ناونیشان: پووتین دەیکات بایدن دەیخوات
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-02-2022#
ئەوەی دەیبینین پووتینێکی براوەیە لە جەنگێکدا کە زۆربەی چاودێران بڕوایان نەدەکرد هەڵیئایسێنێ. جەنگێکی کوورت، بەڵام کەس نەبوو نەزانێ خێرا تەواودەبێ. هەڵبەت بە ڕاوەستانی چەکەکان جەنگەکە تەواو دەبێ، بەڵام دەرهاویشتەکانی گەورەن و هەر دەمێنن. پووتین کەوتووەتە زەلکاوەکەوە. ئەو زەلکاوەی وای لە بایدن کرد، پاش بیستنی هەواڵی دەستپێکردنی جەنگ، (فاتیحا) یەک بۆ ئۆکراینا بخوێنێ و وەزیری دەرەوەیشی لەجیاتی ئەوەی باسی دیپلۆماسیمان بۆ بکات، بووە پسپۆڕی جەنگ و پێیگوتین لەڕووی سەربازییەوە شەڕەکە چەندی پێدەچێ! هەرچەندە ئەمریکاش مۆسکۆ سزادەدات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو براوەی جەنگەکە دەبێ. ئەوروپا و ڕووسیاش باجەکەی دەدەن.
ئەمە لە جڤینی دوو ڕۆژەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕوونی دیار بوو. پێشئەوەی پووتین بڕیاری جەنگ بدات، ئەوروپییەکان هەڕەشەی گەورەیان دەکرد. بەردی گەورەیان هەڵگرتبوو و دیاربوو ناتوانن بیهاوێن. ئۆرسوولا ڤۆن دەر لان، کە سەرۆکی حکومەتی حکومەتەکانی یەکێتیی ئەوروپایە، دەڵێ بەو سزا ئابوورییانەی بۆ ڕووسیا دایانناوە وادەکەن گەشەی ئابووریی ڕووسیا خاوبێتەوە، هەڵاوسان درووستببێ، سەرمایەی زۆرتر بێتە دەرەوە و ژێرخانی پیشەسازیی ڕووسیاش بنکۆڵ ببێ. ئەو دەڵێ ئەگەر ئەوانە ڕوویاندا، ڕەنگە گەلی ڕووسیا لە دژی پووتین ڕاپەڕن. ئەمە هەمان ئەو خەونەیە کە چەند ساڵە ئەمریکا بۆ ئێرانی دەبینێ و پێشتریش بۆ ئێراقی سەدام حسێنی بینی. ئەمە شیر دا بۆ داپیر دایە!
ئەوروپییەکان لەنێوخۆیاندا لەسەر سزادانی ڕووسیا یەکدەنگ نین. بۆیە نەیانتوانی لە جڤینی ڕۆژی پێنجشەممەیاندا ئەو سزا تووندانە بسەپێنن کە پێشتر دەیانوت دەیدەین.
دایکی سزاکان ئەوەیە ڕووسیا لە سیستمی بانکیی نێودەوڵەتیی سویفت دەربهێندرێ. ئەو سیستمە ڕێگە بە ئاڵووێری دراوی سنووربڕ دەدات. بەمە کۆمپانیاکان و دەوڵەتی ڕووسیاش کێشەی بۆ درووست دەبێ لەگەڵ دنیای دەرەوە. بەڵام سزاکە شمشێرێکی دووسەرە و سزادەرەکانیش دەبڕێ. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هەنگاریا و قوبرس نەیانهێشت ئەو سزایە دەربچێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بۆ نموونە ئەڵمانیا، جگە لە ئاڵووێری بازرگانی، 55 لەسەتی ئەو گازەی پێویستییەتی لە ڕووسیاوە دەیهێنێ. ئەوەی ئیتاڵیا 40 لەسەتە. یەک لەسەر سێی گازی هەموو ئەوروپا ڕووسیا دابینی دەکات. وڵاتانی نزیک لە ڕووسیا، واتە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، زۆریان سێ لەسەر چواری گازەکەیان لە ڕووسیاوە دەهێنن. هەرچەندە تەنانەت لە سەردەمی شەڕی ساردیشدا دەست بۆ چەکی گاز و سزادانی یەکدی نەبردراوە، بەڵام ئەم جارە پووتین بەئاشکرا گوتی ئەوەی لە ئۆکراینا ڕێگەی لێبگرێت، کاردانەوەیەک دەبینێ کە پێشتر نەیدیبێ. هەندێک دەڵێن مەبەستی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی بووە، هەندێکیش دەڵێن مەبەستی گرتنەوەی گاز بووە.
هۆیەکی دیکە کە وادەکات ئەوروپا نەتوانێ مۆسکۆ بەتووندی سزابدات ئەوەیە کە وەک دەردەکەوێ ڕووسیا ساڵەهایە خۆی بۆ ئەمڕۆ ئامادەکردووە. ڕووسیا ئەمڕۆ ژمارەیەکی خەیاڵیی دراوی بیانیی هەیە کە بەهاکەی دەگاتە 631 ملیارد دۆلار. لەو بڕە تەنیا 16 لەسەتی بە دۆلاری ئەمریکییە و ئەوەیدیکە زۆرتر دراوی چینی و ئەوروپییە. ئەمەش وادەکات ڕووسیا بۆ ماوەی درێژ بەرگەی ئەو سزا ئابوورییانە بگرێت کە بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا بەسەریدا دەسەپێندرێ. ڕووسیا خۆی بۆ سیناریۆی دەرچوون لە سیستمی سویفتیش ئامادەکردووە و ئەڵتەرناتیڤی بچووکتری ڕووسی و چینیی هەن.
