویستیان بە کەرەستەی تەکنەلۆژی بووە تاوەکوو کارەکانیان بکەن. زۆربەی کۆمپانیاکانی بواری نەرمەکاڵای پەیوەندیکردن و کارکردن لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە لە جیهاندا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهای پشکەکانیان بەرزبوونەتەوە. چونکە خواست و پێویستیی خەڵک بۆ ئەو کاڵایانە زیادیکردووە. قوتابخانەکان وردەوردە خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ئەوەی بتوانن هەموو وانەکان بەشێوەی ئۆنڵاین بڵێنەوە. ئەمەش تەکنەلۆژیای نوێی پێویستە. ئەگەر مارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵبوون، بازاڕێکی ئۆنڵاینی وەکوو ئامازۆن هێندەی دیکە کاری زۆردەبێت و کاتێکیش مرۆڤ نەتوانن شتەکان بگەیەنن، خواست لەسەر ئەو درۆنانەی ئێستا کەرەستەکان دەگەیەنن زۆرتر دەبن. بەکوورتییەکەی لە قۆناخی پاش کۆرۆنادا پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان دەبێ هەمیشە ئەوەیان لەبیربێت کە چۆن وابکەن مرۆڤەکان بەریەکنەکەون، بەڵام هەمیشە پێکەوەبن. جا ئەمە بواری تەندرووستیش دەگرێتەوە و ڕەنگە لە ئاییندەدا پێویست بکات هەر ماڵێک ئامێرێکی تێدابێت کە بەهۆی ئینتەرنێتەوە بەسترابێتەوە بە پزیشکەکەتەوە و ئەو بتوانێ لە ڕێگەی دوورەوە بەو ئامێرە پشکنینت بۆ بکات و چارەسەرت بۆ بنووسێت.
کۆرۆنا فەرهەنگی خەڵکی جیهانیش زۆرتر دەگۆڕێت. مەسەلەی دەستشووشتن یەکێکە لە سادەترین نموونەکان، بەڵام بەریەککەوتنی مرۆڤەکانیش وەکوو ماچ و باوەش و لە تەنیشت یەکدییەوە دانیشتن و زۆر شتی دیکەش بیری جیددی لێدەکرێتەوە کە چۆن سەلامەت ڕووبدات. نموونەیەک کە بۆ من باڵکێش بوو، ئەوە بوو کە لە تورکیا جگە لەوەی حکومەت زۆر زوو ڕێوشوێنی خۆپاراستنی گرتبووەبەر، بەڵام فەرهەنگی تورکەکانیش بۆ پاکوخاوێنی ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە. ڕاستە ئێمە بوونەوەری کۆمەڵایەتین و بەریەککەوتنیش بەشێکە لەو کردەوانەی بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە دەروونییەکانمان پێویستمان پێیەتی، بەڵام جیهانی نوێ ناچارماندەکات چاو بەوەدا بخشێنینەوە و هیچ دیکە بەریەککەوتنی ناپێویست لەنێوانماندا نەبێت.
خەڵک و حکومەتی کوردستان مامەڵەیەکی زۆر ڕاست و جوانیان لەگەڵ ئەو قەیرانەدا کردووە کە کۆرۆنا درووستیکردووە، بەڵام دەبێ ئێمەش وەکوو خەڵکی دیکەی جیهان بیزانین کە کۆتایی ئەم قەیرانە بەمانای کۆتایی مەترسییەکان نییە. بۆیەش کاتێک ئەمە تێپەڕی، دەبێ لەگەڵ جیهان بێینە قۆناخی پۆست کۆرۆنا، نەک وەک زۆر شتی دیکە بیسەلمێنین کە نە بامان دیتووە نە باران. [1]