هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەریی بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ وشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزدا و کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان چەند هەنگاوێکی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەت بپارێزیت.
هۆکارەکانی سکچون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە، چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن، لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین، یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت.
=KTML_Bold=بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:=KTML_End=
1. هەموو ئاوێک بکوڵێنە ئینجا ساردی بکەرەوە و بۆ خواردنەوە بەکاریبهێنە.
2. خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
3. سەوزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
4. زووزوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.
5. پاکوخاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
6. بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
7. دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
8. باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.
تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارمەهێنە چونکە هۆکارەکان جیاوازن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن. [1]