ناونیشان: چاڵدێرانی نوێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #15-12-2015#
تورکیا هێزی زۆرتری هێناوەتە باشووری کوردستان و پێویستیشی بەوەیە بمێنێتەوە. شەقامی کوردستان لەنێوان پشتیووانی لە هاتنە ناوەوەی تورکیا و دژایەتیکردنیدا دابەش بوون. هەر لەسەر ئەوە نا، بەڵکوو لەسەر ئەوەی کە مووشەکی ڕووسیش ئاسمانی کوردستان بکاتە چۆڵەوانی یان نا، کورد هەر دابەش بووە. شەڕی چاڵدێران خەریکە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام نابێ بهێڵین ئەم جارە ئەنجامی شەڕەکە بۆ چەندین سەدە بمانسووتێنێ.
ڕووسیا بە هەڵسوکەوتی ئەمدواییەی تورکیا تووشی شۆک بووە. شۆکی ئەوەی کە ئیدی تورکیای سەردەمی ئاکەپە خەریکە ناسنامە هەمیشەییەکەی خۆی دەگۆڕێت و لە ململانێ نێودەوڵەتییەکەدا خۆی بەلای ڕۆژاوادا دەخات. ئاکەپە بەوە ناسرابوو کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سیاسەتێکی هاوسەنگی هەیە، واتە وەکچۆن دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایی تێکنادات، ئاواش پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی گەرموگوڕی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی سەر بەو بلۆکە هەیە.
بەڵام وادیارە ڕەوشەکە گۆڕاوە. ڕووسیای سەردەمی پوتین، خۆی بە میراتگری ڕووسیای بەر لە سەردەمی سۆڤیەت دەزانێت. تورکیای سەردەمی ئاکەپەش خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت. سەت ساڵ پێش ئێستا دەوڵەتەکانی پوتین و ئەردۆغان مێژووی شەڕ و کوشتاری خوێناوییان لە دژی یەکدی لە ناوچەکەدا دەنووسییەوە. وەکچۆن ئێستا لە چیای کوردان لە ڕۆژاوای کوردستان ڕووس پشتیووانی لە قەتڵوعامی کورد دەکەن، ئاواش لە باکووری کوردستان، ئەرمەنەکان، بە پشتیووانیی ڕووس کوردیان قڕ و تاڵان و بڕۆ کرد. شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە چەند سەدەیەکە هەیە و قوربانیی ئەو شەڕەش بە بەردەوامیی کورد بووە.
تورکیا ڕیسکێکی گەورەی کرد کە فڕۆکە ڕووسییەکەی خستە خوارەوە، بەڵام پێویست بوو ئەمە بکات تاوەکوو بیسەلمێنێ کە ڕووسیا ناتوانێ وەکوو سەدەیەک پێش ئێستا لە ناوچەکەدا بەکەیفی خۆی تەراتێن بکات. تۆڵەکردنەوەش بوو لە ڕووسیایەک کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زۆرتر لە جارێک لە بەرژەوەندییەکانی تورکیای داوە. جاری یەکەم ئەوکاتە بوو کە ڕووسیا لە جۆرجیا شەڕی دەستپێکرد و تورکیاش وەکوو کاردانەوە ڕێگەی بە ئەمریکا دا سنووری دەریایی بەکاربهێنێت بۆ گەیاندنی هاوکاریی سەربازی بە جۆرجیا. جاری دووەم ئەوکاتە بوو کە ڕووسیا دوورگەی کەریمیای ئۆکرانیی کردە دۆزەخ. لەو دوورگە گەشتیارییەدا زۆرتر لە چارەکە ملیۆنێک تورک دەژین، کە بژێویان لەسەر ئارام مانەوەی دوورگەکەیە. جاری سێیەمیش ئەوکاتە بوو کە ڕووسیا وردەوردە جێ پێی خۆی لە سووریا قایمکرد و بەپێچەوانەی خواستی تورکیاوە، لەلایەک پشتیووانیی لە ئەسەد کرد و لەلایەکی دیکەشەوە تورکمانەکانی سووریای کردە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی.
ئەو ململانێیەی نێوان تورکیا و ڕووسیا وادەکات تورکیا زۆرتر پێویستی بە کوردستان بێت، هەم وەک ئەندامێک لەو هاوپەیمانێتییەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ناوچەکەدا هەیانە، هەم وەک سەرچاوەیەکی وزەی ئەڵتەرناتیڤیش بۆ ئەو بڕە وزەیەی تورکیا لە ڕووسیاوە دەستیدەکەوێت. ئەمەش لەبەر چاوی کاڵی کورد و کورددۆستیی ئەردۆغان و ئاکەپە نییە، بەڵکوو بژارەی جێگرەوەی کوردستان لە بواری وزەدا بۆ تورکیا بریتییە لە ئێران، کە بێگومان تورکیا هێلکەکانی ناخاتە ناو سەبەتەیەکەوە بزانێت ماری تێدایە!
ترسی گەورەش ئەوەیە ئەگەر لەشکرکێشیی تورکیا بۆ باشوور لەوە زیاتر بورووژێنرێ و جێی خۆی بگرێت، ڕەنگە ئێرانیش بیر لەوە بکاتەوە کە ئەوەی لە ساڵی 1996 بۆ لێدانی دیموکراتەکان لە کۆیە کردی، جارێکی دیکە بە بیانوویەکی دیکە دووبارەی بکاتەوە. ڕەنگە ئاسانترین بیانووشی پاراستنی شیعەکانی کەرکووک و #خانەقین# بێت! [1]