دەوەن بە ئاشە.
پێشوان لەم بارەیەوە دەڵێن: کابرایەک باراش دەبات بۆ ئاش، لە ڕێگە لەنزیک دەوەنێک، دەگات بە پیاوێک کە لە ئاش گەڕاوەتەوە و گەنمەکەی کردووە بە ئارد، سڵاو لەیەک دەکەن، کابرای باراش پرسیاری ئاشەکە لە پیاوەکەی تر دەکات و دەڵێت: دۆخی ئاشەکە چۆنە؟ ئەویش دەڵێت: ئاشەکە زۆر قەرەباڵغە! بەرناکەوێ، خەڵکی خەریکی نۆبەبڕییە! کابرای باراشیش دەڵێت: من لەوێبوومایە، نەمدەهێشت کەس نۆبەبڕیم لێبکات، گەر تۆش بیت. هەردووکیان دەبێت بە دەمەبۆڵەیان، ئەو کابرایەی باراشی ئاردی پێیە دەڵێت: وەرە با گرەوێک بکەین، گریمان ئەو دەوەنە ئاشەکەیە، من بارە ئاردەکەمی تێدەکەم و تۆش مەیەڵە، بزانە قسەی کاممانە. کابرا دەست دەداتە ئاردەکەی و دەیەوێت بیکاتە دەوەنەکەوە، ئەم کابرای تر ناهێڵێت و دەیەوێت بارە گەنمەکەی خۆی تێکا، یەکتر ڕادەپسکێنن، وەردە وردە گەنمەکە و ئاردەکە دەڕژێتە ناو دەوەنەکەوە و بەبادەچێ و هیچی نامێنێتەوە. ئەم پەندە بۆ دوو کەس بەکاردێ کە لەسەر شتێکی هیچ و پوچ دەمەقاڵی و شەڕبکەن و بچن بەگژیەکدا، لەو بگرەوبەردەیەدا هەردووکیان زەرەرمەندبن.[1]