ناونیشانی بابەت: ئافرەت و ڕاوچییەکانی چاخی بەردین
ئامادەکردن: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان، بەر لە 2 ملیۆن ساڵ باوانی ئێمە بریتی بوون لە کۆمەڵێک مرۆی ڕوتوڕەجاڵی ڕاوکەر و کۆکەرەوەی بەرهەمی سرووشتی، ئەو سەردەمە پێی گوتراوە چاخی بەردین، مرۆ لەو سەردەمانە تەنیا پشتی بە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمە ڕوەکییەکان بەستوە بۆ مانەوەی، دیارە ڕاوکردنیش بەبێ چەک و پێداویستیی ڕاوکردن ئاسان نەبووە بۆیە باوانمان دەبو زۆر ئازا و بەهێز و چاوکراوە بن تا بتوانن نانی ڕۆژ پەیدابکەن و نەبن بە نێچیری ئاژەڵە دڕندەکان.
دیارە ڕاوکردن کاری نێر بووە چونکە لەلایەک نێرەکان بەهێزتربوون لە ڕوی جەستەییەوە، لەلایەکی تریشەوە مێیەکان خەریکی منداڵ و کاری تر بوون. نێر لە چاخی بەردین دەبو چەندین ساڵ ژیانێکی سەخت بەسەرببات تا فێری ڕاو ببێت ، هەندێ جاریش دەبو بە کۆمەڵ ڕاوبکەن چونکە ئاژەڵان هەم گەورە و هەم خێرا بوون و مەحاڵ بووە کەسێک بە تەنیا بتوانێ ئاژەڵێکی خێرای وەک ئاسک یا بەهێزی وەک گامێش ڕاوبکات، جگەلەوەش خۆپاراستن لە دڕندەی وەک شێر و پڵنگ و ورچ بەتەنیا ئاسان نەبووە.
نێر هەر لە کۆنەوە لەسەر ڕاوکردن ڕاهاتووە تا ڕاوکردن بووەتە بەشێک لە ژیان و کەسایەتیی، تەنانەت کاتێک زۆریش پێشکەوتووە و هیچ پێویستیی بە ڕاوکردن نەبووە دەسبەرداری ئەو سرووشتەی نەبووە و ئێستاش هەر حەزی لە ڕاوکردن هەیە.
ئاشکرایە کە نێر حەزی لە ئاڵنگاری و دەست گەیشتنە بەو شتانەی زۆربەی خەڵکی دەستیان پێی ناگات، لەپێناو ئەمەشدا زۆرجار تووشی بەرەنگاری و ترس و تەنانەت کوشتنیش دەبێتەوە، زۆرن نموونەی ئەوانەی لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات یا خۆشەویستیی کەسێک گیانی خۆیان بەخشیوە، ئەگەر سەرنجی مێژوی دور و نزیکیش بدەین دەبینین کە نێرەکان چۆن لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات و ماڵ و موڵک و ئارەزووەکانیان چۆن جیهانیان وێران کردووە و وێرانی دەکەن! دیارە ڕاوکردن و سەرکێشی لە خوێنماندایە.
نێر حەزی لە بەدەسهێنانی هەموو شتێکە و حەزدەکا هەموو شتەکان بکاتە موڵکی خۆی، بە پێچەوانەی مێ، کە حەزدەکا ببەخشێ و شتەکان جوانتر و گەورەتر بکات، کاتێک دڵۆپێک ئاو بە مێ پێ دەبەخشیت ئەو منداڵێکت پێ دەبەخشێ، سەبەتەیەک میوە و سەوزەی پێ بدەیت، ئەو ژەمە خواردنێکی جوان و بەتامت پێشکەش دەکات، خانوێکی ڕەق و سارد پێ بدەیت ، ماڵێکی گەرموگوڕت پێشکەش دەکات.
نێرەکان هەمیشە داوا دەکەن و داوا دەکەن، داواکارییەکانیان تەواو نابێت، نێرەکان وەک منداڵن، کاتێک شتێکیان ویستی هەردەبێ بە دەستی بێنن ئەگینا دنیا وێران دەکەن گەر لە دەستیان بێت. نێرەکان کاتێک گەورەش دەبن هەر منداڵن، بەڵام منداڵێکی گەورە.
