ناونیشان: سازانی پارتی و پەکەکە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #06-07-2015#
مەسروور بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت ئەمریکییەکان هانی هاریکاریی نێوان #یەپەگە# و پێشمەرگەی ڕۆژاوای کوردستان دەدەن. لە قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا بۆ (رووداو) ، کە هەفتەی ڕابردوو لە واشنتن کردی، وا دەردەکەوێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی گرنگە لە ڕۆژاوای کوردستانیش لە شەڕی دژی #داعش#دا هاوکاریی کورد بکات، بە مەرجێک ئەو هاوکارییە بۆ هێزێکی هاوبەشی کوردستانی بێت نەک تەنیا بۆ یەپەگە. بەڵام لەکاتێکدا کە پارتی و پەکەکە شیر و تیر لەیەک دەسوون و شەڕی ساردی نێوانیان ڕۆژبەڕۆژ توندتر دەبێت، بیرکردنەوە لە نزیکبوونەوەی یەپەگە و پێشمەرگەی ڕۆژاوا واقیعبینانەیە؟
لە ماوەی یەک ساڵدا دوو نموونە هەن کە دەریدەخەن پێکەوەکارکردن لە شەڕی داعش و ئەو هەڕەشانەش کە لەئاییندەدا یەخەی پارچەکانی کوردستان دەگرن، واقیعبینانەیە. ئەزموونی یەکەم لەدوای گیرانی #شنگال# و گەمارۆدانی چیای شنگال بوو. ئەو دەریچەیەی لە ڕۆژاوای کوردستان کرایەوە و بەهەماهەنگی #شەڕڤان# و پێشمەرگە فریای کوردی ئەو ناوچەیە کەوتن، بەرهەمەکەی ئەوەبوو کە گەمارۆکە شکێندرا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر چیای شنگالەوە پەیامی سەرکەوتنەکەی خوێندەوە.
ئەزموونی دووەم لە کۆبانێ بوو. لەو شوێنەی داعش بەدیوێکدا و دەوڵەتی تورکیا بە دیوەکەی دیکەدا گەمارۆی دانیشتوانی شارەکە و شەڕڤانانیان دابوو، بەهاناوەهاتنی پێشمەرگە بە چەکی قوورسەوە وایکرد چیرۆکی بەرگریی شارەکە کۆتاییەکی تراژیدیی نەبێت.
دەکرێ بە هەمان پێوەر تەماشای ئەزموونی باشووری کوردستانیش بکەین. لە شەڕی دژی داعشدا هەرچەندە هێزەکانی حەفتا و هەشتای سەر بە پارتی و یەکێتی هەر مابوون و ماون، بەڵام وەزیرێکی سەر بە #بزووتنەوەی گۆڕان# و فەرماندەیەکی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە پارتییە و فەرماندە ئازاکان لە #گەرمیان# و کەرکووک کە زۆریان سەر بە یەکێتین، بە یەکدەستی توانییان داعش لە ئەفسانەی دڕندایەتی و شکستنەناسییەوە بکەنە هێزێکی چاوشکاو لەسەر دەستی پێشمەرگە.
نهێنیی گەورەی سەرکەوتنەکەش لەوەدا بوو کە لەجیاتی کەللەڕەقی، پارتی و یەکێتی بڕیاری ڕاستی ئەوەیان دا کە شەڕی مان و نەمان پێکەوە بکەن.
داعش بەو چاوشکاویەوە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان سوودی لە کەلێنێکی ناهاودەنگیی کورد وەرگرت و دزەی کردە نێو کۆبانێ. هەرچەندە دیمەنەکانی ناو کۆبانێ خەمهێنەر بوون، بەڵام نەدەبووایە هەڵسەنگاندنمان بۆ ڕووداوەکە هێندە سۆزدارانە بێت. هەڵسەنگاندنی عەقڵانی کە دەبووایە بیکەین هەمان ئەو قسەیە بوو کە ئەمریکییەکان دەیکەن و مەسروور بارزانیش گوتییەوە.
ئەوەی ڕوویدا ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگیی نێوان یەپەگە و پێشمەرگە بوو لە ڕۆژاوای کوردستان. چونکە دەرکەوتووە یەپەگە بەتەنیا ناتوانێت ڕۆژاوای کوردستان بپارێزێ و دەبێ هێزێکی دیکە هەبێت هاوکاریی بکات. نابێ ئەو هێزەش سوپای ئازادی سووریا بێت. بەڵکوو هێزێک بێت کە متمانەی پێبکرێت و وەکوو کاتی ڕووداوەکەی ئەمدواییەی کۆبانێ نەبێتە پاژنەی ئاشیل.
میکانیزمی بەشدارکردنی ئەو هێزە کاتی خۆی لە ڕێککەوتننامەی #هەولێر#دا لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژاوای کوردستان بڕیاری لەسەردرا و هەرگیز جێبەجێ نەکرا.
بەڵام هێشتاش درەنگ نەبووە و لەجیاتی ئەوەی ئۆباڵی ئەو کارەساتانەی دوای ئەوە ڕوویاندا بخرێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە، باشترە هەموان بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن ئەو هەماهەنگییە لەنێوانیان درووست ببێت. تاوەکوو هەم ئەمریکا و هاوپەیمانان بتوانن پشتیووانی لە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان بکەن، هەم ڕێگەش لەوە بگیرێت کە ئەو پارچەیەی کوردستان تووشی کارەسات ببێتەوە. [1]