وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆکان بەڕووی جووتیاران دا دەکاتەوە و بەمەش جوتیارانی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ''ڕۆژی پێنجشەممە #25-05-2023#، سایلۆکان بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی 2023ی جوتیاران بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە.''
ئەمساڵ 2023 بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگێڕا و لە پشکنینەکان دەرچوو.
بۆ ئەمساڵ، 375 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بەڕێوەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە 40 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمساڵ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێدەدرێت. [1]