ناونیشان: کودەتا لە سەردەمی کۆرۆنا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #30-03-2020#
ئەوەی لە کاژێرەکانی ڕابردوودا لە ئێراق ڕوویداوە، لە دوکەڵی بەر لە ئاگری کودەتایەک لە سەردەمی کۆرۆنادا دەچێت. کودەتایەک کە مەرج نییە خوێناوی بێت، بەڵام دەرهاویشتەکانی بۆ ئێراق بەخێر ناشکێنەوە.
هەرچەندە ئەمریکا وا دەریدەخات کە هێشتا عەدنان زورفیی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئێراق بەباشی ناناسێ. ئەمەش لە قسەکانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا دەرکەوت کە بۆ کۆنگرێس قسەیدەکرد، بەڵام نە ئەو و نەبەرپرسانی دیکەی ئەمریکاش نەیانشاردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک پشتیووانیی دەکەن. ئەمەش قسەی بەرپرسانی فەتح دەکاتە ڕاستی کە دەڵێن سەرۆککۆماری ئێراق لەژێر گوشاری دەستووریدا و هەر بە ڕێکەوت زورفیی دانەناوە، بەڵکوو ئەمریکییەکان پێیان داناوە.
زورفی لە کاژێرەکانی ڕابردوودا هەم لەنێو پەڕڵەمانی ئێراق ئیشی باشی بۆخۆی کردووە و هەم هەوڵی ئەهوەنکردنەوەی ئێران و حەشدیشی داوە، بۆیە ئەگەر دیسان موقتەدا پەشیمان نەبێتەوە، ڕەنگە ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئێراق. بەڵام ئەو جموجۆڵانەی لەڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە لە ئێراق هەن، گریمانەی ئەوە بەهێزتر دەکەن کە مەرج نییە کۆتایی یارییەکە بە شێوازێکی دیموکرسییانە بێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریکاش لە بەردەم کۆنگرێس هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەمریکای لە ئێراقدا، لەپاش هێرشەکەی تاجی، ڕوونکردەوە. ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت ئەم جارە بەجدی سنوورێک بۆ ڕۆڵی #حەشدی شەعبی#یەکەی ژێر هەژموونی ئێران دابنێت. هەڵوەشانەوە یان تێکەڵبوونی چوار هێزەکەی حەشد لەگەڵ سوپای ئێراق، کە بەوە ناسرابوون دڵسۆزییان بۆ سیستانی هەیە نەک خامنەیی، ئەویش دوای دیداریان لەگەڵ نوێنەری سیستانی، وا لێکدەدرێتەوە کە ئامادەکاری بێت بۆ دەرچوونی فەتوایەکی نوێ لەلایەن سیستانییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.
ئەو پلانەش کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی پێکردووە و تێیدا دەردەکەوێ ئەمریکا گەنگەشەی لێدانی حەشدی ئێرانیی لە ئێراقدا کردووە. وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرێس گوتی: کە ئەوان بەتەمای لێدانی ئێران لەنێو خاکی ئێران نین، بەڵام لەنێو ئێراق دەزانن چیدەکەن. بۆیە ئەمڕۆژانە هەندێک لە سەرکردە زۆر ناسراوەکانی حەشد، وەک قەیس خەزعەلی، هەوڵی هێورکردنەوە دەدەن و هانی هێزەکانی نێو حەشد دەدەن کە دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن.
ئەوەی گریمانەی ئەگەری ڕوودانی کودەتایەکی خوێناوی یان ناخوێناویی زیادتر کردووە، کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەمریکایە لە بەغدا و #هەولێر#. هەرچەندە پاساوەکە پەتای کۆڤید نۆزدەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: مادام وایە بۆچی ئەمریکا نوێنەرایەتییەکانی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیاش چۆڵناکات؟ ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە تاوەکوو ئێستا ئێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەی بەچاکی کۆنترۆڵکردووە. هەرێمی کوردستانیش دوو جار لە ئێراق باشترە لەسەردەمی کۆرۆنادا.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت جاران قاسم سولەیمانی هەبووە و لە بەغدا دانیشتووە و سەرۆکوەزیرانی داناوە، بەڵام ئێستا ئەو نەماوە و دۆخەکە گۆڕاوە. ئەمەش بەناڕاستەوخۆ داننانی بەرپرسانی ئەمریکایە بەوەدا کە جاران کەسێک هەبوو لە ئێراق دەیتوانی نەهێڵێ قەیرانە سیاسییەکان، کە نە بەرژەوەندیی ئەمریکا و نە ئێرانیشیان تێدایە، بەردەوام بن.
ئێستا کە قاسم سولەیمانی نەماوە، کاری هەموان قوورس بووە. وەک دەشزانین لە ئێراقدا قەت پڕۆسەی سیاسی لە ڕێگەی تەواو دیموکراسییەوە وەجووڵە نەکەوتووەتەوە و هەمیشە دەستەکانی پشت پڕۆسە دیموکراسییەکە عەرەبانەکەیان جووڵاندووە. بۆیە ئەمجارەش ڕێی تێدەچێ کودەتایەک عەرەبانەکە بجووڵێنێ، بەڵام بەرەو کام هەڵدێری دەبات؟ هێشتا نازانین! [1]