ناونیشانی بابەت: پەتای مێگەلگەرایی
ئامادەکردن: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
ئایا هەرگیز پرسیارت لە خۆت کردووە هەڵسوکەوت و کاردانەوەکانت کێ ئاڕاستەیان دەکەن؟ لەنێوان دوو چێشتخانە یەکێکیان کەسی لێ نییە و ئەوی تریان 6 کەس ، لە کامەیان نان دەخۆیت؟ کاتێک هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارت تێدەکات و حەزدەکەی بۆچونی خۆت بنووسی ، بۆچونی ئەوانی تر ناخوێنیتەوە؟ ئایا بۆچونی ئەوان ئاڕاستەت ناکات؟
زۆرێک لە ئێمە بڕیار و بۆچون و کاردانەوەکانمان زادەی بۆچون و ناخی خۆمان نین بەڵکوو کوێرانە چونەژێر کاریگەریی بڕیار و بۆچونە باوەکانی کۆمەڵگەیە بەبێ ئەوەی هەستیان پێبکەین.
گرووپێک زانا تاقیکردنەوەیەکیان کرد کە بریتی بو لە ڕیزکردنی 10 کەس کە 9 لەوان سەر بە دامەزراوەکە بوون و تەنیا یەک بەشداربو ئاگاداری تاقیکردنەوەکە نەبو ، پرسیارەکە بریتی بو لە دو تەختە ، یەکێکیان پیتەکانی (A، B، C) لەسەر کێشرابو کە لەسەر هەریەکێکیان هێڵیکی ستوونی کێشرابوو، درێژیی هێڵەکان جیاواز بوون.
لەسەر تەختەی دووەم تەنیا یەک هێڵی ستوونی کێشرابوو بەڵام هیچ پیتی لەژێر نەنووسرابوو، دەبوو بەشداربووان بزانن ئەم هێڵە ستوونییە بە قەد هێڵی کام پیت درێژە لە تەختەی یەکەم. هەر 9 بەشداربوی خۆیان بە مەبەست وەڵامی هەڵەیان هەڵبژارد، بەشداربوی دەیەمیش بە پشت بەستن بە زانیاریی ئەوان وەڵامە هەڵەکەی هەڵبژارد.
دوای تاقیکردنەوە لەسەر چەند کەسێکی نوێ زۆربەیان وەڵامی هەڵەیان هەڵبژارد و لاسایی گرووپەکەیان کردەوە، پاشان پرسیاریان لە بەشداربوان کرد، لە وەڵامدا دەیانوت دەمزانی وەڵامەکە هەڵەیە بەڵام نەمویست لەو هەموو خەڵکە جیاواز بم.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستوە کە بەشێک هەیە لە مێشک پێی دەگوترێ Anterior Cingulate Cortex، ئاماژەی هەڵە بە مێشک دەدات کاتێک مرۆڤ ڕای جیاواز پیشان دەدات لەنێو کۆمەڵێک، ئەوەش یەکێکە لە خەسڵەتە بەسوودەکانی زیندەوەران لەپێناوی مانەوەیان، واتە گەردەتەوێ سەلامەت بیت لەگەڵ کۆمەڵ بمێنەوە.
بڕیارەکانی تاک لە ئەقڵی ئاگاوە دەردەکرێت لەکاتێکدا بڕیارەکانی کۆمەڵە یا گرووپ لە ئەقڵی نائاگاوە سەرچاوە دەگرێت، هەر بۆیە تاکەکان کاتێک لەناو گرووپدان هەست دەکەن بەتواناتر و کاریگەرترن، سەرنجی خۆپیشاندەران بدە کاتێک توندوتیژی بەرپادەبێت، هەرتاکێک لە خۆپیشاندەران دەبێتە مرۆڤێکی تر، مرۆڤێکی ئازا و سەرکێش و زۆر جار دڕندەش کە بە تەنیا هیچکات توانای ئەوەی نەبووە کاری لەو شێوەیە بکات! مرۆڤ لەناو گرووپ بیرکردنەوەی خۆی لەدەست دەدات و چارەنووسی خۆی ڕادەستی بڕیاری ئەوانیتر دەکات ، بۆیە زۆر جاران لە خۆپیشاندانەکان بەهۆی هاندان و گونتنەوەی دروشمێکی دیاریکراو خەڵکی دەکەونە ژێر کاریگەریی سۆز و توانای بڕیاردانی درووست لەدەست دەدەن بەمەش توندوتیژی درووست دەبێت و چەندین خەڵک دەبنە قوربانی.
