ناونیشان: بارزانی پرس بە تاران بکات؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #22-12-2015#
هەفتەی ڕابردوو گۆڕانکارییە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا موفاجەئەی زۆریان تێدابوو. لێکنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و تورکیا و بەرلەویش درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی موسڵمان-ی سوننی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە هەم موبارەکەی ئەمریکای هەیە و هەم ڕووسیاش لێی نیگەران نییە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە سەت ساڵ پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ، خەریکە سایکس-بیکۆیەکی نوێ دەنووسرێتەوە.
کورد هەمیشە لەو ڕێککەوتنانەدا نەک یاریکەر نەبووە، بەڵکوو کارتێک بووە یاریکەرەکان بەیەکدییان دۆڕاندووە، بەڵام ئەم جارە لە جارانی ڕابردوو جیاوازە. ئەم جارە کوردیش یاریکەرە و لەجیاتی ئەوەی بدۆڕێنرێت یان ببردرێتەوە، خۆی دەدۆڕێت یان خۆی دەیباتەوە. بە مەرجێک یارییەکە وابکات کە تاوەکوو کۆتایی هەر یاریکەر بمێنێتەوە و نەکرێتەوە بە کارت.
سەت ساڵ پێش ئێستا ئەوانەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیدان دادەنا، کۆمەڵێک دەوڵەتی داگیرکەری ڕۆژاوایی بوون کە سەروکاریان لەگەڵ ژمارەیەک گەلی بێدەرەتانی ناوچەکەدا هەبوو. بۆیە بەشە کێکی هەریەکە لەو گەلانە بە کەیفی دڵ و بەرژەوەندیی ڕۆژاواییەکان گەورە یان بچووک دانرا. ئەوکات کورد نەک بەشی گەورە بەڵکوو بەشە بچووکەکەشی پێ ڕەوا نەبینرا. بەڵام سەت ساڵ دواتر کورد بەشە کێکەکەی خۆی دابڕیوە و دەبێ زیرەکانە یاریی ئەوە بکات کە لەدەستی نەدات.
پێکهێنانی هاوپەیمانێتی سەربازیی نێوان وڵاتە زۆرینە سوننەکان لەبەر سێ هۆکار گرنگ دەبێت. یەکەمیان: چونکە وڵاتانی ڕۆژاوایی جارێکی دیکە ئەزموونی ئەفغانستان و ئەمریکا دووبارە ناکەنەوە و لەشکرکێشی بۆ ناوچەکە ناکەن. دووەمیش: هەژموونی ئێرانی و شیعی لە ناوچەکەدا دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت. سێیەمیش: چیدی #داعش# و هاوشێوەکانی تەنیا فاکتەری تێکدانی ئارامیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نین و هێرشەکانی پاریس سەلماندیان تەناهی لە کوردستان و وڵاتانی دیکەی ئەم ناوچەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەناهیی وڵاتی وەکوو فەرەنسا و بەلجیکاش.
پاش بەهاری عەرەبی، نەبوونی ستراتیژێکی ڕوونی هاوبەشی ئەمریکی و سوننی لە ناوچەکەدا، وایکرد لەجیاتی ئەوەی بەهارێکی بەهەڕمێنی سیاسی ببینرێت، زستانێکی سەخت ڕووی تێبکات. داعش لەجیاتی ئەوەی وەڵامدەرەوەی غیابی سوننە بێت لە شانۆی سیاسیی ئێراقدا و بەربەستێک دابنێت بۆ هەژموونی ئێرانی و شیعی، وایکرد ئەو دەوڵەتە بەهێزتر بێت و ئەوەی ڕوودەدات بەخێر بۆی بشکێتەوە. بۆیە ئێستا وڵاتە سوننەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کاتی هاتووە کارتی نوێنەرایەتیکردنی سوننە لەدەست داعش دەربهێنن و بەهێزی زۆرترەوە بەرانبەر ئێران ڕاوەستن.
دەرهێنانی گرێی داعش بۆ ئەو وڵاتانە ئیشێکی ئاسان نییە، چونکە زیرەکانە نییە ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لەشکرکێشی بکەن و بەقازانجی داعش شەڕی موسڵمان و خاچپەرستان لە ناوچەکەدا هەڵایسێنن. بەڵام هێزێکی موسڵمانی سوننەی وەکوو ئەوەی ئێستا بڕیارە لە دژی تیرۆریزمی داعش و گرووپەکانی دیکە پێکبێت، دەتوانێ لە درێژمەودادا بەڕە لەژێر پێی داعش دەربهێنێت. چونکە دەتوانێت هەر بە بانگی ئەڵاهوئەکبەر و بە هەمان هوتافە ئایینییەکانی هاوشێوەی داعش، مووسڵ و ڕەقە و شوێنەکانی دیکە لەدەست ئەو گرووپە دەربهێنێت. ئەوکات داعش هیچ پاساوێکی بۆ مۆبیلیزەکردنی خەڵک لە دژی سوپای کافران نامێنێ. چونکە شەڕەکە دەبێتە شەڕی موسڵمانی سوننەی میانەڕەوتر لە دژی سوننەیەکی توندئاژۆ.
ئەگەر ئەمە سەربگرێت و ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانیشی لە ناوچەکەدا هەر بەبەهێزی بمێننەوە، کورد لەم سەدەیەدا وەکوو سەردەمی عوسمانی و سەفەوییەکان دەست و پەنجە لەگەڵ دوو بلۆکبەندیی سوننە و شیعەدا نەرم دەکات. دوو بلۆکبەندی کە یەکدییان پێ ناسڕدرێتەوە، بەڵام لە ئەهوەنترین سیناریۆدا ساڵانی درێژ شەڕی سارد لە دژی یەکدی بەڕێوەدەبەن.
ئێمە لەو نێوانەدا دەتوانین دوو بژارەمان هەبێت: یەکێکیان ئەوەیە کە خۆمان بەلایەکدا یەکلایی بکەینەوە و لە پشتیووانیی ئەو لایە بەرخوردار بین. دووەمیش ئەوەیە کە قەبارەی خۆمان بزانین و نموونەی قەتەری لە پاراستنی هاوسەنگی و دەستخستنی زۆرترین دەستکەوت لە بلۆکبەندییە جیاوازەکان دووبارە بکەینەوە. واش پێدەچێ سەرکردایەتیی کوردستان درووست ئەمە بکات. چونکە کاتێک ئێرانییەکان داوای ڕوونکردنەوەیان سەبارەت بە سەفەرەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە و تورکیا کردبوو، وەڵامی ئەوەیان وەرگرتبووەوە کە بارزانی نە بۆ سەفەری ئەنقەرە و ڕیاز مۆڵەت لە تاران وەردەگرێت، نە کاتێکیش دەچێتە تاران پرس بە ئەنقەرە و ڕیاز دەکات. [1]