ناونیشان: هەویرەکەی ئێران
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #25-06-2015#
کەمتر لە دە ڕۆژ ماوە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک. ئەگەر ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ڕووداوەکە وەکوو گورزێکی بەهێز لەو هەوڵانە دەبینن کە چەند ساڵە داویانە بۆ جووڵاندنی جیهان لە دژی کۆماری ئیسلامی. لەئێستاشەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گەواڵە هەوری نائومێدبوون بە ئاسمانیانەوە دێت و دەچێت. بەڵام بەڕاستی ئەو نائومێدییە لەجێی خۆیدایە؟
دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران تازە نییە و هی سەردەمی شایە. لەنێوەڕاستی حەفتاکاندا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوا نیگەران بوون لەو خەونانەی حەمەڕەزای پەهلەوی بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەیبینین. لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراقیشدا لەساڵانی هەشتاکان، خەونی شا لە سەری دەوڵەتی ئایەتوڵڵادا زیندووبووەوە. بەدواشیدا لە سەرەتای دووهەزارەوە نیشانەکانی وەدیهاتنی خەونەکە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی بەزەقی دەرکەوتن.
لەوەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، مەسەلەی گەمارۆکان لەسەر ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی یان لەسەر دۆسیە زۆرەکانی دیکە، گەرم بوون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێبەرایەتی ئەو سیاسەتە نێودەوڵەتییەی کردووە کە پێیوابووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا پشتیووانی لە تیرۆریزم دەکات، بۆیەش دەبێ سزابدرێ. ئێستاش دیسان ئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دەدات، هەر ئەمریکایە. زۆر لەلایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، دیواری هیوایان لەسەر دوژمنایەتیی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەڵچنیوە. بۆیە ڕازیبوونی ئەمریکا بە لابردن یان هەڵپەساردن یان سووککردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، بەوە لێکدەدەنەوە کە چیدی ئەمریکا لاوازکردنی تاران بە پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی نازانێ. بەڵام بەڕاستی وایە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دوو شت گرنگن بزانرێن، یەکەمیان: ڕێککەوتنی پاش کەمتر لە دە ڕۆژی دیکە، کۆتایی بە ناکۆکیی قووڵی نێوان ئەمریکا و ئێران ناهێنێ و بەوهۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناچێتەوە تاران. دووەمیش: لە ڕابردووی نادووردا نموونەی ڕێککەوتنی هاوشێوە هەبوون کە بەرلەوەی مرەکەبەکانیان وشکبێتەوە، ئەمریکا لە ڕیزی قۆشەنی ئەو سوارانەدا بینراوە کە لایەنی بەرانبەر بەچۆکدا دەهێنن.
ئەو ڕێککەوتنە بۆیە پەیوەندییەکان ئاسایی ناکاتەوە، چونکە هێشتا وردەکاریی زۆر ماون کە هەر لایەنێکی ڕێککەوتنەکە تێگەیشتنی خۆیان بۆ وردەکارییەکانی هەیە. ئەمەش وادەکات وەکچۆن گەیشتنە ڕێککەوتنەکە ئاسان نەبوو، ئاواش جێبەجێکردنی ئیشێکی قوورس بێت. ئەوەی ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەیانەوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بیگەنێ، درووست ئەوەیە کە لە نەوەتەکاندا لەگەڵ ڕژێمی سەددام لەسەر دۆسیەی چەکە کۆکوژەکانی ئێراق پێیگەیشتن، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا، سوپای ئەمریکا لە مەیدانی فیردەوس پەیکەری سەدامی هێنایە خوارەوە.
نموونەیەکی نوێتر ئەو ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەیەی پەیوەندییەکانە کە لیبیای قەزافی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی پێیگەیشت. هێندە پەیوەندییەکان ئاسایی ببوونەوە کە قەزافی لە ئیتاڵیا لە بەردەم پۆلێک خانمی ناسکی ئیتاڵیدا وردەکارییەکانی پەڕتووکە سەوزەکەی شیدەکردەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا فڕۆکەی فەڕەنسی و ئەمریکی و وڵاتانی دیکە دڵی سەوزی قەزافییان شکاند و لە تەرابلوس ڕاویاننا.
ئەو گەمارۆیەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش خستوویانەتە سەر تاران، بەشێکی پەیوەندی بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە هەیە، بەشەکەی دیکەی پەیوەندی بە دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دیکە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەنێو ئێران و زۆر دۆسیەی دیکەوە هەیە. بۆیە ئەوانەی پێیانوایە هەویری ناکۆکیی ڕۆژاواییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئایەتوڵڵاکان لە کۆتایی ئەم مانگەوە چیدی ئاو ناکێشێ، پێویستیان بە سەرلەنوێ بیرکردنەوەیە. [1]