ئاڕاستەکردنی کۆمەڵ زۆر ئاسانترە لە ئاڕاستەکردنی تاک هەر بۆیە لەکۆنەوە هەوڵدراوە خەڵکی لەدەوری بیرۆکەیەک، ئایینێک یا ئایدۆلۆجیایەک کۆبکرێنەوە تا بە ئاسانی کۆنترۆل بکرێن و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی چینێکی دیاریکراو ئاڕاستە بکرێن.
Edward Bernays، کە بە باوکی پڕوپاگەندە و پەیوەندییە گشتییەکان دادەنرێ هەر زوو هەستی بەم ڕاستییەی سەرەوە کرد و بەکاری هێنا بە سوودوەرگرتن لە لێکۆڵینەوەکانی (Sigmund Freud) ی خاڵی کە دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکارییە، ئێدوارد دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کاتێک ئەمریکا تووشی داڕمانی ئابووری بوو توانی بە پشت بەستن بە نامەی 4 هەزار دکتۆر ڕای گشتی بجوڵێنێ و خەڵک بخەڵەتێنی بەوەی کە ژەمی بەیانی پێویستە چەور و بەهێز بێت، بەمەش کولتووری خواردنی هێلکە و ڕۆن و گۆشتی بەراز بۆ نانی بەیانی سەری هەڵدا، بەمەش داواکاری لەسەر گۆشتی بەراز بەشێوەیەکی یەکجار سەیر زیادی کرد، دوای ئەم هەنگاوە ئێدوارد گوتی:
گەر پاڵنەر و میکانیزمەکانی ئەقڵیەتی کۆمەڵ تێبگەین ڕەنگە بتوانین بە ئاسانی کۆنترۆلێ خەڵک بکەین بە ئارەزوی خۆمان بەبێ ئەوەی کەسیش بزانێ.
هەر ئێدواردیش بوو توانی خەڵکی ئەمریکا ڕازی بکات کە بەشداریی جەنگ بکەن لەدەرەوەی وڵاتەکەیان لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم بە بیانوی ئەوەی شەڕکردن لەدەرەوەی وڵاتەکەیان بەرگریکردنە لە دیموکراسیەتی ئەوروپی.
بەڵام سەیرترین کاری ئێدوارد برەودان بوو بە جگەرەکێشانی ژنان، ئێدوارد توانی کۆمەڵێک چالاکوان و مۆدێلی ژن بەکاربهێنێ لەژێر دروشمی جگەرەکێشان سوودی هەیە بۆ لەش ڕێکی و هێمای ئازادبوونە لە کۆت و زنجیر و پشتگیریکردنە لە بزووتنەوەکانی ژنان، ئەوە بو لە (جەژنی هێلکە ڕەنگکردن) ڕێپێوانێکی ڕێکخست و ژنە مۆدێلەکانی نیۆیۆرک تیایدا جگەرەیان کێشا و جگەرەکان بە مەشخەڵی ئازادی ناونران..
