ناونیشان: کاتی گرتنەوەی #شنگال#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #26-10-2015#
گرتنەوەی شنگال زۆر دواکەوت. هێندە کە چیدی ناکرێ شنگالییەکان و خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەبێت کە: بۆچی شنگال ناگیرێتەوە؟
ئۆپەراسیۆنەکەی هەفتەی ڕابردوو لە حەویجە دوو شتی سەلماند، یەکێکیان ئەوەیە کە پێشمەرگە لەڕووی تەکنیکی سەربازی و ورەوە بەسەر #داعش#دا باڵادەستە. دووەمیش سەلماندی داعش لەجیاتی ئەوەی دێوەزمەیەکی ترسناک بێت، بووەتە شێرەبەفرینەیەک کە وردەوردە دەتوێتەوە. بۆیە ئێستا لەو نائومێدی و لەنێو ئەو قەیرانانەی لە باشووری کوردستاندا هەن، خەڵک چاوەڕێن هەواڵێکی ئومێدبەخشی وەک وەدەرنانی داعش لە شنگال ببیستن.
لەم ئان و ساتەدا پارتی زۆرتر لە هەموان پێویستی بەوەیە شنگال بگیرێتەوە. حیزبەکانی دیکە کە لەگەڵ پارتی دەگاتە سەر ئێسقانیان، ئەوەی بە چاودا دەدەنەوە کە کەوتنی شنگال بەهۆی هەڵەی ئەو حیزبەوە بووە. پارتی بە ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارییەتی دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە بژارەیەکی دیکەی هەبووبێت بۆ ڕێگەگرتن لە کەوتنی شنگال. ئێستا ئەو قسانەی حیزبەکان لەسەر پارتی ڕاست بن یان هەڵە، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە باری گرانی وەرگرتنەوەی شنگال دەکەوێتە ئەستۆی پارتی.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا، زۆرجار چوومەتە قەراخەکانی شنگال و دەوروبەری. لەوێ بەکردەوە ئەوەی شەڕی کردووە و ناوچەکە دەپارێزێت هێزێکی گەورەی پێشمەرگەیە. هێزی سەر بە پەکەکەش هەیە، بەڵام لەچاو ئەو هەرای ڕاگەیاندنەی بۆی درووست دەکرێت، هێز و ژمارەیان زۆر کەمترە لە پێشمەرگە.
ڕۆڵەکانی شنگال، کە زۆرینەیان ئێزدین و لە ڕۆژانی گەمارۆی سەر چیای شنگالدا بەرگریی بێوێنەیان کردووە، ئێستا بوونەتە پارتی و هێزی تایبەت بەخۆیان دامەزراندووە. پەکەکەش لەو ئێزدییانەی پشتیووانی لە فیکری ئەو حیزبە دەکەن، هێزێکی درووستکردووە و لەسەر چیای شنگال و قەراخەکانی شنگال جێگیری کردوون.
ئەم حیکایەتەم بۆ ئەوەیە تا یەک شت بڵێم: دەترسم شیر و تیری براکان لە شنگال هێندە لێک تیژ بکرێن کە وا بکەن تەمەنی مانەوەی داعش لەو ناوچەیە درێژتر ببێتەوە. ئەو ڕۆژانەی گەمارۆی سەر چیای شنگال شکێندرا، ئەگەر ئەو دوو هێزە هەماهەنگییان هەبووایە و پەکەکە پەلەی نەکردبایە، ئێستا لەجیاتی ئەوەی باسی گرتنەوەی شنگال بکەین، باسی ئاوەدانکردنەوەیمان دەکرد.
حیزبەکانی دیکە دەڵێن لە باشووری کوردستان تەنیا شنگال ماوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە. ئەمە ڕاست نییە. چونکە سەعدیەش باشووری کوردستانە و لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا نییە. ئەگەر هەر زۆر کوردستانییانەش بیری لێ بکەینەوە، دەی خۆ حەویجەش کوردستانە و داعش تەراتێنی تێدا دەکات. بەڵام جیاوازیی شنگال لەگەڵ ئەو دوو شوێنەی دیکە ئەوەیە کە کۆمەڵکوژی و هەڵاواردنی ئایینی و تراژیدیای سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤی کورد لە شنگال لەسەردەستی داعش گەیشتە لوتکە و لەو شوێنانەی دیکە بەو قەبارەیە ڕووی نەدا. بۆیە تەنیا بەوە ئومێد بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە کە لەو شوێنەی داعش قووڵترین برینی لە جەستەی باشووری کوردستاندا درووست کرد، درووست لەوێ بە زووترین کات داعش بکرێتە پەند. [1]