ناونیشان: کۆرۆنا جیاوازی دەکات
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #23-03-2020#
یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێ وابکات خەڵک لە کوردستان زۆرتر لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان پابەندی خۆپارێزی بن ئەوەیە کە کۆرۆنا جیاوازی دەکات لەنێوان وڵاتان و تەنانەت هەژار و دەوڵەمەندیشدا. ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان قەدەخەی هاتوچۆ هەیە و حکومەتیش زۆر پێداگیرە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام زۆر لە وڵاتانی ئەوروپایی هێشتا بەو تووندییە نەیانگرتووە، سەلمێنەری ئەمەیە. بڕوا بەو قسە شاعیرانەیە مەکەن کە دەڵێن ئەو پەتایەی تووشی مرۆڤایەتی بووە زۆر دیموکراسییانەیە و هەموان وەکوو یەک پێی کاریگەردەبن.
لە هەواڵەکاندا ناوی بەرپرسانی باڵای وڵاتان و کەسایەتییە وەرزشی و هونەری و کۆمەڵایەتییەکان دەبیستن کە تووشی کۆرۆنا بوون. ئێمە وا ڕاهاتووین کە کاتێک لافاوێک هات یان کارەساتێکی گەورەی دیکەی مرۆیی ڕوویدا، ئەوەی بەردەکەوێ تەنیا ڕەشوڕووتە، بەڵام لە کەیسی کۆرۆنادا وا دەردەکەوێ شتەکە جیاوازە، بەڵام ئەمە نە لەڕووی زانستی پزیشکییەوە و نە لە هیچ ڕوویەکی دیکەشەوە ڕاستە. بۆ نموونە هەڵامەت و نەخۆشییەکانی دیکەش جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا ناکەن و ئەوەی باشتر خۆی پاراستبێ یان لەنێو تەمەن و گرووپی مەترسیدا نەبێت، زۆربەی جار دەربازی دەبێت. جیاوازیی کۆرۆنای ئەم جارە ئەوەیە کە لەبەرئەوەی هێشتا دەرمانەکەی نەدۆزراوەتەوە، تووشبوونی کەسانی ناسراو دەبێتە هەواڵ و هەموومان دەیزانین.
لەم ماوەیەدا زۆر سەرنجم داوە ئەو شوێنانەی کەمتر هاتوچۆ و پەیوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوە هەیە، کەمتر بە کۆرۆنا کاریگەربوون. ئەو شوێنانەش بەردەوام شوێنە هەژارەکانن. لە سەردەمی کۆنەوە ئەوەی پەتای گواستووەتەوە ئەو کەسانە بوون کە پارەیان هەبووە سەفەر بکەن و بە دنیادا بگەڕێن. نەخشەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید نۆزدەش ئەوە دەسەلمێنێ: ئەوەی کۆرۆنای هێنایە تایلەند، کۆریای باشوور، ئەمریکا، ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو کەسانە بوون کە لە وهانەوە هاتبوونەوە. بۆچی چووبوونە وهان؟ یان بۆ زیارەت یان بۆ تیجارەت! کێ دەتوانێ ئەو سەفەرانە بکات؟ خەڵکی پارەدار.
