ناونیشان: بۆچی فیدراڵی خراپە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #29-03-2016#
تا لە یادی سەت ساڵەی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ نزیک دەبینەوە، #مەسعود بارزانی# ڕاشکاوانەتر باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە خوازیارانی چارەسەری فیدراڵی بۆ هەر بەشێک هەروا زیاتر دەبن. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەزموونی فیدراڵیی باشوور هێندە سەرکەوتووە کە بەشەکانی دیکە چاوی لێبکەن؟ مادام سەرکەوتووشە بۆچی بارزانی باسی سەربەخۆیی دەکات؟
لە نوێترین بەرنامەی بەهێمنیدا لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ڕووداو کۆتایی بەرنامەکەم بە پرسیارێک بۆ نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان هێنا: پاش پێنج ساڵی دیکە بەشەکەی ئێوە چ ئاییندەیەکی دەبێت؟ وەکچۆن دەڵێن هەموو ڕێگەکان دەچنەوە بانە، ئاواش وەڵامی هەموو میوانەکانم هەر دەچوونەوە سەر فیدراڵی. ئەم قسانە لەم ڕۆژانەدا ڕەواجی زۆریان پەیدا کردووە. کە باسی کێشەکانی لیبیا دەکەیت، دەڵێن ئەو وڵاتە تازە بە فیدراڵی نەبێت بەڕێوەناچێت. کە باسی سووریا دەکەیت، هەمان شت دەگوترێت و پەیەدەش پاش لێدوانەکەی مۆسکۆ کە پشتیووانیی لە فیدراڵی دەکرد، هەر زوو ئامادەکاریی بۆ ڕاگەیاندنی فیدراڵی دەستپێکرد. وەک بڵێی فیدراڵی کۆنسێپتێکی سیحری بێت و تاوەکوو ئێستا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێی نەزانیبێت، ئەگینا ئەو هەموو دەرد و مەینەتییەی تووش نەدەبوو.
جارێ زۆر گرنگە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بۆچی فیدراڵییە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژاوا لەوەی باشوور ناچێت. کاتی خۆی لە باشووری کوردستان بەرەیەکی کوردستانی هەبوو کە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ڕاپەڕین و کشانەوەی دامودەزگاکانی داگیرکەری ئێراقەوە سەرپەرشتیی کارگێڕیی کوردستانی دەکرد. لەو بەرەیەدا هەموو حیزبەکان هەبوون. بەدوایدا بەرەی کوردستانی پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانی کوردستان: واتە سووریا و تورکیا و ئێران هەبوو، کەسیان دژایەتیی دامەزراندنی هەرێمی کوردستانیان نەکرد. هەر ئەو هێزانەی بەرەی کوردستانی کاتێک زانییان #پەکەکە# خەریکە لەمپەڕیان بۆ درووست دەکات و وادەکات تورکیا لێیان بورووژێت، بەهەموویان لە پەکەکەیان دا و لە شێنێ و زەڵێ کۆیانکردنەوە. لە ساڵی 1992دا لە سێ پارێزگای باشووری کوردستان هەڵبژاردن کرا و لەسەر بنەمای ئەو هەڵبژاردنە پەڕڵەمان و حکومەتی کوردستان درووستکرا. فیدراڵییە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژاوا بە هیچییەک لەو قۆناخانەدا تێنەپەڕیوە. چونکە یەکەم، قەوارەیەک نییە کە جگە لە پەیەدە کەس قسەی تێدا بڕوات. دووەم، دەرئەنجامی هەڵبژاردنێکی دانپێدانراو نییە. سێیەم، دوو هاوسێی ڕۆژاوای کوردستان کە تورکیا و هەرێمی کوردستانن، ڕازی نەکراون بەوەی کە ڕاگەیاندنی هەرێمە فیدراڵییەکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەوان. بۆیەش چانسی سەرکەوتنی ئەو جۆرە فیدراڵییە لە کەم کەمترە.
بەڵام با لەوە بپرسین: چانسی سەرکەوتنی فیدراڵی لەکوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆرە تا میوانەکانی بەرنامەی بەهێمنی وا بە جۆش و خرۆشەوە ئومێدیان پێی هەبێت؟
وەڵامەکەمان لە وردبوونەوە لە نموونەی باشووری کوردستانەوە دەستدەکەوێت. لەدوای ساڵی 1992، #هەولێر# یەکلایەنە سیستمی فیدراڵیی بۆ شێوازی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا هەڵبژاردووە. بەڵام قەت کەس بەو دوعایەی نەوت ئامین و هەموان دەیانوت ئیسرائیلی دووەم خەریکە درووستدەبێت. لەدوای ڕووخانی سەدامەوە کورد ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی بووە لە بەغدا. چەندین کابینەی حکومەتی ئێراق بە موبارەکەی کورد پێکهاتن و بە موبارەکەی کوردیش گۆڕدران، بەڵام ئەمە هیچی لەو واقیعە نەگۆڕی کە ئەوە تەنیا کورد بوو بڕوای بە فیدراڵی بوو، بەشەکانی دیکەی ئێراق ئێستاش تێنەگەیشتن فیدراڵی چییە. بۆیە باشوور گەیشتنە ئەو قۆناخەی سەرۆکەکەیان بڵێت: چیدیکە ناتوانین بەوشێوەیە بەردەوام بین و بەخۆشی لەگەڵ بەغدا کۆتایی پێدەهێنین.
لە ئەزموونی فیدراڵیی باشووری کوردستانەوە بەشەکانی دیکە دەتوانن شتێکی گرنگ فێربن: لە وڵاتێکدا ئەوکاتە فیدراڵی سەردەگرێت کە چەند هەرێمێکی فیدراڵی هەبن و پێکەوە حکومەتێکی مەرکەزی درووستبکەن. ئەگەر هات و تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵی هەبوو و بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە بە سیستمێکی دیکە بەڕێوەچوون، نیشانەی ئەوەیە کە فیدراڵییەکە درۆیینەیە و دەبێ هەرێمە فیدراڵییەکە بیر لە دوو بژارە بکاتەوە: یان بەیەکجاری جیاببێتەوە یانیش ملی خۆی بۆ حکومەتی مەرکەزی کەچ بکات و ڕازی بێت بە پەیوەندییەکی هاوشێوەی ئۆتۆنۆمییە کارتۆنییەکەی نیوەی دووەمی حەفتاکان کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو. [1]