ناونیشان: هێلکەی کوردی بۆ سەبەتەی مام سام
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #12-01-2016#
بەرەو بەهار دەچین و دیسان باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان گەرمبووەتەوە. نوێترین شت لێدوانەکەی بەڕێز #مەلا بەختیار#ە کە لە دیبەیتێکی ڕاستەوخۆدا لە ڕووداو بۆ ڕەنجی ئاشکرا کرد و گوتی جارێ پارتی و یەکێتی لەسەر شێوازی ڕیفراندۆمیش ڕێکنەکەوتوون نەک ڕاگەیاندنی دەوڵەت. پرسیاری یەکێک لە ئامادەبووان لە دیبەیتەکەدا سەرنجڕاکێش بوو کە گوتی: ئەی ئەگەر پارتی ڕایگەیاند؟ وەڵامەکەی کاک مەلا بەختیاریش لەو سەرنجڕاکێشتر بوو کە گوتی: دەوڵەت بە 38 کورسی ڕاناگەیەندرێت.
لە وتاری سەرکردە باڵاکان و جەماوەری پارتیدا هەمیشە ئەوە دەخوێنرێتەوە کە ئەو قەیرانانەی لە کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەبن، ژانی بەر لە جاڕدانی دەوڵەتن. بەپێچەوانەی ئەو وتارەوە، لەم ڕۆژانەدا لە #سلێمانی#، کە پایتەختی شانشینییەکەی شێخ مەحموود و شاری دەستگرتن بە کوردایەتی و ڕەتکردنەوەی ئێراقچێتی بووە، وتاری ئومێدەواربوون بە ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە دەنگی زوڵاڵ نابیسترێ. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە هەم ئومێدەواربوونە لە ڕادەبەدەرەکەی پارتییەکان و هەم ئومێدەوارنەبوونی یەکێتییەکان و گۆڕانەکان لە سلێمانی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەت، هیچیان لەجێی خۆیاندا نین. هۆیەکەشی لە قسەکەی کاک مەلا بەختیاردا وەڵامی وەرگرتووە: مادام هێشتا لەسەر ڕیفراندۆمیش ڕێککەوتن نەکرابێت، چۆن دەکرێ ئومێدەواری یان نائومێدی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان درووستبێت؟ شتێک بەجدی نەهاتبێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ناکرێ پێی ئومێدەوار یان نائومێد بیت.
ئەگەر دابەزینی دراماتیکیی نرخی نەوتی لێدەرکەین، هەموو گۆڕانکارییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش بە قازانجی زووتر وەدیهاتنی خەونی درووستکردنی دەوڵەتی کوردستانن. بەڵام لەنێوخۆدا هێشتا بۆی ئامادە نین. خەڵکی تیموور و کۆسۆڤۆ و باشووری سوودان بەم دواییە تامی سەربەخۆییان چەشت، بەڵام هەرسێ دەوڵەتی تازە ڕاگەیەنراو وەکوو دەوڵەتی شکستخواردوو (فێیڵد ستەیتس) ناویان دەهێنرێت. باشووری کوردستان بەو ڕەوشە نێوخۆییەوە کە ئێستا هەیەتی، زۆرتر ئەو پەندەمان بیردەهێنێتەوە کە دەڵێت: منداڵی بە دەرمانان ناگاتە چ سەربانان.
شەڕی #داعش# و قەیرانی دارایی تاقیکردنەوەی گرنگن بۆ تێگەیشتن لەوەی کوردستان دەتوانێ ئەگەر بووە دەوڵەت لەسەر پێی خۆی بوەستێت یان وەکوو سۆماڵ و ئەفغانستان و زۆر شوێنی دیکەی جیهانی لێدێت و سەروەریی خاک و هەبوونی ئاڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن گەرەنتیی ئەوەی بۆ درووستبکەن کە چیدی خەڵکەکەی جینۆساید نەکرێت و بە سەری بڵندەوە بتوانێت بژیت. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە لەم ماوەیەدا هۆشمان بێتەوە بەر و بزانین لەجیاتی ئەوەی بۆ گەرەنتیی پاراستنی وڵات و گەلەکەمان لە دەرگای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بدەین، دەبێ یەکەمجار لە دەرگای ئەو دەوڵەتانە بدەین کە لە ناوچەکەدا لەگەڵیان دەژین و تەنیا ئەوان دەتوانن ئارامی یان نائارامی لە کوردستاندا درووستبکەن. چونکە ئەمجارە، بەپێچەوانەی ساڵانی حەفتاوە، نابێ بهێڵێن هێلکەکانمان لە سەبەتەکەی مام سامدا مار بیانخوات. [1]