ئێستا کە پەتاکە پارەدارەکان بڵاویانکردووەتەوە، باجەکەی خەڵکی هەژار و وڵاتە هەژار و سیستم خراپەکان دەیدەن. چۆن؟ کەسێکی دەوڵەمەند کە بزانێ پەتاکە بڵاوبووەتەوە، دەتوانێ خۆی لەماڵەوە کەرەنتینە بکات و تەنیا خەمی ئەوەیەتی کە لەو ماوەیەدا سەرمایە و داهاتەکەی زیادناکات. زۆربەی دەوڵەتانی دنیاش پاکێجی ئابوورییان هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەمەندانە و کۆمپانیاکانیان نەکەون. چونکە ئابووریی وڵاتان پێیان دادەتەپێ و لەڕاستیشدا ئێستا هەموو دنیا دەستی لەسەر دڵییەتی کە داتەپینێکی ئابووریی کارەساتباری جیهانی ڕوونەدات. هەر ئەو دەوڵەمەند و کەسە ناسراوانەی ناویان لە هەواڵەکاندا دەبیستین، کێشەی ئەوەیان نییە کە لەسەردەمی کەمیی تێستی کۆرۆنادا تێستی تایبەتیان بۆ بکرێت. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو. هەروەها وەک ڕۆژنامەی ئێن ئێر سێیی هۆڵەندی باسیکردووە، لە ڕووسیا دەوڵەمەندەکان لەئێستاوە دەستیان بە درووستکردنی نەخۆشخانەی بچووکی تایبەت بەخۆیان کردووە، بۆ ئەوەی ئەگەر تووشبوون، لەوێ پارێزراوبن و ڕزگاربکرێن. زۆر سادەتریش بیر لەوە بکەنەوە کە دەوڵەمەندێک کە ڤێللای گەورەی هەیە و مەلەوانگە و یاریگەی هەیە و سینەمای تایبەتی لەنێو ماڵەکەیدا هەیە، بۆی قوورسترە لە ماڵەکەیدا بمێنێتەوە یان کەسێک کە پێنج سەر خێزانە و لە خانووێکی دوو ژووریدا دەژیت و هەر بیریشی لای ئەوەیە کە چۆن کۆرۆنا قووتی ژیانی منداڵەکانی دەبڕێت؟ وابزانم وەڵامەکە دیارە!
لەسەر ئاستی دەوڵەتانیش ئەوانەی پارەی زۆرتریان هەیە و دەتوانن هەم سیستمی تەندرووستیی ڕێکوپێکتریان هەبێ و هەم کەرەستەی پزیشکیی زۆرتریش لە چین و شوێنەکانی دیکەی جیهانەوە ئۆردەربکەن، لەئاییندەدا چانسی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان زیاترە لەو وڵاتانەی نە سیستمەکەیان بەکەڵکدێت و نە پارەی کڕینی کەرەستەشیان هەیە. ئالانا شەیخ، کە نووسەر و پسپۆڕێکی بواری پەتایە، نموونەیەکی جوان دەهێنێتەوە کاتێک دەڵێت: “لە هەندێک شوێنی ئەفریقیا هەر زوو دەیانزانی پەتای ئیبۆلا سەریهەڵداوە، بەڵام پارە و کەرەستەی پێویستیان نەبوو بۆ ئەوەی نەهێڵن بڵاوببێتەوە”. بۆیە ئەوە قسەیەکی ڕاست نییە ئەگەر بڵێین کۆرۆنا جیاوازی لەنێوان هەژار و دەوڵەمەنددا ناکات.
لەبەر ئەو ڕاستییانەشە کە لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە لە گۆشەکەمدا لە ڕووداو دەنووسم: مەسەلەی کۆرۆنا، بەتایبەتی بۆ کوردستان، پەیوەندیی بە ئاساییشی نیشتمانییەوە هەیە. بۆیەش حکومەت بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ماڵەکانیاندا و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی، هەر ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، تەنانەت ئەگەر زۆر تووندیش بێت، لەجێگەی خۆیدایە. پێیناوێ بیرتان بهێنمەوە کە سیستمی تەندرووستیی کوردستان چەندە چاکسازیی دەوێت. ئەگەر خوانەکردە لە کوردستان کۆرۆنا تەشەنە بکات، سەت خۆزگە بە دۆخی ئێران دەخوازین، کە سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو نەخۆشخانە و پزیشکە کارامانە، کەوتووەتە ژێر گوشارێکی یەکجار کەمەرشکێنەوە. جا قسەکانی ئایەتوڵڵا خامنەییش لەولا بوەستێ کە هێشتاش پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات پیلان و شەڕی بایۆلۆژییە! ئێمە تا دوێنێش بۆ نەخۆشییەکی سادەش خەڵکمان دەچووە ئێران. ئەوان ئێستا ئاوایان لێهاتبێ، وای بە حاڵی ئێمە ئەگەر بگەینە ئەو قۆناخە! [1]