#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە ماکیسم ڕوبین کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە #هەولێر# و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی ناوخۆی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و #بەغدا# تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی #23-05-2023# لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەسەر بارودۆخی ناوخۆی کوردستان و لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ناکۆکییەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن ناکۆکییەکان کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان درووست بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هەردوولادابێت.
باسی لەوەش کرد دوای ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری و ناکۆکی، هاووڵاتییانی ئێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە سەقامگیری زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت دۆخی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرێت و پێکەوە کار بۆ گەشەپێدانی ئابووری بکەین. [1]