ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی #23-05-2023# #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەچێس شازادە سۆفی هاوسەری میر ئیدواردی دەچی ئەدنبەرەی برای شا چارلسی شای بەریتانیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق و کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و سوپاسی بەردەوامیی هاریکاریی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کرد.
دەچێسی ئەدنبرە، کوورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە برەودانە بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەریان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دووچاری شەڕ و نائارامی بوونەتەوە، لەوانە ئافرەتان و منداڵانی ئێزیدی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. لەمبارەیەوە جەخت لە پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کرایەوە.
سەرۆکی حکومەت، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پەرەپێدانی بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان دووپات کردەوە.
دۆخی بە یەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی کواڵیتیی خوێندن و دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ئافرەتان و منداڵان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. [1]