ناونیشانی بابەت: ئەو ڕێگایانە چین کە ھۆرمۆنەکانی (خۆشبەختی و ئازار شکاندن) زیاد دەکەن لە لەشی مرۆڤ دا؟
ئامادەکردن: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
1- وەرزش کردن: یەکێکە لە باشترین ڕێگاکانی بەکاردێت بۆ زیادکردنی ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین و ئیندۆرفین بە مەرجێک ڕۆژانە بێت و بۆ ماوەی (20-30) خولەک بێت. ھەر کاتێک ھەستت بە بێتاقەتی کرد دەتوانیت پیادەڕۆی بکەیت لەکەشێکی کراوە و لەناو سرووشتدا ، یاخود بڕۆیت بۆ جێم و وەرزشکردنی بە کۆمەڵ.
2- خەوتنی تەواو لە کاتی شەودا.
3- خواردنی نەستەلەی ڕەش و ئەو شوکۆلاتانەی تەندرووستن. شکوڵاتەی تۆخ دەردانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکات ، ھەوکردن کەمدەکاتەوە، پەستانی خوێن دائەبەزێنێت، تەندرووستی خوێنبەرەکانیش دەپارێزێت . خواردنی (2-3) جار لە ھەفتەیەکدا سوودی زۆرە بۆ تەندرووستی.
4- خواردنی کاربۆھیدراتە باشەکان وەکو: دانەوێڵە تەواوەکان، برنجی بۆر ، شەوەفان، تۆستی بۆر ، ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین زیاد دەکەن و مرۆڤ دڵخۆش دەکەن.
5- خواردنی میوەی جۆراوجۆر بە بەردەوامی وەکو: ئەنەناس ، گێلاس ، مۆز ھەروەھا سەوزەوات و ماسی کاریگەرییەکی زۆریان ھەیە لەسەر دەردانی ھۆرمۆنەکان.
6- دوورکەوتنەوە لە خواردنی خواردەمەنیە موعەلەب و خێراو فاست فودەکان کە دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم ھۆرمۆنانە لە لەشدا.
7- واز ھێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلە کێشان.
8- ئەو خواردنەوانەی ماددەی کافائینیان تیادایە ، دەبێت بە ڕێژەیەکی ھاوسەنگ بخورێتەوە ، وەکوو چا ، قاوە ، خواردنەوە گازییەکان.
9- دوورکەوەرەوە لە کێشی زیاددە و قەڵەوی.
10- ئاو یەکێکە لەباشترین خواردنەوەکان، دوور کەوەرەوە لە خواردنەوە زیانبەخشەکان وەکوو ئەلکھول و خواردنەوە گازییەکان.
11- لەھەندێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەووتوە کە پیاسەکردن بە سەگ یاخود پشیلە بۆ ماوەی 15 خولەک کاریگەرییەکی باشی ھەیە بۆ زیادکردنی ڕژانی ھۆرمۆنی سیرۆتۆنین و پرۆلاکتین و ئۆکسیتۆسین . ھەروەھا ھۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ کەمدەکاتەوە کە بەرپرسە لەستریس و دڵەڕاوکێ و قەلەقی . بینراوە بەخێوکردنی ئاژەڵ بە گشتی خەمۆکی و تەنیایی کەمدەکاتەوە و فشاری خوێن دائەبەزێنێت و ڕەشبینی کەمدەکاتەوە.
12- ڕۆشتنە بەر خۆر ڕۆژانە و لەکاتی گونجاودا یارمەتیی درووستبوونی ڤیتامین (دی) دەدات لە لەشدا، کەئەمیش ڕۆڵی ھەیە لە درووستبوونی ھۆڕمۆنی دۆپامین و ئەسیتایل کۆلین و نۆڕ- ئیپینفرین . ڤیتامین دی جگە لە تیشکی خۆر لەھەندێک خۆراکیشدا ھەیە وەکو: ھەندێک جۆری ماسی ، ڕۆن ماسی، زەردێنەی ھێلکە، شیرەمەنیەکان و دانەوێڵە تەواوەکان.
13- یۆگا و میدیتەیشن: میدیتەیشن دەروونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوەو کاریگەریی ھەیە لەسەر ڕژێنە نوخامییەکانی مێشک و دەردانی ئیندۆرفین کە ھۆرمۆنی دڵخۆشی وئازار شکاندنە دەدات . ھەروەھا یارمەتیی حەسانەوەو چاک بوونەوەی سرووشتی و کەمکردنەوەی بێتاقەتی و خەمۆکی دەدات و ئازار کەمدەکاتەوە .
14- خواردنی ڤیتامین (بی) یەکان: ڕێژەی دۆپامین و سیرۆتۆنین و نۆر ئیپینفرین لە لەشدا زیاد دەکات ، دەتوانرێت بەشێوەی سەپڵیمێنت بخورێن یاخود لەھەندێک خۆراکدا وەکو: گۆشتی سوور ، دانەوێڵە تەواوەکان ، برنجی بۆر، سپێناغ، برۆکۆلی..ھتد.
15- پێکەنین: بینراوە ئەو کەسانەی لە دڵەوە پێدەکەنن ھۆرمۆنی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین زیاد دەکات ، بەڵام پێکەنینی درووستکراو ھەمان کاریگەریی نییە ، بۆیە لە کاتی ئازار و دڵتەنگیدا شتێکی باشە سەیری ڤیدێۆیەکی ھەزەلی بکەیت یاخود چیرۆکێکی کۆمیدی بخوێنیتەوە.
16- ترس: بینراوە ھەستکردن بەترس ڕێژەی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکات ، ھەر بۆیە ئەو کەسانەی کەسەیری فیلمە ترسناکەکان دەکەن بینراوە لە دوایدا دڵخۆش دەبن .
17 - بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانەو گەشبینی ڕێژەی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین زیاد دەکەن.
18- خواردنی بیبەری سووری توون و زۆربەی زۆری بەھاراتەکان وەکو: زەردەچەوە ، ئاڵەت ، زەنجەفیل ڕێژەی ئیندۆرفین لە لەشدا زیاد دەکەن. [1]