ناونیشان: شەشۆ ڕاستە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #13-04-2015#
بڕوا ناکەم هیچ یەکێتییەکی بەویژدان ئەو کارەی پێ ڕاست بێت کە بەڕێز حەیدەر شەشۆ و هاوڕێکانی کردوویانە، بەڵام بڕواش ناکەم هیچ پارتییەکی بەویژدان ئەوەی پێ ڕاست بێت کە حکومەتی کوردستان چاوەڕوانیی گەورەی لە جەنگاوەرانی ئێزدی هەیە و لەبەرانبەردا هیچی بۆ نەکردوون.
هەفتەی ڕابردوو چوومە ناوچەی #شنگال#. ئەو شوێنەی حەیدەر شەشۆ و هاوڕێکانی بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی شنگالیان جیاکردووەتەوە و کردوویانن بە #حەشدی شەعبی#. سەرەتا پێموابوو حکومەتی کوردستان کارێکی خراپی کردووە حەیدەری گرتووە. هەستم دەکرد زوڵمێکی گەورە لە پیاوێک دەکرێت کە وەک پێنج مانگ پێش ئێستا ناسیم، سیمبۆڵی بەرگریکردن لە چیای شنگال و مەزاری پیرۆزی شەرفەدینە.
بەڵام دوای گەڕانەوەم لەو سەفەرە، بەقەولی قاسم شەشۆ، “تازە هەستمپێکرد ئەوەی حەیدەر کردوویەتی هەڵەیەکی گەورەیە”.
هەڵەی گەورەی حەیدەر ئەوە نییە کە پارەی لە بەغدا وەرگرتووە و مووچەی بەشێک لە جەنگاوەرە ئێزدییەکانی پێ دابین کردووە. بەڵکوو هەڵەکە ئەوەیە ڕەواجی داوەتە بیرۆکەیەکی دوژمنکارانە کە دەمێکە بۆ جیاکردنەوەی کوردی ئێزدی لە کوردستان هەیە. بەحوکمی تێکەڵاویی چەندین مانگەم لەگەڵ ئێزدییان، لەوە تێگەیشتووم کە ئەوان بەسەر دوو گرووپی کوردستانی و ئێزدیخانیدا دابەش بوون. لایەنگرانی بیرۆکەی دووەم دەڵێن لەبەرئەوەی ئێزدی ئایینێکی تەبشیری نییە و ئێزدی ژن و ژنخوازی لەگەڵ کەسدا ناکەن، ڕێی تێناچێت ئەوانیش وەکوو کوردە موسڵمانەکان کورد بن.
ئەو دەستەیە وایدەبینن ئێزدی نەتەوەیەکی سەربەخۆن و وەکچۆن جوولەکەکان بە درووستکردنی ئیسرائیل گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی نەهامەتییەکانیان کرد، ئاواش ئێزدی بە درووستکردنی ئێزیدخان ئەو گەرەنتییە درووستدەکەن. لەبەرانبەردا گرووپی زۆرینەی ئێزدییان بە قەناعەتەوە دەڵێن “ئێمە کوردی هەرە ڕەسەنین و ئەو کوردانەی بوونەتە موسڵمان ئەوانەن کە کاتی خۆی ئێزدی بوون و ئایینەکەیان گۆڕیوە”. بۆیە ئەوان هەموو کوردستان بە خاکی پیرۆزی ئێزدییان دەزانن و شانازیشی پێوە دەکەن.
ئاڵای ئێزدییان و بیرۆکەی ئێزیدخان حەیدەر شەشۆ داینەهێناوە، بەڵام دوای ئەو دڵشکانەی پاش بەدەستەوەدانی شنگال لەلای ئێزدییان بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان درووست بوو، جارێکی دیکە بیرۆکەکە زیندوو بووەوە.
شێخێکی گەورەی ئێزدییان کە هاوڕێمە، دەیوت “ئێمە بەقەناعەتەوە داماننابوو لەو فەرمانەی #داعش# ڕزگارمان ببێت جارێکی دیکە خۆمان بە کورد نەزانینەوە”، هەر ئەو شێخەش بڕیاری دا بەرانبەر ئەو خیانەتەی هاوسێ عەرەبەکانیان لێیانکردن و هاوکاریی داعشیان کرد، ئێزدی عەگالەکانیان فڕێبدەن. ئەو دەیوت هەموو ئەو نیگەرانییەی بەرانبەر پێشمەرگە هەمانبوو بە سەردانی #مەسعود بارزانی# بۆ سەر چیای شنگال و بەدوایدا چوونی #نێچیرڤان بارزانی# بۆ نێو مەزاری شێخ شەرفەدین ڕەویوەتەوە. بەڵام وەک ئەو دەیوت “کوردستان چاوەڕوانیی لە ئێزدییان هەیە، بەڵام هەنگاوی وای هەڵنەهێناوە تا دڵمان بە کوردستانیبوون خۆش بێت”.
#وەزارەتی پێشمەرگە# فەوجی بۆ تەواوی ئەو جەنگاوەرانە کردووەتەوە کە لە چیای شنگال و دەوروبەری بەرخوەدانێکی ئەفسانەییان بەرانبەر داعش کرد. حەیدەر شەشۆ نەبێت، هەموو ئەوانی دیکە قبووڵیان کرد ببنە پێشمەرگە، بەڵام هەمووشیان پێیانگوتم نە مووچەیان دراوەتێ و نە تاوەکوو ئێستاش بەفەرمی ڕێوشوێنی دامەزراندنی فەوجەکانیان تەواوبووە. ئەوان دەیانوت ئەگەر نموونەیەکی جوان پیشاندرابووایە دەکرا حەیدەریش بەو لاڕێیەدا نەڕوات کە پێیدا ڕۆیشت.
حکومەتی کوردستان ئەگەر مەبەستییەتی دڵی ئێزدییان بباتەوە و قەرەبووی کەمتەرخەمییەکانی شەڕی داعشیان بۆ بکاتەوە، دەبێ لە مووچەدان و بایەخدان بە ئێزدییان حاڵەتێکی تایبەت ڕەچاو بکات. ئەوکات هیچ پاساوێک بۆ هەبوونی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەدا نامێنێتەوە و کوردی ئێزدیش، وەک لە قسەکانیان تێگەیشتم، ناهێڵن شتی وا لە ناوچەکەیاندا هەبێت. [1]