ناونیشان: شەقامی بارزانی لە ئیسرائیل
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #17-03-2015#
خەریکە دەبێتە هەفتەیەک لە ئیسرائیلم، بەڵام لەجیاتی ئەوەی دڵخۆش بم، هەستدەکەم بە زللەیەکی بەهێز لەخەو هەڵسێنراوم. ئیسرائیلێک کە بە فڕۆکە تەنیا پێنج کاژێر لە باشووری کوردستانەوە دوورە و کوردە جوولەکەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە درووستکردنیدا گێڕاوە، لەوە دەچێت قەت کەس نەیویستبێ وێنە ڕاستەقینەکەیمان پێشان بدات.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاکە شوێن لە جیهاندا کە کوردبوون تێیدا ئیمتیاز بووبێت ئیسرائیل بووە. لەگەڵ ڕاوێژکاری یەکەمی پارێزگاری ئۆرشەلیم پیاسەیەکم بە کۆڵان و بازاڕە گەورە و جوانەکانی ئەو شارەدا کرد. هیچ کۆڵانێک و هیچ بازاڕێکی جوولەکان لەو شارەدا نییە کە یان کورد درووستی نەکردبێت یان مۆڵەتی درووستکردنی لە کاربەدەستێکی گەورەی کورد وەرنەگیرابێت. بەپێچەوانەی باشووری کوردستانەوە کە بۆ گۆڕینی گڵۆپی ماڵانیش وەستای تورک و لوبنانییان هەیە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا کوردی ئیسرائیل بە بیناسازی کارامە و شەڕکەری چاک ناسراون.
چوومە ماڵێکی کورد کە کوڕەکەیان سەربازی ئیسرائیلی بووە و لە تانکەکەیدا تا دوا فیشەک شەڕی کردووە تا کوژراوە. خەڵکی گەڕەکەکە شانازییان بەو سەربازە کوردەوە دەکرد. دایکی پێیوتم: کوڕەکەم پێشمەرگەی وڵاتی خۆی بوو، کچەکەم کە زانی براکەی کوژراوە، یەکسەر چووە هەمان یەکەی سەربازی و هەمان کاری براکەی دەکات. بۆیە ئەو دایکە سەربڵند بوو کە کچەکەی سەری کوردانی لە ئیسرائیل بەرز ڕاگرتووە.
ئێمە وادەزانین پەیوەندیی زۆر بەهێز لەنێوان ئیسرائیل و کوردستاندا هەیە، بەڵام بەو ڕادەیە نییە کە تێیگەیشتووین. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ پرسیار لەسەر هەڵبژاردن لەگەڵ کاربەدەستێکی گەورەی ئیسرائیل دانیشتم. لە قسەکانییەوە بۆم دەرکەوت کە زانیارییەکانی لەسەر واقیعی سیاسی و ئیداریی کوردستان زۆر کۆنن. ئەو کاربەدەستە نەیدەویست بۆ میدیا قسە بکات، بەڵام گەنگەشەی گەرمی لەگەڵ کردم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان.
ئەو دەیوت ناتانیاهۆ بەئاشکرایی گوتوویەتی پشتیووانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بەڵام وەک ئەو گوتی کورد دەبێ خۆیان بوێرن ئەمە بکەن و نابێ چاوەڕێ بن کێ پشتیووانییان دەکات. ئەو کاربەدەستە چیرۆکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئیسرائیلی گێڕایەوە و گوتی: کاتێک ئێمە
سەربەخۆییمان ڕاگەیاند، ڕەوشمان لەوەی تۆ لەبارەی کوردستانەوە باسی دەکەی زۆر خراپتر بوو. ناکۆکیی نێوخۆییمان هەبوو، سوپایەکی لاواز و بێ پشتیووانیی نێودەوڵەتیمان هەبوو، بەڵام دەوڵەتەکەمان کردە ئەمری واقیع. ئەگەر وەک ئێوە بەتەمای ئەمریکا باین ئێستاش بێ دەوڵەت دەبووین!
لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا سەرکردەیەکی وەکوو بن گۆریۆن ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. یەکێک لە ئازاترین سەربازەکانی بن گۆریۆن کوردێک بووە بەناوی مۆشێ بارزانی کە ئێستا لەنێو ئۆرشەلیم شەقامێکی بەناو کراوە. ئیسرائیلییەکان خۆشەویستیی تایبەتیان بۆ مەلا مستەفا هەیە و دەیانوت ئەو بن گۆریۆنی کورد بوو، دەیتوانی دەوڵەتی کوردستان دامەزرێنێت. بە تامەزرۆییشەوە دەیانپرسی: #مەسعود بارزانی# دەیەوێ ببێتە بن گۆریۆنی کورد؟ [1]