ناونیشان: ئامادەبن بۆ کۆڤید-2020
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #08-04-2020#
لە شوێنەکانی دیکەی جیهان، بە کوردستانیشەوە، ئەوەی دڵەڕاوکێ درووستدەکات کۆرۆنا سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی پاش کۆڤید-19ن کە دەکرێ ناویان لێبندرێ کۆڤید-2020. لەمڕۆژانەدا بۆ ڕووداو هەڤپەیڤینم لەگەڵ بەشێک لە بڕیارسازان و ئاگادارانی جیهان هەبووە لەبارەی جیهان لە سەردەم و پاش سەردەمی کۆرۆنادا.
بەو قسانەی لەوانەوە بیستوومە و بەوەش کە لێمکۆڵیوەتەوە، تێیگەیشتووم کاریگەرییەکانی پەتاکە لە کوورتمەودا و درێژمەودا جیاوازدەبن، بەڵام ئێمە بۆ هیچیان ئامادەنین.
پێش هەموو شتێک ئەوەی پێیوابێ دیموکراسی لە قۆناخی پاش کۆڤید-19 پاشەکشە دەکات، بەهەڵەدا چووە. هەروەها ئەوەیش کە پێیوابێ سیستمی ئابووریی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی لیبراڵ دادەڕمێ و شتێکی نوێ شوێنی دەگرێتەوە، ئەوە کەسێکی ئایدیالیستە و ئەوە دەڵێت کە ئاواتی بۆ دەخوازێ نەک ئەوەی کە ڕوودەدات و ژمارەکان و زانست دەریدەخات. بەڵام ئەوەی پێشیوابێ سیستمەکە وەکوو پێش غافڵگیربوونی وڵاتانی ڕۆژاوا و گیرۆدەبوونیان بە پەتاکەی لێدێتەوە، ئەوانیش تێینەگەیشتوون.
قەیرانێکی ئابووری لەو وڵاتانەدا بەڕێوەیە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی پیشەسازی دەبێت، بەڵام لەو حاڵەتەشدا دۆخی ئەو وڵاتانە باشتر دەبێت لەو دەوڵەتانەی سیستمی ئابووریی لەرزۆک و حکومەتی گەندەڵ و ناکارایان هەیە. هۆیەکەشی ڕوونە: لە ڕۆژاوا ڕەوڕەوەی پیشەسازی ڕاوەستێندراوە و وردەوردە بە سیستم دەجووڵێتەوە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە ڕەوڕەوەیەک نییە تا جارێکی دیکە بجووڵێتەوە و قەبارەی زیان و قەرزەکانیش (نەک گەشە و پێشکەوتن) ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن. ئەوەی چاوەڕواندەکرێت ڕووبدات ئەوەیە کە لە کوورتمەودادا دەوڵەتانی لیبراڵ هەوڵبدەن ئابوورییەکانیان کەمترین پشتبەستووییان بە دنیای دەرەوەی خۆیان هەبێت، بەڵام لە درێژمەودادا ناتوانن درێژە بەمە بدەن و گەشەی ئابووری پێویستی بە گەورەکردنی بازاڕ و ئاڵووێری سنووربڕ دەبێت. بۆیە ئەوکات دەوڵەتان بەهێزی زۆرترەوە و بە ڕیسکی کەمترەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە.
هەرچەندە لە هەفتەکانی ڕابردوودا زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی بنەماکانی دیموکراسییان تەنیا لە دەستووردا نا، بەڵکوو لە فەرهەنگیشیاندا چەسپاندووە، ناچاربوون بە مۆدێلی ئیلهاموەرگرتوو لە تۆتالیتاریی چینی (واتە قەرەنتینەکردنی تەواوی کۆمەڵگە) شەڕیکۆڤید-19 بکەن، بەڵام ئەمە لە درێژمەودادا ناتوانێ بەردەوام بێت.