ساڵی 1947 هیند دابەشبوو بۆ دوو وڵات لەسەر بنەمای باوەڕ، هیندی زۆرینە هیندۆس و پاکستانی زۆرینە مسوڵمان ، ئەو هیندۆس و مسوڵمانانەی دەیان ساڵ بە بە یەکەوە دەژیان و هیچ کێشەیان نەبو لە شەو و ڕۆژێکدا بوون بە دوژمن لە ئەنجامی دروشمی ئاگرینی بەرپرسان و خۆپیشاندانی گەورەی خەڵک ، سەرەنجام نزیکەی 15 ملیۆن خەڵک ئاوارەبوون و ملیۆنێک کوژران ، تەنیا لەبەر ئەوەی (ئەوان لە ئێمە ناچن) .
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگە بمێنێتەوە ناچارە وەک ئەوان ڕەفتار بکات یا لانی کەم پیشانی بدات کە وەک ئەوانە . کۆمەڵگەش تا گەورەتر بێ تاکەکان توندتر ڕادەکێشێت بەرەو خۆی.
تێبینیت نەکردووە هەرکاتێک زۆرینەی خەڵک ڕوبکاتە جۆرێک لە جلوبەرگ ، شێوازی ژیان یا مۆسیقایەکی دیاریکراو تۆش بەبێ ئەوەی هەست بکەی لەگەڵ زۆرینە دەڕۆیت؟ ئەی ئەوە نییە زو زو دەبیستین (لەگەڵ عامێ بچۆ شامێ) .
ڕەنگە زەقترین نموونە دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێ ، بێنەبەرچاوت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوەستن یا ئینتەرنێت نەمێنێ ، ڕەنگە زۆرێکمان شێت ببین و دونیامان لێ ببێتە چەرمی چۆلەکە ، دەزانی هۆکارەکە چییە ؟ ڕاهاتنە بە شێوازێکی ژیان کە بەسەرماندا فەرزکراوە بەبێ ویستی خۆمان ، ئەستەمیشە دەسبەرداری ببین ، چونکە دونیای مەجازیی تۆڕەکان لێمان بووەتە ئەو بەهەشتەی کە باوەشی بۆمان کردۆتەوە ، ئێمەی شەکەت و بێزار کە لە دونیای خۆمان زۆر ماندو و بێزارین هیچ نەبێ با کەمێک لە دونیا مەجازییەکە پشوبدەین..!
ئەو دونیایەی هەندێکمان تیایدا ئالودەین و هەندێکی تریش تریاک بەخشن ، ملیۆنان خەڵک بەدیار سەمای بێمانا و قسەی بێکەڵک و مرۆی پوچ چەندین کاتژمێر بەسەردەبەن بەبێ ئەوەی سوودێکیان دەست بکەوێ ، دونیایەک تیایدا دۆڕاوەکان گەورە دەکرێن و پوچەکان بەرز دەکرێن و مرۆی ژیر و خزمەتکاریش کەس گوێی بۆ ناگرێ!
کۆنترۆڵکردنی ئەقڵی جەمعی زۆر بەڕوونی بەدی دەکرێت بەڵام کەم کەس هەستی پێدەکات .! بۆیە لات سەیر نەبێ کە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان چەند مەرجەعێک درووست دەکەن لەژێر ناوی جیاجیای وەک ، مەرجەعی ئایینی ، شێخی تەریقەت ، سەرۆک عەشیرەت ، ئەستێرەکانی بواری هونەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و .... هتد، چونکە ئاشکرایە عەوام گوێڕایەڵی مەرجەعە ، کاتێک مەرجەعیش سەر بە دەسەڵات بێت ئەوا کۆنتڕۆڵکردنی جەماوەر کارێکی زۆر ئاسانە ..
پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و پەیدابوونی ئینتەرنێت بڕیار بو خەڵکی هۆشیاربکاتەوە و ئازایان بکات لە کۆیلایەتی و ئەقڵیەتی مێگەلگەرا ، کەچی بە پێچەوانەوە ئێستا جیهان هەموی چاوی بڕیوەتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەبێ ئاگایی شوێن ئەستێرەکانی دەکەوێت کە زۆرینەیان مرۆی بەتاڵن ، ئامانجیان لە دو شت دەرناچێ ، یەکەم پەیداکردنی پارە ، دوەم ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خزمەت گرووپ یا پارتێکی دیاریکراو.
