ناونیشان: چوار کۆ یەک بەبێ گۆڕان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #14-09-2015#
پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و بزووتنەوە بەشدارییان لە کۆنگرەی ئاکەپەدا کرد. #بزووتنەوەی گۆڕان# نەیکرد. گرووپی یەکەم ڕەخنەی زۆریان لێگیرا. ئەوەی دووەمیش بارەکەڵڵای بۆ هات. لە قۆناخێکدا کە پیر و کاڵی کورد لە جزیرێ بەدەستی دەوڵەتی تورکیا خەڵتانی خوێن دەکرێن، بەشداریی چوار حیزبەکە لە کۆنگرەکەدا ڕاستتر بوو یان بەشدارینەکردنی گۆڕان؟
ڕاستبوون دوو مانای هەیە. مانایەکی بارگاوی بە هەقیقەت و مانایەکی بارگاوی بە واقیعیەت. بە ماناکەی یەکەمدا گۆڕان ئیشێکی چاکی کرد کە لەم کاتەدا نەچووە کۆنگرەی حیزبی دەسەڵاتدار لە تورکیا. چونکە هیچ نەبێت خوێنی ئەو کوردانەی لە جزیرا بۆتان شەهید بوون بۆ ئێمە سوورترە لە خوێنی سەربازێکی تورکی داگیرکەر لەو ناوچانە. بەڵام ئەگەر بە مانای دووەمدا لێکی بدەینەوە، دەبینین چوار حیزبەکە سیاسییانەتر لە گۆڕان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەیسەدا کرد.
قسەکانی فازڵ میرانی لە بارەگای #هەدەپە# وەڵامێکی زیرەکانەی ئەو ڕەخنانە بوو کە لە چوار حیزبەکە دەگیران بەهۆی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەکەدا. پەیامەکەش ئەوە بوو: ناچارین لەگەڵ داگیرکەران پەیوەندیمان هەبێت، بە مەرجێک لەسەر حیسابی شکاندنی پەنجەکانی براکانمان نەبێت. هەرچەندە زۆرجار ئەمە نەکراوە، بەڵام ئەگەر بەڕاستی حیزبەکانی باشووری کوردستان ئاوا بیربکەنەوە، خوای دەکرد لەگەڵ #داعش# دادەنیشتن!
حیزب بۆیە هەیە تاوەکوو سیاسەت بکات. سیاسەتیش مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات نەک هەقیقەت. زۆرجار واقیع هەقیقەتی تەواوە، بەڵام جار هەیە بۆ حیزبەکان دەستگرتن بە هەقیقەتەوە واقیعی نییە. بزووتنەوەی گۆڕان لە مامەڵەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییدا ئەو کێماسییەی هەیە.
ئەوە شتێکی باشە کە گۆڕان هەوڵ بدات نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستانەوە. چونکە دەزانین لە ڕابردوودا ئەو حیزبانەی کەوتوونەتە ژێر ئەو کاریگەرییە چۆن ماڵی کوردیان وێران کردووە و هێشتاش وێرانی دەکەن. بەڵام ڕەتکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە هەم پۆپولیسیزمە هەم ناسیاسییانەیە.
مامۆستا عەلی باپیر بە هەڵوێستە ڕاشکاو و بوێرانەکانی ناسراوە. بەتایبەتیش لەو قەیرانە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستاندا درووستبووە، خۆی و حیزبەکەی هەڵوێستیان دیارە. بەڵام پێدەچێت لەوە تێگەیشتبێت کە لەنێو ئەو بژارانەی کورد لە تورکیا بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی ئەو وڵاتەدا هەیەتی، ئاکەپە گونجاوترینیانە. ئەویش نەک لەبەرئەوەی ئاکەپە مافەکانی کورد وەک دیاری دەخاتە سەر سینییەک و بەحورمەتەوە پێشکەشی خەڵکی باکووری کوردستانی دەکات، بەڵکوو لەبەرئەوەی وەکچۆن حیزبەکانی دیکە بە ئەزموونی چەندین ساڵە سەلماندیان ناتوانن هیچ بۆ کورد بکەن، ئاواش ئاکەپە سەلماندی لەڕووی دەروونییەوە لە هەموو حیزبەکانی دیکە ئامادەترە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە باکوور بە شێوازی ئاشتییانە.
یەکێتی لەبەرئەوەی ئەزموونی ڕێکخراو و درێژتری هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵگێڕەکانی ناوچەکە، وەکوو بزووتنەوەی گۆڕانی نەکرد. هیچ بیریشی لەوە نەکردەوە کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە شارەکانی باکوور هوتافی بۆ سەرکەوتنی هەدەپە دەکێشا و ناکرێ ئەمڕۆ لە کۆنگرەی ئاکەپەدا بەشداربێت. ئەمەش هەنگاوێکی پراگماتیستانە بوو و ئەوانەی لێی تێدەگەن دەزانن بۆ یەکێتییەکەیان چەند قازانجی هەیە.
دیسان دەگەڕێمەوە سەر پەرەگرافی سەرەتای ئەم نووسینە. گۆڕان ئەگەر حیزب نەبووایە و جووڵانەوەیەکی �%