ناونیشان: لامەرکەزی زولفەقارە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #14-05-2020#
هەرچەندە دیارە بۆچی گەرمکردنی باسی لامەرکەزی لە #سلێمانی#یەوە ئێستا ڕوودەدات، بەڵام ئەوانەی بە دڵێکی پاکەوە باسیدەکەن، قسەی خراپ ناکەن. لامەرکەزی واتە ئاسانکردن و کاریگەرترکردنی حوکمڕانی لەپێناوی خزمەتی خەڵک، بەڵام ئەگەر بە کرچوکاڵی و زووتر لە کاتی خۆی جێبەجێ بکرێت، زیانی لە قازانجی زیاترە.
ئەمڕۆژانە لە هەڵمەتی خۆپاراستن لە کۆرۆنادا ترەمپیش بەدەست لامەرکەزییەوە گیری خواردووە. حاکمی زۆر لە ویلایەتەکانی ئەمریکا (کە وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم وان) هەموو شتێک بە قسەی ترەمپ ناکەن و زۆرجار بەپێچەوانەی ئەویش دەکەن. سیستەمی فیدراڵیی ئەمریکی وایکردووە ویلایەتەکان دەسەڵاتی زۆریان هەبێ و بەسوودوەرگرتن لەو لامەرکەزییەی هەیانە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن. هەمان شت لە ئەڵمانیاش هەیە. هەرچەندە مێرکل حوکمڕانی ئەڵمانیایە، بەڵام ئەم ماوەیە کێشەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمەکانی ئەڵمانیا (بەتایبەتیش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن) هەبوو کە لە پارتەکەی خۆشیەتی. ئەو سەرئێشانەی مێرکل و ترەمپ لەگەڵ سیستەمە لامەرکەزییەکانیاندا هەیانە بۆ دەوڵەتەکانیان ئاساییە و خراپیش نییە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لەو سیستەمانەدا دەسەڵاتی یاسا سەروەرە و دەسەڵاتی لۆکاڵیی یاسادانان و چاودێریی شار و ویلایەت و هەرێمەکانیان هێندە کاریگەرن کەدەتوانن ڕێگەبگرن لەوەی کە حاکمێک یان سەرۆکی هەرێمێک یان تەنانەت سەرۆکی شارەوانیی شارێکی بچووکیش خراپ کەڵک لە دەسەڵات و سیستەمی لامەرکەزی وەربگرێت، بەڵام هەمان شت بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نییە و لامەرکەزی وەک شمشێری زولفەقارە.
ئەوەی کە دەگوترێت پێویست نییە بۆ هەموو شت هەموو پارێزگاکان بگەڕێنەوە #هەولێر# زۆر ڕاستە. هەر هەقیش نییە پایتەخت بەو هەموو بیرۆکراتییەوە سەرقاڵ بکرێ و دەبێ لەجیاتی ئەوە حکومەت خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەکەی بێت بۆ پەرەپێدانی کوردستان و بەهێزکردنی. بۆیەش ئەگەر بەو شێوەیە داوای لامەرکەزی بکرێ، ڕاستە و پێویستە پەلەبکرێ لە جێبەجێکردنی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سلێمانییەوە باسدەکرێ زۆرتر بیرۆکەی درووستکردنی (هەرێمەکانی کوردستان) ە و شینەکە بۆ شتێکی دیکەیە، کە بەکوورتییەکەی ئەوەیە یەکێتی دەیەوێ وەکچۆن کێشە نێوخۆییەکانی بە سیستەمی هاوسەرۆکی سڕکرد، ئاواش کارتی لامەرکەزی بەکاربهێنێ بۆ چەسپاندنی ئەوەی کە بە کردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکێکی نەبێ، بەڵکوو هاوسەرۆکی هەبن. ئەمەش واتە درێژەدان بە دووئیدارەیی و عاقیبەتیشی، وەک #نێچیرڤان بارزانی# گوتی، سفر ئیدارەییە.
بۆ ئەم قۆناخە بۆ یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش باشترە شەڕ لەسەر کاریگەرترکردنی بەشدارییان لەحوکمڕانیدا لە هەولێر بکەن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتیوانەکانی کوردستانیش ئەوەیان لێدەوێن. ئەو پەڕڵەمانەی ئێستا هەیە پێویستە بگۆڕدرێ بۆ پەڕڵەمانێکی کاریگەر و بەسەنگتر، پێویستە کوردستان سیستەمێکی دادوەریی سەربەخۆ و دەسەڵاتدار و نووژەنی هەبێ، پێویستە گوشار هەبێ بۆ تەواوکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافو ئازادییەکانی تێدا گەرەنتی بکرێن.
پێویستە یارمەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی بدرێت بۆ یەکخستنی سوپای نیشتمانیی کورستان. ئەمانە نەکرێن، ئەو مۆدێلەی لامەرکەزی کە لە سلێمانی باسیدەکرێ لەجیاتی ئەوەی بۆ حسێن بێت بۆ هەریسە بەتامەکەیەتی، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە کە کەس ناتوانێ هەریسەکە بخوات. [1]