وەک ئاماژەمان پێکرد ، نێرەکان حەزیان لە موڵکدارییە و حەزدەکەن شتەکان بکەن بە موڵکی خۆیان، لای ئەوان هەموو شتەکان دەبێ موڵکی خۆیان بن، لای نێر تەنیا ئەو شتانەخۆشەویستن کە دەستیا پێی ناگات، کاتێکیش دەستیان پێگەیشت خولیایەکی تر پەیدا دەبێت. مەرج نییە شتەکان پێویست بن، وەک ڕاوکردن و سەردەمی ئەمڕۆ، پێویست نییە بەڵام زۆر جار تەنیا بۆ تێرکردنی غرورە.
ئەوەی باسمان کردووە تا ئێستا نێر و مێ بوون، نەک پیاو و ئافرەت، هەموو پیاوێک نێرە بەڵام مەرج نییە هەموو نێرێک پیاو بێت، بە هەمان شێوەش هەموو ئافرەتێک مێیە بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو مێیەک ئافرەت نییە، ئەگەر ئافرەت بڕیاری دا ببێتە کالا ئەوا دەبێتە نێچیر بێگومان ئەوکاتەش نێرەکان هەوڵی ڕاوکردنی دەدەن، هەرکاتێکیش ڕاوکرا و بو بە کالا ئیتر نابێتەوە بە ئافرەتە جوان و پیرۆزەکەی جاران، ئەو ئافرەتەی کە خودا و پەیامبەرانیش ستایشیان کردووە.
لە سەردەمانی زو پێوەری بەهێزی تەنیا هێزی جەستە و ماسوولکەکان بو کە دیارە نێرەکان لەوەیاندا براوەن ، بەڵام ئەمڕۆ پێوەرەکانی هێز گۆڕاون، ئەقڵ و مەعریفە و تەکنۆلۆجیا جێگەی بە هێز و ماسوولکە لەق کردووە و زۆر جاریش دەبینین مێیەکان لە نێرەکان زۆر بەهێزترن.
ئافرەت دەبێ هێزی خۆی بزانێت و بڕوای بەخۆی هەبێت، دەبێ هەمیشە هەوڵبدات نەبێت بە کالا، بۆ ئەوەش نابێ ببێتە موڵکی هیچ کەس تەنانەت هاوسەری خۆیشی، چونکە موڵکداری تەنیا بۆ کالایە، کاتێکیش خۆت بڕیارت دا ببیت بە موڵکی کەسێک نابێ گلەیی لە سەرەنجامی ئەم مامەڵەیە بکەیت، لە بیریشمان نەچێ نێر خەسڵەتی ڕاوکردنی سەردەمی چاخی بەردینی هەرتێدا ماوە و کاتێک دەستی بە کالایەک گەیشت و بو بە موڵکی خۆی ئەوا کالاکە بەهای جارانی نامینێ، هەر شتێکیش کرا بە موڵک ئەوا خاوەنەکەی ئازادە بە هەر شێوەیەک کە پێێ خۆشبێ بەکاری بێنێ و ڕەفتاری لەگەڵدا بکا، بۆیە زۆر جار ئەو ئافرەتانەی کە بوونەتە کالا و نێچیر تووشی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن نێرەکانەوە. نێرەکانی سەردەم هێشتا بە لۆجیکی چاخی بەردین کاردەکەن، لای ئەوان هێشتا هێزی ماسوولکە کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە، لەبەرانبەردا پیاوەکان توندوتیژی بەرانبەر هیچ کەس ناکەن چونکە ڕاوکردن لای ئەوان سەردەمی بەسەرچووە و لەجیاتی ماسوولکە و هێز ئەقڵ و لۆجیک کێشەکان چارەسەردەکەن. پیاوەکان ، پێچەوانەی نێرەکان، بەهای خۆشەویستی و هاوژیانی و ڕێز دەزانن و مرۆڤەکان ناکەن بە موڵک و کالا.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا نێرینە زۆرن و پیاوەکانیش کەم ، نێربوون بژاردەی سرووشتە بەڵام پیاوبوون بژاردەی خۆتە. هەوڵدە پیاو بیت نەک نێر. [1]