ناونیشان: ئەردۆغان و خەونی نەجیب فازڵ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #02-11-2015#
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە تورکیا وایکرد ئەردۆغان بیباتەوە. بۆیە ناڵێم ئاکەپە، چونکە زۆرتر لە حیزبەکەی، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لەو سەرکەوتنە سوودمەند دەبێت. ڕاستە #هەدەپە# بەربەستی تێپەڕاند، بەڵام بەو سیاسەتەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەرانبەر ئەردۆغان و ئاکەپە گرتییە بەر، هەلێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا لەدەستچوو. پرسیار ئەوەیە: ئاکەپەی پاش دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن وەکوو چەند مانگ پێش ئێستا بڕوای بە پڕۆسەی چارەسەری ماوە؟
وەڵامەکە ڕەنگە دڵخۆشکەر نەبێت. ئاکەپە هەست دەکات هەدەپە (یان ڕاستترە بڵێین پەکەکە) بەزوویی مەستی هەندێک سەرکەوتنی بچکۆلە بوو، لەبیری چووەوە چۆن ئاکەپە بەشدار بووە لە درووستکردنی زەمینەی ئەو سەرکەوتنانە. من ئێستاش بڕوام وایە ئۆجەلان و باڵی مەدەنیی پەکەکە کە لە تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەی یاسایی کاردەکەن، سیاسەتی ئەمدواییەی پەکەکەی #قەندیل#یان بەرانبەر ئاکەپە پێ ڕاست نەبوو کە ئیستیفزازکردنی زۆری تێدابوو. کەسمان دیمەنی ئەو گەریلایانەمان بیرناچێتەوە کە بەبێ چەک لە ئیبراهیم خەلیلەوە و بە ڕەزامەندیی ئاکەپە چوونەوە باکوور. پەکەکەی قەندیل ئەوکات کارێکی کرد کە جارێکی دیکە ئاکەپە هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ پیشاندانی نیازچاکی بۆ گەیشتنە چارەسەری دۆزی کورد نەکاتەوە. ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی تاوەکوو ساڵێکیش پێش ئێستا ئومێد بە بەرهەمداربوونی زۆر بوو، بەهۆی هەڵەی قەندیل و کاردانەوەی سەرشێتانەی ئاکەپەوە وای لێهاتووە ڕۆژبەڕۆژ چانسی سەرکەوتنی کەمتردەبێت.
سەرکەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردندا تەنیا بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەبێ بەشداریی هەدەپە (کە ئەگەر پێشتر بیکردبا، دەبووە هەلێکی مێژوویی بۆ کورد لە تورکیا بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی تەکانێکی گەورە بدات) گرنگ نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەش گرنگە کە تاوەکوو چوار ساڵی دیکە ئەردۆغان دەستی ئاوەڵا دەبێت بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی بۆ درووستکردنی تورکیای نوێ. ئەو تورکیایەی ئەردۆغان لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە مامۆستای فیکریی خۆی (نەجیب فازڵ) ئیلهامی درووستکردنی وەرگرتبوو و ڕۆژبەڕۆژ ئاماژەکانی وەدیهاتنی خەونەکە زۆرتر دەردەکەون.
لەبەرئەوەی گویلەن پیاوێکی سەرسپیی پەڕتووکنووس و بانگخوازە، هەمیشە وامدەزانی مامۆستای فیکریی ئەردۆغان و گویل و سەرکردەکانی دیکەی ئاکەپە بووە. بۆیەش کە ناکۆکی کەوتە نێوانیان، وا تێگەیشتم ئەردۆغان لە کونی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە و بەزوویی گەڕ دەبێت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەردۆغان قوتابییەکی گوێ لەمستی نەجیب فازڵ-ی شاعیر و بیرمەندی ئیسلامییە. ئەو نەجیب فازڵەی بڕوای بە وەدیهێنانی دەوڵەتێکی تورکیی تەواو ئیسلامی هەیە کە تێیدا یەک پارت و یەک سەرکردەی نموونەیی و ئەنجوومەنێکی عاقڵمەندانی پێکهاتوو لە سەد و یەک کەس حوکمی دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ دیموکراسیی ڕاستەقینە بکرێت. بۆ؟ چونکە ئیسلام کۆنترە لە دیموکراسی و دەبێ یاساکانی ئیسلام جێبەجێ بکرێن.
ئەردۆغان موو بە موو خەونی مامۆستاکەی دەهێنێتەدی. ڕەنگە هەر ئەوەش وای کردبێت کە تەنانەت لە پشتیووانیکردنی خەلافەتەکەی #داعش#یش سڵی نەکردەوە و تا ئەو شوێنەی کرا ئاسانکاریی بۆ کردن. خەونی نەجیب فازڵ لە تورکیای نوێشدا وا دێتەدی: ئاکەپە دەبێتە گەورەترین پارتی تورکیا و حیزبەکانی دیکە با بۆخۆیان هەر بڵێن و ئۆپۆزیسیۆن بن. بەدوایدا دەستووری تورکیا دەستکاری دەکرێت و ئەردۆغان دەبێتە سەرکردە نموونەییەکە کە بەبڕوای نەجیب فازڵ دەبێ وەکوو خەلیفەی موسڵمانان بێت و هەموو گەل ملکەچی فەرمانەکانی بن و لەسەرووی یاساوە بێت. ڕەنگە هەنگاوی دوای ئەوەش پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنەی عاقڵمەندان بێت کە وادەکات پەڕڵەمان هەر بەناو بمێنێ.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاماژانەشدا بۆ بەرەو دیکتاتۆری ڕۆیشتنی تورکیا، داری هیوای کورد لەو وڵاتە بە دژایەتیکردنی ئەردۆغان بەرناگرێت. کوردی هیچ پارچەیەکی کوردستانیش بەوە دڵسۆزیی نانوێنن و هاوکار نابن کە کوردی باکوور لە مێزی دانووستاندن لەگەڵ ئاکەپە و ئەردۆغان دووربخەنەوە. هیچ ئومێدێکیشمان نابێ بە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژاوایی هەبێت. چونکە سەرەڕای ئەوەی دەزانن دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان یارمەتیی داعش و نووسرەی داوە، دەزانن تورکیا بەئەنقەست دەرگاکانی بۆ ئەو کۆچبەرانە کردووەتەوە کە بە لێشاو ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، دەشزانن زیندانەکانی تورکیا پڕن لە ڕۆژنامەنووس و چالاکڤانی کورد و عەلەوی، کەچی بەحورمەتەوە دێنە دۆڵمەباهچە و بە جانتای پڕ لە یۆرۆوە هەوڵ دەدەن دۆستایەتیی ئەردۆغان بکڕن. هۆیەکەشی ڕوونە: ئەردۆغان و حیزبەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە منداڵە لاسارەکە دەچن. یان دەبێ بەشدارییان پێ بکرێت لە یاریدا یان بە هەڵەشەیی هەموو یارییەکە تێکدەدەن. [1]