سیستمی دیموکراسی هەر ئەوە نییە کە خەڵک ئازادیی هەبێت، بەڵکوو ئەوەشە کە چۆن چاودێری بێمنەت و گەرەنتیکراو هەبن بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکردنی ئەو ئازادییانە. ئێستا لە وڵاتانی وەکوو ئەڵمانیا و هۆڵەندا، کە من لەنزیکەوە تێیاندا شاهیدی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لەکۆڤید-19م، ئازادییەکان سنووردارکراون، بەڵام میدیا و دادگا چاودێرن بەسەر دەوڵەتەوە تاوەکوو بەخراپ سوودیان لێوەرنەگرێت.
هەروەها دەوڵەت لەخۆیەوە و بەبێ بەرنامە نەیتوانیوە ئازادییەکان سنوورداربکات و خەڵک قەرەنتینە بکات، بەڵکوو لە پەڕڵەمان و میدیاشدا گەنگەشەی ورد و لێپرسینەوە کراوە لەوەی کە بۆ نموونە چۆن گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە ماڵبات پێکەوە بمێننەوە، خەڵک بۆ پێویستییە ڕۆژانەییەکانیان بتوانن بچنە دەرەوە و ئازادیی پیاسەیەکی پارک یان وەرزشیان بمێنێ. بەپێچەوانەی ڕەشبینەکانەوە، من پێم وایە مرۆڤی نێو کۆمەڵگەی دیموکراسی وا پەروەردە بوون کە هۆشیارتر بن و کاتێک تێیانگەیەنرا، باشتر بەشداربن لە پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی. هۆیەکی کۆنترۆڵکردنی سەرکەوتووی قەیرانەکە لە ئەڵمانیا و پێشتریش لە کۆریای باشوور هەر ئەوەیە. ئەوەی کە لە ئێرانی نادیموکراسیدا کارەسات قەوما هەر ئەوەبوو کە جگە لە کەمتەرخەمیی دەوڵەت، خەڵکیش زۆر متمانەیان بە ڕاستگۆیی دەوڵەت نەبوو.
ڕاستییەکەی هەر بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بەرهەمی مامەڵەی نادیموکراسییانەی چین بوو لەگەڵ ئەو هۆشدارییانەی لەسەرەتادا دران و ئینکارکران و ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان گیرا. هەر ئەو سیستمە نادیموکراسییەش وایکرد کە هەڵگرانی پەتاکە لە وهانەوە بە دنیادا بڵاوببنەوە. ئەوەی کە ئێستا جارێکی دیکە ژیان بۆ وهان دەگەڕێتەوە پەیوەندیی بەو ماوە درێژەوە هەیە کە پەتاکە لەوێ بە سووڕی خۆیدا تێپەڕیوە و سیستمە بەرگرییەکە و دابڕاندنەکە درووستبووە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە لە شوێنەکانی دیکەی چین دیسان سەرهەڵنەداتەوە.
یەکێک لە دڵەڕاوکێکان لەبارەی ئەو دەستئاوەڵاییەیە کە حکومەتەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ چاودێریی هاووڵاتییان پێیگەیشتوون، بەڵام بەڕاستی ئەمەش لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و ئەوە لەبیرکراوە کە ئەو پڕۆسەی کەمبوونەوەی پرایڤسییە لەپێش کۆرۆناوە دەستی پێ کردبوو. بە جۆرێک کە یەکێتیی ئەوروپا ناچاربوو بە یاسا وڵاتانی ئەندام و کۆمپانیاکانی ناویان ناچار بکات کە پرایڤسیی هاووڵاتییانی ئەوروپایی بپارێزن. سیستمی چاودێریی چینی کە پێکهاتووە لە هەزاران کامێرا و چەندین ئەپلیکەیشین و ملیۆنەها داتای ئۆنڵاینی هاووڵاتییان لە سیستمێکی تۆتالیتایدا بۆ سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنیش کەڵکی دەبێت، بەڵام لە سیستمە دیموکراسییەکاندا تاوانەکانی وەکوو تیرۆریزم، پارە سپیکردنەوە، نەژادپەرستی و چەندین جۆر تاوانی دیکە کۆنترۆڵدەکات و مەترسیی گەورەی لەسەر هاووڵاتیی ئاسایی تاواننەکار نییە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لەوێ حیزب و سەرۆک و ژەنەڕاڵ ناتوانن بڕیار لە چارەنووسی خەڵک بدەن و دادگا و میدیا و پەڕڵەمان هەن کە لە مافەکانیان دەپر#سنە#وە.
