ناونیشان: #خورماتوو# هی کورد نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #26-04-2016#
دوو ساڵ لەمەوبەر چوومە خورماتوو. ئەوکاتە چووم کە لەپڕ ماتۆڕسوارێک دەهاتە تەنیشتتەوە و بۆمبێکی لە تەنیشتت دادەنا و پاش چەند خولەکێک گەورەترین پارچە گۆشتت هێندەی خورمایەکی لێدەمایەوە. لەنێوەڕاستی بازاڕی خورماتوو #حەشدی شەعبی# خۆم و تیمەکەمیان دەستگیرکرد. ئاساییشی پارتی فریامانکەوت و نەیانهێشت بمانکوژن. سەرزەنشتنیشیان کردم کە چۆن خۆم لەگەڵ ئەو دەرمانخۆرانە تووشی کێشە کردووە. دوو کاژێر دواتر چوومە ئامرلی. شوێنێک کە ئەگەر حەشد پارچەپارچەشی کردباین، پێشمەرگەیەک نەبوو فریامانکەوێت. شوێنێک کە پاسداری ئێرانی بە ئۆتۆمبێلی ئێرانی سڵاوی لێکردین و وەک برا گەورە لە خاڵەکانی پشکنیندا لەپێشمانەوە بوو. دوو ساڵ لەمەوبەر گوتم ئەوەی لە خورماتوو هەیە بەرمیلێک بارووتە و ڕۆژێک دێت دەتەقێتەوە. ئەم هەفتەیە بەشێک لەو بارووتە ئاگری گرت، بەڵام هێشتاش ماوە بتەقێتەوە.
خورماتوو زۆرتر لە بەرلینی سەردەمی شەڕی سارد دەچێت. ڕاستە کورد و شیعە هاوپەیمانن لە شەڕی دژی #داعش#دا، بەڵام لەوێ هیچ متمانەیەکیان بەیەکدی نییە. تورکمانەکانی ئەوێ شیعەن و ناتوانن بیڵێن، بەڵام لەدڵەوە حەزدەکەن تەنیا پێشمەرگە لەو ناوچەیە بێت. عەرەبی سوننەی ناوچەکە و تورکمانی شیعە و کوردی سوننە هەموویان گیریان خواردووە بەدەست ژمارەیەک میلیشیای شیعەی عەرەبەوە کە بە ڕەزامەندیی کورد هاتوونەتە ناوچەکە.
عەرەبە سوننەکان ڕۆژانە دەکوژرێن. تورکمانە شیعەکان باجی هەڵەی میلیشیا عەرەبە شیعەکان دەدەن و عەرەبی سوننە دەیانکوژنەوە. کوردیش جارجار لەگەڵ کەڵەگا نوێیەکانی شار تووشی تێکهەڵچوون دەبێت. زووزووش یەکێتی و حەشد لە خورماتوو کۆدەبنەوە و بە بەیاننامەیەک بەشێوەیەکی کاتی ڕێگە لە تەقینەوەی بەرمیلە بارووتەکە دەگرن.
کێشەی خورماتوو گەورەترە لە پێکدادانی هەستیارانەی پێکهاتەکانی. ئێران هەرگیز ناهێڵێت لەو ناوچەیە کورد باڵادەست بێت. لەو بەڵگەنامانەی لەسەر سەرکردەکانی دەزگای ئیتیلاعاتی ئێرانی بڵاودەبنەوە، بەڕوونی باسی ئەوە دەکرێت کە بۆ ئێران خورماتوو گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و ناتوانێ دەستبەرداری ببێت. بەڵام خۆ کوردیش ناتوانێ ئەو ناوچەیە لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئێران بکات.
ڕاستە کورد دەستی لە سەعدیە و حەویجە شووشتووە کە خاکی باشووری کوردستانن و ئێستا چیدی فڕیان بەسەر کوردستانیبوونەوە نەماوە، ئەوەی یەکەمیان بۆ شیعە و ئەوەی دووەمیان بۆ عەرەبی سوننە، بەڵام خورماتوو بەشی ئەوە کوردی تێدا ماوە کە نەکرێت بای بایی لێبکرێت و دەستی لێ بەربدرێ.
ڕێگەی ڕاست ئەوەیە کە کورد شەڕی بە هەڵە لەو ناوچەیەدا نەکات. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشمەرگە کردی و بەتوندی حەشدی دەمکوت کرد، ڕاست بوو، بەڵام نابێ ڕێگە بدەن شەڕەکە ببێتە شەڕی پێکهاتەکانی ناوچەکە. واتە نابێ پێشمەرگە و تورکمانە شیعەکانی تازە و خورماتوو و ئامرلی بکەونە بەرانبەر یەکدی. دەبێ کورد و پێشمەرگە پێداگیری لەسەر ئەوە بکەن کە مانەوەی حەشدی شەعبیی عەرەبی شیعە هیچ مانایەکی نەماوە. خەڵکی ناوچەکە خۆیان بە پشتیووانیی پێشمەرگە دەتوانن خۆیان بپارێزن و کابرای نەجەفی و کەربەلایی و بەغدایی هیچ کاری لەوێ نەماوە. مەترسیدارترین شت ئەوەیە حەشدی شیعیی عەرەبی شیعە بتوانێت پێکهاتەکانی ناوچەکە بکاتە دوژمنی یەکدی. کورد دەبێ بەئاشکرا بە وتار و هەڵسوکەوتیانەوە دیار بێت کە ئەمە ناکەن و خورماتوو وەکچۆن هی کوردە، ئاواش بە هی تورکمانی شیعە و عەرەبی سوننەی دەزانن. [1]