ناونیشان: ئۆکراینییەکان بە شۆرتەوە ناخەون
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-02-2022#
دەزگای سانسۆری ڕووسیا میدیاکانی مۆسکۆی بانگکردووە و هۆشداریی داونەتێ. گوایە هەندێکیان گوتوویانە ئەوەی لە ئۆکراینا ڕوودەدات هێرشە، داگیرکردنە، باش نییە. ئاژانسی ئینتەرتاسی ڕووسی دەڵێ ئەو میدیایانە دەکرێ بە 5 ملیۆن ڕۆبڵ (کە دەکاتە نزیکەی 60 هەزار دۆلار ئەمریکی) سزابدرێن. سەرۆکی دەزگاکە دیمتری مێدڤێدێڤە. جێگری پووتینە بۆ کاروباری ئاساییشی نیشتمانی و خولێکیش (بەناو) سەرۆکی ڕووسیا بوو. ئاژانسی ئینتەرفاکسی ڕووسی هەواڵەکەی وەک هۆشدارییەک بۆ میدیاکانی دیکەی ڕووسیا بڵاوکردووەتەوە.
لە دۆخی ئاشتیدا لە ڕووسیا ئازادیی میدیایی نەبووە، ئێستا کە جەنگ هەیە نابێ کەس زاتی لاساری بکات. لە سیستمە دیکتاتۆرییەکاندا دەزگای ئاوا ڕێگە بە خۆیان دەدەن خەت و نیشان بۆ میدیای کاریگەر و پیشەیی بکێشن. هۆیەکەشی ڕوونە: وادەزانن بە کۆنترۆڵکردنی میدیای بندەستی خۆیان دەتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە بگرن کە نایانەوێ بڵاوببنەوە. ئەوانە لە دنیا بەجێماون و لەبیریان چووە کە سۆسیال میدیا هەیە و هیچ شتێک لە دنیادا شاراوە نەماوە. بۆیە باشترە میدیای نزیک لەخۆیان باسی بکەن نەک لە سۆسیال میدیا ئابڕوویان ببردرێ.
دیوەکەی دیکەی شەڕی ئۆکراینا ئەوەیە کە ئەمڕۆژانە میدیای وڵاتانی ڕۆژاوایی چیدیکە بێلایەن نەماون. هەموویان دژی پووتینن. هەندێکیان زۆرتر و هەندێکیان کەمێکی دیکە زۆرتر! لە 10 ڕووسیاناس و شارەزای ناوچەکە ئەگەر یەکێکیان لە ڕستەیەکی شیکردنەوەیەکیدا بڵێ لە فڵان شتدا پووتین هەقە، ڕۆژی دواتر چوار پێنج ڕووسیاناس وەڵامیدەدەنەوە و دەڵێن وانییە. میدیای ڕۆژاوایی ڕووماڵی هاوسۆزی لەگەڵ ئۆکراینا و دژایەتیی پووتین دەکەن، نەک ڕووماڵی شەڕ. هەردوولا شەڕی زانیاری دەکەن.
سەرۆکی ئۆکراینا بووەتە پاڵەوانی ئەو شەڕی زانیارییە. خۆی ئەکتەرە و دەزانێ چۆن لەپێش کامێرا دەرکەوێ. لە یەک ڕۆژدا بە جلی سەربازی لە سەنگەردا و دواتر لە هۆڵی کۆنفرانسی میدیاییدا دەردەکەوێ. سێڵفی دەگرێ و مۆڕاڵی خەڵکەکەی بەرزدەکاتەوە. باش دەزانێ ئەوەی لە سەنگەردایە مۆبایلی پێیە و سەرۆکەکەی دەبینێ و کاتێک سێڵفییەکانی لە کیێڤ دەبینێ هەستدەکات چارەنووسی سەرۆک و سەرباز هەر یەکە. ئەمە عاقڵانەترین ستراتیژی میدیایی سەرۆکە گەنجەکەی ئۆکراینایە کە دەکرێ سەرکردەکانی جیهان بۆ ڕۆژی تەنگانە لێی فێربن. چەندە ئەشرەف غەنی حەیای سەرۆکە گەندەڵەکانی برد بە ڕاکردنەکەی، هێندە زێلێنسکی بە سێڵفییەکانی ئابڕووی خۆی و حکومەتە گەندەڵەکەی لە سۆشیاڵ میدیادا کڕیوەتەوە. ئۆکراینا زەحمەتە ئەم شەڕە بباتەوە، بەڵام زێلێنسکی و هاوڕێکانی وایانکردووە وەک ئێمە لە شازدەی ئۆکتۆبەر بەسەرمانهات ئۆکراینییەکان شەرم لەوە نەکەن کە سەرکردەی خاکفرۆش و ناجوامێریان هەن.
ئەوەی جێی سەرنجە هەڵوێستی میدیایی کاربەدەستانی ئەمریکایە لەو شەڕەدا. ئەمەش شتێکی سەیر نییە، بە مەرجێک لەوە تێبگەین کە مۆدێلی دەوڵەتداریی ئەمریکا لەنێوخۆدا و سیاسەتی دەرەوەی نائەخلاقییانەی ئەو نموونە جوانەی دەوڵەتدارییە دوو شتی لەیەکدی جیاوازن. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ دۆستەکانی شتێکم بیردەهێنێتەوە. کاتی خۆی تیپی کۆڕالی #سلێمانی# نمایشێکیانکرد و لە دیالۆگێکدا یەکێکیان بەویدیکەی دەگوت: سەتی وەک تۆ دوژمنم بێ، شەو بە شۆرتەوە ئەخەوم! ئۆکراینییەکان ئەمڕۆژانە دەڵێن: سەتی وەک ئەمریکا دۆستمان بێ، شەو بە شۆرتەوە ناخەوین! [1]