ناونیشان: وێنە گەورەکەی پەکەکە و پارتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #07-03-2016#
قسەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەڕێز موراد قەرەیڵان بیرخەرەوەی وتارێکی نەتەوەیی پەکەکە بوو کە چەند ساڵێکە لەنێو ئەو حیزبەدا غائیبە. ئەو وتارەی خەریک بوو وایدەکرد بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان ببنە خاوەنی ئەجێندای هاوبەش بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لەسەر ناکۆکیی حیزبی بێدەنگ کرا. ئەنجامەکەشی درووستبوونی بەستەڵەکێکی سەخت بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و پارتیدا کە بەداخەوە دابەشبوونی کوردی هەموو پارچەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئێستا چەندە باشووری کوردستان پێویستی بە یەکخستنەوە و کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی نێوخۆیی هەیە، هێندەش کوردستانی گەورە پێویستی بە تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان پەکەکە و پارتی هەیە. وەک دەریشدەکەوێت هەم هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەم نێوخۆییش زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات.
هەرچەندە پارتی بە نزیک لە تورکیا و پەکەکە بە نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە نە پارتی پڕۆژەیەکی تورکییە و نە پەکەکەش پڕۆژەیەکی ئێرانییە. هەردوو حیزبیش لە مێژووی خۆیاندا ئەوەیان پیشانداوە کە گوێ لەمستی بێ چەند و چۆنی هیچییەک لەو دەوڵەتانە نین. ڕاستە سیاسەتی کرانەوە بەڕووی تورکیادا و دۆستایەتیی سیاسی و ئابووری لەنێوان #هەولێر# و ئەنقەرە بە دەستپێشخەری و ڕێبەرایەتیی پارتی بووە، بەڵام هەر پارتیش سوودی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ئێران وەرگرتووە بۆ ئەوەی کاتێک #داعش# هەڕەشە لەسەر هەولێر درووست دەکات، داوای هاوکاریی لێبکات و وەڵامی ئەرێنیش وەربگرێتەوە.
بۆ ڕۆژاوای کوردستانیش پەکەکە سیاسەتێکی دیپلۆماسیی ژیرانەی پەیڕەو کردووە. چونکە توانیویەتی دیمەشق و تاران و مۆسکۆ بە دۆست بهێڵێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاواییش ئاستی پەیوەندییەکانی بگەیەنێتە ئەوەی برێت مەکگورک لە کۆبانێ ببینرێت و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بەڕاشکاوی بە تورکیا بڵێت: مەرج نییە ئەوەی ئێوە پێتان تیرۆریست بێت ئێمەش بە تیرۆریستی بزانین. تەنانەت هاوڕێکانیش لە هەموو شتێکدا هەر هەمان ڕایان نییە.
هەرچەندە دوو جیهانبینی و دنیای جیاوازن، بەڵام نە پارتی پەکەکەی پێ لەنێودەبردرێت و نە پەکەکەش دەتوانێ ئەمە لەگەڵ پارتی بکات. بۆیە نزیکبوونەوەیان لە یەکدی بۆ هەردوولایان قازانجی لە زیان زیاترە. مێژووی کەمتر لە 10 ساڵی ڕابردوو پێماندەڵێت پارتی، بەتایبەتیش #نێچیرڤان بارزانی#، توانیی کەڵک لە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و #قەندیل#ی ئەوکات وەربگرێت و هەردوولا لەیەکدی نزیکتر بکاتەوە. ئەنجامەکەشی پڕۆسەیەکی ئاشتی بوو کە بەهۆیەوە باکووری کوردستان لەڕووی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەوە بووژانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
بۆ پارتیش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە هیچ نەبێت ئەو مەترسییانە دەڕەوێنێتەوە کە لەسەر پڕۆژە حەیاتییە وزەییەکەی باشووری کوردستان هەن. جگە لەوەی کە ئەو ئاساییکردنەوەیە ڕێگەش خۆش دەکات بۆ درووستکردنی کۆدەنگی و لابردنی لەمپەڕەکانی بەردەم ڕیفراندۆم و تەنانەت ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش.
ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان وزەیەکی گەورەی مرۆیی و دارایی لە ململانێی ژێربەژێر و هەندێکجار ئاشکرای نێوان ئەو دوو جەمسەرەدا بەفیرۆ دەڕوات. ئەو توانای لۆبیکردنەی پەکەکە لە یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا هەیەتی و ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییە فەرمییانەی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی هەیەتی، هەردووکیان دەکرێ لە بەرژەوەندیی کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەکاربهێنرێن. بە مەرجێک پەکەکە و پارتیش لەجیاتی بیرکردنەوەی تەسکی حیزبایەتی وێنە گەورەکە ببینن. وێنە گەورەکەش ئەوەیە کە یەکدی وەکوو چانسێک بۆ خۆبەهێزکردن ببینن، نەک وەک هەڕەشە و مەترسی. [1]