ناونیشان: کلاسیکۆکەی #سلێمانی#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #11-04-2016#
لە دیبەیتەکەی نێوان #مەلا بەختیار# و عەلی باپیردا هەرکامێکیانت پێ براوە بووبێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە کرانەوە بردییەوە و لێکتێنەگەیشتن دۆڕاندی. بەرلەوەی دیبەیتەکە دەستپێبکات، زۆر کەس هێرشیان دەکردە سەر هەردوولا و ڕووداویش و دەیانوت ئێستا کاتی ئەو بە زمانە نییە. بەڵام دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە دەرکەوت چەندە کوردستان پێویستی بە زۆر دیبەیتی دیکەی بەهێمنیی وا هەیە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرم لە واژۆکۆکردنەوەی کۆمەڵێک ئەندامی یەکێتی سوڕمابوو کە نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی حیزبەکەیان کردبوو و داوایان دەکرد کۆنفرانسێک کە بۆ کۆتاییهاتنی سایکس-بیکۆ لە سلێمانی دەکرێت ڕابگیرێت. سەیرتر ئەوەبوو کە ئەو ئەندامانەی یەکێتی ڕەخنەیان لە #بەرهەم ساڵح#یش گرتبوو چونکە فۆروومی سلێمانیی ڕێکخستووە و گوایە پارەی زۆری بەوهۆیەوە بەهەدەر داوە. پاساویشیان ئەوەبوو کە پێویستە ئەو پارانەی بۆ کۆنفرانسی وا خەرج دەکرێن، بکرێتە نان و بدرێتە ئەوانەی پێویستیانە.
هێشتا زۆر کاتی بەسەردا تێنەپەڕیوە. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر حیزبەکانی کوردستان دەرگای لێکتێگەیشتنیان بەڕووی یەکدیدا داخست. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە خەڵک بەلێشاو لەداخی ئەو دەرگا لەیەکدی داخستنە و کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی کوردستان، وڵاتەکەیان بەجێهێشت. بەدەگمەن ڕێککەوتووە خەڵکی کوردستان جگە لە ڤیدیۆی بێدەنگی تەوقەکردن و بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتنی سەرکردەکان لەگەڵ یەکدی، شتێکی دیکە ببینن. بۆیە کە ئەمساڵ فۆروومی سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی کرا، مەودایەکی بچکۆلە بۆ پێکەوە کۆبوونەوەی سەرکردە و کارزانەکانی وڵات درووستبووەوە.
دیبەیتەکەی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر، دوای فۆروومی سلێمانی، دووەمین کاری تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو کە لە ساڵی 2016دا لەبەر سلێمانی سپۆنسەریی کرد. شارێک کە ناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بێت، شایستەی ئەوەیە دیبەیت و گەنگەشەی ئاستبەرز و جیهانیی تێدا بەڕێوەبچن. چونکە بەو کارانە چاوەکان دەخاتە سەر خۆی نەک بە ئاهەنگی پڕ گێچەڵ کە تێیدا هونەرمەندانی میللی گۆرانی بڵێن و کۆتاییەکەی بە ئاگر و فرمێسک بێت.
ئەو مژارەی بۆ دیبەیتەکەی نێوان مەلا بەختیار و عەلی باپیر هەڵبژێردرابوو گرنگ بوو. زۆر کەس دەترسا توندوتیژیی بەدواوە بێت و هەندێکیش دەیانوت لە کوردستان ئەو کێشەیە نییە تاوەکوو قسەی لەسەر بکرێت. هەردوو مەلا و ڕێکخەرانی دیبەیتەکەش جوان پیشانی هەموانیاندا کە دەتوانن بەهێمنی جیاواز بن و قسەی خۆشیان بکەن و لە کۆتاییدا یەکدیش ماچ بکەن. ئەوەشیان سەلماند کە گرنگە لەجیاتی خۆگێلکردن لەو جیاوازییانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ شێوازی دەوڵەتداری هەمانە، قسەیان لەسەر بکەین و لێکدی نزیک ببینەوە.
باش لەبیرمە کاتێک لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەسەر هەندێک خاڵ کە دواجار دەچوونەوە سەر ئیسلامیبوون یان سێکولاربوونی سیستمی حوکمڕانی ناکۆکی دەکەوتە نێوانیانەوە، ئەو خاڵانەیان بەجێدەهێشت و دەچوونە سەر خاڵی دواتر. ئەمەش وایدەکرد پڕۆژەکە مینڕێژ بکرێت و چانسی گەیشتنە ئەنجامی کەمتر بێتەوە.
گرنگە کلاسیکۆکەی سلێمانی لەنێوان دوو مەلادا دوایین کاری شایستەی سلێمانی نەبێت کە وابکات کۆمەڵگە لەجیاتی لەیەکدی تیژبوون هەوڵی لێکتێگەیشتن بدات. چونکە لێکتیژبوونمان تاقیکردەوە و ئەنجامی نەبوو، ئەم جارە با لێکتێگەیشتن تاقیبکەینەوە. [1]