ناونیشان: حەسەن سەرۆک بێت یان حسێن؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #17-08-2015#
ئەو پەیامەی بارزانی یەکشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە باری سەر تەرازووی سازان یان ترازانی بەلای سازاندا لارترکردەوە، بەڵام هێشتاش ترازان لەو پارسەنگەدا زۆر بێسەنگ نەبووە. حیزبەکانی کوردستان چەند کاژێری کەمیان لەپێشماوە بۆ ئەوەی بەر لە #20-08-2015# کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنن کە یەکێک لە بەشدارانی زنجیرە دیبەیتەکانی ئەم هەفتەیەی ڕووداو لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی ناوی لێنا کات بەفیرۆدان.
هەرچەندە دوای ئەو مێژووە ئاخیری زەمان نییە و هێشتاش هەموو پەنجەرەکان داناخرێن، بەڵام ئەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا بەئاسانی وەدەستدێت دوای ئەوکات دەبێتە ئەرکێکی قوورستر.
ڕاستیتان دەوێت ئەوەی بەو بەزمەی سەرۆکایەتییەوە خەریکە و قەیرانەکەی قەبەکردووە سیاسییەکان و میدیاکارانن. ئەگینا لەنێو خەڵکی ئاساییی بێزار لە حیزب و شەڕەپەڕۆ و بێ خزمەتگوزاری قەیرانێکی وا لەگۆڕێ نییە. دەردی گران ئەوەیە کە ئێمە سەرەڕای ئەوەی ناتوانین خەڵک ئومێدەواربکەین، بە لێدوان و بڵاوکردنەوەی لێدوانی تووندوتیژ نائومێدیشیان دەکەین.
لە 23ی حوزەیرانەوە حیزبەکان خەریکی ڕاستکردنەوەی باری لاری خۆیان بوون کە لە هەڵبژاردنی ڕابردووەوە پێیان ڕاستنەدەکرایەوە. بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، چونکە مەزەندەیان کردووە ئەو قەیرانە و هەڵوێستەکانی یەکێتی دەنگە تۆراوەکانی سەرلەنوێ بۆ ئەو حیزبە گەڕاندووەتەوە.
گۆڕان، کە بۆ دەنگدەری بە مێژوو هاردلاینەر بەرانبەر پارتی و بارزانی، بزووتنەوەی هیوا و پشتپێبەستن بوو، خەریک بوو بە بەشداری لە حکومەتی بنکەفراواندا زیانی گەورە بکات و ئەو قەیرانە ڕەوشەکەی بۆ گۆڕی. ئیسلامییەکانیش نە شیشیان سووتاند نە کەباب. ئەوەی لەو نێوانەدا تاوەکوو ئێستا بە مایەی خۆی هەڵنەستاوەتەوە پارتییە، بەڵام پێدەچێ پارتی بەتەمای ئەوەبێت جووجەڵەکان لە کۆتایی پاییزدا بژمێرێت.
وەک هەفتەی ڕابردووش نووسیبووم هێشتا گەشبینم کە ئەو قەیرانە کۆتایی پێدێت. چونکە خراپترین سیناریۆش هێندە خراپ نییە کە بترسین پردی پشت سەری حیزبەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سازان بەتەواوەتی بڕووخێت. بەڵام کات بەفیرۆ دەچێت و کاتێکیش ئەمە ڕوویدا، مەرج نییە ئاسمانی ئەو حیزبانەی لەکاتی خۆیدا ناسازێن هەروا بێ هەور بمێنێتەوە.
خەڵک لە کوردستان کێشەی کارەبای هەیە، کێشەی ئاوی هەیە، کێشەی ناسەقامگیریی دارایی هەیە، کێشەی نادڵنیایی ئەمنیی هەیە (بەتایبەتی لەسەر سنوورەکان) ، کێشەی خراپیی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی هەیە، کێشەی نادادپەروەری و گەندەڵیی هەیە، کێشەی کۆچی بەلێشاوی گەنجانی هەیە، کێشەی شەڕێکی کۆتایی نادیاری لەگەڵ #داعش# هەیە.
بۆیە هێندەی پێی گرنگە بزانێ چۆن ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن و کەی ئومێدەواری دەگەڕێتەوە کوردستان، هێندە کێشەی ئەوەی نییە حەسەن دەبێتە سەرۆک یان حسێن. هێندە کێشەی ئەوەی نییە کە سەرۆکوەزیر دەسەڵاتی زیاترە یان سەرۆک. هێندە کێشەی ئەوەی نییە کە پەڕڵەمان سەرۆکی بۆ هەڵبژێرێت یان خۆی دەنگی پێبدات.
ئەو قەیرانەی ئێستا درووستکراوە و هەر چارەسەریش دەبێت، دەڵێی بەئەنقەست درووستکراوە بۆ ئەوەی خەمە ڕاستەقینەکان لەبیر خەڵک ببردرێنەوە، کە بێگومان خەمەکان هێندە گەورەن لەبیرناچنەوە. ئەگینا هەموو کەس دەزانێ کەسی وەکوو کاک مەسعوود و کاک نەوشیروان و ئەگەر #مام جەلال# تەندرووستیی ڕێگەی دابووایە ئەویش، پێویستیان بەوە نییە سەرۆک بن تاوەکوو لە کوردستان قسەیان بڕوات.
ئەگەر ئارگومێنتیش ئەوەیە کە بە چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی ئەو قەیرانانەی لەسەرەوە باسمکردوون ئەوانیش چارەسەردەبن، ناچاردەبم بپرسم: مادام سەرۆکێکی بەدەسەڵات بە دە ساڵ نەیتوانی ئەو قەیرانانە چارەسەربکات، چۆن سەرۆکێکی بێدەسەڵات دەتوانێ ئەمە بکات؟ [1]