ناونیشان: معاشەکەو جوانە، بندیوار!
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #19-10-2015#
ئەو بەزمەی لە کوردستان لە #23-06-2015# دەستی پێ کرد و بڕیار وابوو لەسەر بڕیاردان لەبارەی سیستمی حوکمڕانییەوە بێت، سەری کێشا بۆ داواکردنی وەرگرتنی مووچەی نەدراوی سێ مانگ! لەوە گەڕێ کە هەموو حیزبەکان دەڵێن خۆپیشاندان بەلاڕێدا بردراوە، چونکە هەریەکەیان مەبەستیان لە بەلاڕێدابردن ئەوەیە کە بەدڵی حیزبەکەی ئەوان نەبووە، بەڵام ئەوە سەیرە کە پۆپوولیستانە شەقام لەیەکدی هاندەدەن و بیر لەوە ناکەنەوە کە دەرهاویشتەکانی ئەو هاندانە چەند خراپ دەبن.
ڕاستییەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زۆرتر لە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی مووچەخۆری حکومەتی کوردستانن، کەسانی بندیوارن. واتە ئەوانەن کە لەم ڕەوشە ئابوورییە سەختەی وڵاتی تێکەوتووە، بەبێ ئەوەی هیچ بکەن، دەیانەوێ مووچەی مفت لە حکومەت وەربگرن. ئەمەش وادەکات ئەگەر حکومەت مووچەی نابندیوارەکانیشی پێ دابین بکرێت، لەبەر بندیوارەکان نەتوانێ مووچە بدات. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە خاوەن مافە ڕاستەقینەکان، بۆ نموونە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماندووی دیکە، بە چەند مانگ مووچەیان دوابکەوێت و لە کۆتاییدا بندیوارەکان و گێرەشێوێنان خۆپیشاندانەکانیان بۆ داواکردنی مافەکانیان بەلاڕێدا ببەن.
پارتی و یەکێتی بەرپرسیاری یەکەمی پەیدابوونی ئەو هەموو بندیوارەن لە کوردستان. بەڵام گۆڕانیش بە بەڵێندان بە کابانی ماڵ و خەڵکی دیکە، دەسکە گوڵەکەی دوو حیزبەکەی تەڕتر کرد. بۆیەش ئێستا بە هاندانی مووچەخۆرە بێ مووچەکان، پەرێزی هیچیان لەویدیکە خاوێنتر نابێتەوە.
ساڵێک بوو وەزیری دارایی لە گۆڕان بوو. هەنگاوی باشی هاویشت بۆ کەمکردنەوەی بندیوار، بەڵام کاتێک ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیم خوێندەوە کە وەزیری داراییش تێیدا ئەندامە، سەرم سوڕما لەوەی یەکەم خاڵی ڕاگەیەنراوەکە لەسەر دابینکردنی بێ قەید و شەرتی مووچە بوو بۆ مووچەخۆران. واتە دابینکردنی مووچە بۆ ئەو بندیوارانەش کە بارگرانییەکی گەورەیان لەسەر حکومەت درووستکردووە و وادەکەن دابینکردنی مووچە ئەستەمتر بێت. وەک بڵێی وەزیری داراییەکەی ئامادە بوو لە کۆبوونەوەکەدا، هەمان ئەو وەزیرە نەبێت کە ساڵێکە لە #هەولێر#ە و مووچەی بێ مووچەکانی پێ دابین نەکراوە!
هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە کە لە کاسبکارێکی خەڵکی هەولێری پرسیوە: خەڵکی #سلێمانی# بۆ مووچە هاتنە سەرشەقام، بۆچی ئێوە لێرە بێدەنگن؟ ئەویش گوتوویەتی: ئاخر زۆرینەی هەولێرییان کاسبکارن و چاوەڕوانی مووچەی حکومەت نین.
پارەمان هەیە، بۆ بێینە سەرشەقام؟ ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە دەبێ لێی وردبینەوە. کۆمپانیای زۆر لە هەولێر هەن. زۆر کەسی هەولێری بازرگانیی خۆیان هەیە و تێکەڵی حیزبەکان نەبوون. بۆ ئەوان خۆپیشاندان بەمانای ساردبوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی دەرامەتە. کەواتە بۆ بێنە سەرشەقام و شەق لە ڕزقی خۆیان بدەن؟
حکومەتی کوردستان کاری چاکی کرد کە بە پلان هانی کەرتی تایبەتی دا لە هەولێر. بەڵام دەبووایە ئەوە لە شارەکانی دیکەش بکات. لە شەقڵاوەی تەنیشت هەولێر گەنجان بێکارن. هەلی کار لە شارەکەیان نییە و من شۆفێری تەکسیم بینیوە ڕۆژانە لەوێوە دێتە هەولێر بۆ کارکردن. ئەو گەنجە ئەگەر تەکسیی نەبێت، دەبێ ببێتە مووچەخۆری دەوڵەت. کاتێکیش مووچە نەهات، ڕەنگە بێتە سەر شەقام. بۆیە چارەسەری بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە پشتبەخۆبەستوویی ئابووری ئەوەیە کەرتی تایبەت تەنیا لە پایتەخت نا، بەڵکوو لە شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش هێندە ئاسانکاریی بۆ بکرێت کە وابکات ڕۆژبەڕۆژ مووچەخۆری دەوڵەت کەمتر ببنەوە.
کوردستان پێویستی بەوەیە کولتووری کارکردن و خۆدوورگرتن لە مفتەخۆریی تێدا بڵاوبکرێتەوە. ئێستا بندیواربوون عەیب نییە، بەڵام دەبێ فێربین کە بندیواربوون عەیب و شوورەییەکی گەورەیە. ئەوەی هەشیبوو شایستەی ئەوەیە پێی بگوترێ: مووچەکەو جوانە، بندیوار. [1]