ئەمە بۆ کوردستانیش ڕاستە. دەبێ لەئێستاوە بۆ قۆناخی پاش کۆرۆنا هەوڵی هەموان بەو ئاڕاستەیەدا بێت کە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەهێزتر بکرێن و یاسای ڕوونیش بۆ سنووردارکردنی کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتییان و پێشێلکردنی پرایڤسییان دەربچن. ئەمە وادەکات ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی ئێستا شەرعین و لە خۆپارێزی بەرانبەرکۆڤید-19 لە کوردستان باشن کە گیراونەتەبەر، لەدوای تەواوبوونی پەتاکە بە بیانووی دیکە نەگیرێنەبەر.
لەپێش کۆرۆناش ڕۆڵی براگەورەیی ئەمریکا، بەتایبەتیش لەسەردەمی ترەمپدا، کاڵببووەوە، بەڵام لێرەوە و بۆ دوای ئەوەش کاڵتر دەبێتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە براگەورایەتیی ئەمریکا تەنیا لەڕووی سەربازی و ئابووری و تەنانەت کولتوریشەوە پێویستی نەبووە بۆ جیهانی دیموکراسی، بەڵکوو پەیوەندیشی بەوەوە هەبووە کە لە قەیرانەکاندا ئەمریکا فراوانتر لە سنوورەکانی ویلایەتەکانی بیری لە جیهان کردووەتەوە و سەرکردایەتیی دەوڵەتانی دیکەی کردووە لەو قەیرانانەدا و سەریشکەوتووە؛ بەڵام لە قەیرانی ئەمجارەدا ئەمریکای ترەمپ نەک وەک خەمخۆری جیهان دەرناکەوێ بەڵکوو وەک میدیای ئەڵمانی دەڵێن وەک چەتەی مۆدێرن خۆی پیشاندەدات، کە بەرژەوەندیی هاوپەیمانە نزیکەکانیشی بەلاوە گرنگ نییە.
بۆیە ڕەنگە لە کوورتمەودادا ئەمریکا بەبەهێزی بمێنێتەوە، بەڵام ترەمپ واقیعی دوو جەمسەری و فرەجەمسەریی دنیا، کە تێیدا بڕیارەکان تەنیا لە واشنتنەوە نا بەڵکوو بەهاوبەشی لەگەڵ پەکین و ڕەنگە پایتەختی دیکەی دنیاش دەردەچن خێراتر دەکات. هەڵبەت ئەمە سیناریۆ ئەهوەنەکەیە و هەندێککەس پێیانوایە دۆخەکە تا ئاستی بەرپابوونی شەڕیش لەنێوان ئەمریکا و چیندا دەڕوات.
بۆ کوردستان زۆر گرنگە ئەو گۆڕانکارییانە بەباشی ببینێ و بخوێنێتەوە. ئێمە گەلێکی تەواو نائامادەین بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، بەڵام دەتوانین ئیشیان لەسەربکەین. ئەو خۆئامادەکردنەش ئەگەر بۆ ئەوروپییەکان جارێک پێویست بێت و بۆ ئێرانییەکان دە جار پێویستتر بێت، بۆ گەلێکی بچووک و هەڕەشەلێکراوی وەکوو کوردستان سەت جار پێویستترە. [1]