ئەگەر سەرنجی ئایین و پەیامە ئاسمانییەکانیش بدەین بەڕوونی دەبینین کە ئەقڵییەتی مێگەل لە سرووشتی مرۆڤدا هەیە ، خودا پەیامبەرانی ناردووە تا خەڵکی لە ئەقلییەتی مێگەل دەرباز بکەن بەڵام هەمیشە وەڵامی خەڵک ئەوە بووە (باوانمان هەر وا بوون و ئێمەش هەر وا دەبین) ، پەیامە ئاسمانییەکان داوای بیرکردنەوە و قوڵبوونەوەمان لێدەکەن بەڵام بەداخەوە بازرگانانی ئایین وەک بازرگانانی سیاسەت خەریکی بە مێگەلکردنی کۆمەڵگەن بە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری کەسێک ، مەزهەبێک یا بیرۆکەیەکی دیاریکراو و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا مێگەلەکەی ئەوان ڕاستە و ئەوانیتر هەموی هەڵەن ، تەنیا ئێمە شوێنکەوتەی خوداین و ئەوانیتر هەموی بۆ دۆزەخ!
بەپێی ئەفسانەیەکی کۆن ، ئاسمان شینە و ئێمەش لەناو چاوەکانی دێوێکی گەورەی چاوشین دەژین کە جیهان بەڕێوەدەبات ، ڕەنگە باوەڕنەکەیت بەڵام وا خەریکین جلوبەرگ و خواردنی بۆ ئامادە دەکەین! ئەوەتا گەورەترین کراس لە جیهان لە ئوردون درووستکرا ، گەورەترین پاتۆڵیش سوورییەکان درووستیان کرد ، گەورەترین کوپی چاش سعودییەکان و گەورەترین لەفەی فەلافلیش لە سووریا و گەورەترین تەپولەش لە لوبنان ، دەبێ چی ڕوبدات کاتێک دێوە زەبەلاحەکە لەفە و چایەکەی تەواو دەکات ؟ دەبێ کێ ببێتە ژەمی داهاتووی؟
من دڵنیام دێوە ترسناکەکە ئاسمانی شین نییە بەڵکوو دەردی ناهۆشیارییە ، مارک توەین دەڵێ ئەگەر خۆت بینی لەگەڵ زۆرینە بویت ئەوا کاتی گۆڕانکارییە.
بەخۆڕاییش نییە کە قورئانی پیرۆز هەمیشە زۆرینە بە ناڕاست و نەزان و گومڕا و کەمینە یا تاک بە ڕێنیشاندەر و هۆشیار وێنادەکات .
لەخۆت وردبەوە و سەرنج بدە ، بزانە خۆتی یا کۆپیی ئەوانیتر؟ بوونیادی هزریت لەسەر ڕاستی بنیات بنێ نەک بۆچونی زۆرینە ، زۆرینە هەموکات هەڵەیە و هەمیشە زانایان و پەیامبەران و فەیلەسوفان تاک بوون . هەرچۆنیک بیت ، خۆت بە ، مەبە پارچەیەک لە پلانی کەسێکی تر چونکە مرۆڤ تا ئازاد نەبێ ناتوانێ داهێنان بکات.
دوای ئەقڵ بکەوە نەک قەرەباڵغیی عەوامی مێگەل ئاسا و دوای هیچ کۆمەڵ و تاقم و گرووپێک مەکەوە چونکە سەرەنجام دەبیت بە ئەندامێک لە مێگەلێکی گوێڕایەڵی بێ دەسەڵات و ژێردەست و دێوەکان بە ئارەزوی خۆیان بەکارت دەهێنن. [1]