پاشەڕۆ (گوو) لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
پیسایی و پاشماوە و پاشەڕۆی مرۆڤ بەناوە بازاڕی و ڕەشۆکییەکەی دەوترێت: گوو، کە له زۆر ئیدیۆم و میتافۆڕ (خواستن) و جنێو و پلار و توانجدا بەکاردەهێنرێت، بەنموونە: گووییان پێکرد، واتە شڕوپڕ و ڕەزیل و بارێکی قوورسیان خستەسەر، بەڵام بۆ تەمێکردن و تۆڵەکردنەوە و سزادانی کەسێک دەوترێت: گووییان پێ خوارد، وەکوو جنێویش به شێوازێکی تووند و ڕەق لەئاخاوتن بەکاردەهێنرێت وەکوو جنێوەکانی ( گوو بەڕیشی بابت، گووتخوارد، گووی دەخۆی، گوو بە گۆڕی بابت، گووخۆڕ) هەروەها بەکەسێکی خۆهەڵقوڕتێن لە کارێک کە پەیوەندی بەوەوە نەبێت بەتووندی بەرپەرچدەدرێتەوە و دەوترێت: گوو خۆری کێی؟، بەهەمان شێوەش بۆ وەڵامدانەوەی قسە و کارێکی کەسانێک کە دڵی کەسێک بڕەنجێنێت و ببێتە مایەی نیگەرانی و بەناڕەزاییەوە وەڵامیان دەدرێتەوە و دەوترێت: گووییان خوارد، جارجاریش بۆ ڕق لێ بوونەوە و بێ رێزی و هەڕەشە وتراوە: ئێستا پڕی دەوی-دەمی گوو نەکەی، هەندێجاریش کەسێک هیچی تیابەستە نییە و دەیەوێت کاری زیاتریشی بۆ ئەنجام بدرێت بەتەوسەوە پێی دەوترێت: بۆنی گووت خۆشە، بەخەڵکانێکی قسە زل و عەمەل مەندە و بێکار کە هیچی پێ نەکرێت دەوترێت: گوو گەورە، گوو لەودە، زۆرجارانیش پێیان وتراوە: گووکەر واتە هیچ لەبارایاندا نییە و ناتوانن کارێکت بەرانبەر بکەن، ئەگەر کارێکیش نەگاتە کۆتایی و چارەسەر بوون ئاڵۆزی و تەنگەتاوی و شەڕ و شۆڕی لێ بکەوێتەوە و چارەسەری ئاسان نەبێت دەوترێت: گوو بە گوو بوو، بە ئاوەڕۆی گەنیوو و چڵکاوی نۆین و یاپی کوردەواری و ئاوەڕۆکان دەوترێت: گوواو، بەکەسێکی پیس وپەلۆس و پۆخڵ و نەخۆر و نەشۆڕیش دەوترێت: گوواوی، هەر لەسەر گوواو نموونەیەک هاتووە دەڵێت: مەشۆوە بەگواوێ، چاکەی دوایێم ناوێ) زۆرجاران کەسێک، کەسێک ڕەزیل و سەرکۆنە دەکات بەڵام جارێکیش ستایشی دەکات، بەڵام ئەوەی سەرکۆنە کراوە بە نیگەرانییەوە دەڵێت: مەمشۆوە بەگوواوێ، چاکەی دوایێم ناوێ، هەندێجار لەبەر بێ نرخی شتێک و کەسێک کە هیچ شوێن و پایەکی نەبێت و بەخۆیدا هەڵبدات بەتەوسەوە پێی دەوترێت: کەس گوو بەکڵاوت ناپێوێت، واتە بۆ شتی بێ کەڵک و کەپەک و بێ نرخیش پرست پێ ناکرێت.[1]