ئەوروپا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا بەئاشکرا مەیلی خۆی بۆ بوونە هێزێکی نێوەڕاست لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا و چیندا پیشاندا. لەمساڵانەدا گوێم لە هەر شارەزایەکی ستراتیژیی ئەوروپی بووبێ ئامۆژگاریی بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا ئەوە بووە کە بەرەو هێڵە نێوەڕاستەکە بڕۆن. لەگەڵ جدیتربوونی مەترسییەکانی دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراینا، ئەوروپییەکان ڕاچڵەکان. وەک خۆیان لەمڕۆژانەدا دەیڵێن ترسیان لەوەیە کە پووتین هەر بە ئۆکراینا نەوەستێ و بەرەو وڵاتی دیکەی وەک جۆرجیا و مۆڵداڤیاش هەڵکشێ. لەو دوو دەوڵەتەش هەرێمی سەر بە ڕووسیا هەن. هەردوو دەوڵەتیش دۆستی ئەوروپان. ئەم ترسە بە کۆنفرانسی ئەمساڵی ئاساییش لە میونشنیشەوە دیاربوو. ئەجێندای کۆنفرانسەکە بۆ ئەوە بوو بیری سەرکردەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بهێندرێتەوە کە ڕاستە هەڕەشەی گۆڕانکاریی ژینگەیی و پەتای وەک کۆڕۆنا هەڕەشەی جیهانین، بەڵام مەترسییە مێژووییەکان لەگەڵ دوژمنە تەقلیدییەکان (واتە ڕووسیا) خەریکە بەهێزەوە دێنەوە. ئەوەی ناوی لێندراوە (نەزمی نوێی جیهانی) هەڕەشەی لەسەرە. بۆیە دوورکەوتنەوەی ئەمریکا و ئەوروپا لەیەکدی خراپە. ئەمریکای سەردەمی بایدن درووست ئەوەی دەویست. ئەوروپییەکان دەبووایە هۆشیارببنەوە کە ناتوانن لە باوەشی ئەمریکا دەربچن و خۆیان لێ بگۆڕدرێ. شەڕی ئۆکراینا ئەوروپییەکانی خستەوە باوەشی ئەمریکا.
=KTML_Bold=رووسیا قازانج ناکات=KTML_End=
چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا هاوڕێیەکم لێیپرسیم: چی ڕوودەدات؟ پێموت نازانم لە مێشکی پووتیندا چی دەگوزەرێ. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە ڕووسیا هێزی خەیاڵیی گەورەی لەسەر سنوور کۆکردبووەوە، بەڵام بە پووتینیشەوە گاڵتەیان بەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانە دەکرد کە وڵاتانی ڕۆژاوا لەسەر دەستپێکردنی جەنگ بڵاویاندەکردەوە. کەچی لە کۆتاییشدا ڕاست دەرچوون.
لەو جڤینەی پووتین لەگەڵ کەسە نزیکەکانی و کاربەدەستانی ئاساییش و سەربازیی ڕووسیا هەیبوو، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا، کە هاوەڵی کۆنی پووتینیشە، هەوڵیدا وەک بەشدارانی دیکەی کۆبوونەوەکە نەکات و شتێک بڵێت کە مەرج نییە پووتین حەزی لە بیستنی بێت. کەچی سەرۆکەکەی چەندجار قسەی پێبڕی و وایلێکرد ئەویش پشتیووانی ئەوە بکات کە پووتین دەیەوێ بیکات. وا دەردەکەوت کە تەنانەت ئەوانەی لە جڤینەکەش دانیشتبوون بەباشی نەیاندەزانی پووتین بەتەمای چییە. ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار بۆ دوو کۆمارە ڕاگەیەنراوەکە یان داگیرکردنی سەرتاسەری ئۆکراینا؟ ئەوەی هەندێک شیکەرەوەی ڕووس باسیدەکەن ئەوەیە کە ڕاستە ڕووسیا بە چەند ڕۆژێک شەڕەکە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام هێشتنەوەی ئۆکراینایەکی گەورە لەبندەستی ڕووسیا پێویستی بە ژمارەیەکی خەیاڵیی سەرباز و توانای سەربازی هەیە. لە درێژمەودادا ئەمە بارێکی قوورستر دەبێ لەوەی مۆسکۆ دەتوانێ هەڵیگرێ. ئەگەر سزا ئابوورییەکانیش بەردەوام بن، لە درێژمەودادا ئەرکەکە قوورستریش دەبێ. ڕاستە ئۆکراینا وڵاتێک بووە کێشەی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی هەبووە، بەڵام لە 30 ساڵی ڕابردوودا خەڵکەکەی فێری ژیان لە سیستمێکی دیموکراسیدا بوونە. گێڕانەوەی ئەوانە بۆ سیستمێکی هاوشێوەی ڕووسیا و بێلاڕووس ئیشێکی قوورس دەبێ. هەروەها نموونەی ئەفغانستانمان هەیە کە داگیرکردنی و دواتر کشانەوە لێی یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. داگیرکردنی ئۆکرایناش پاروێکی ئاسان نابێ. ڕەنگە سیستمەکەی پووتین نەڕووخێنێ، بەڵام دەیلەرزێنێ. [1]