ناونیشان: چاڵدێرانێکی نوێ بەڕێوەیە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-07-2016#
قسەکانی سەردار حسێن سەلامی قسەی کاتی تووڕەبوون یان خۆهەڵکێشان نەبوون، بەڵکوو هەڕەشەیەکی دووبارە بوو کە ڕەنگە یەکەمجار لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستاندا بە زمانێکی موحتەرەم گەیەنرابێت. وا دیارە سوپای پاسداران هەست ناکات پەیامەکە گەیشتبێت. بۆیە لەسەر مینبەر و لە ڕۆژی قودسدا بە دەنگێکی ڕەساتر دەیگەیەنێت. پرسیاریش ئەوەیە: پێویستە هەڕەشەکە بەجدی وەربگرین و بترسین یان وەک ئەو هەڕەشانەی دیکە بیبینین کە لەوەتەی ئەزموونی باشووری کوردستان هەیە دەکرێن و هەندێکیان نابنە کردەوە؟
ئەوەی کە ئێران سەروەریی خاکی باشووری کوردستان پێشێل بکات شتێکی نوێ نییە. زۆرتر لە 25 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و لە یەکەم ڕۆژەوە ئیتیلاعاتی ئێران لەم بەشەی کوردستاندا تەراتێنی کردووە. ڕۆژێک بۆ تیرۆرکردنی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژێکی دیکەش بۆ پشتیووانیکردن لەم پارتی باشوور لە دژی ئەویدیکە لە شەڕی براکوژیدا. هەر لەو 25 ساڵەشدا کەم هاوین تێپەڕیوە کە سوپای پاسداران بە هەزاران گوللە تۆپ و کاتیۆشای بەسەر سنوورنشیناندا نەباراندبێت. لەوەش گەڕێ کە لە نیوەی دووەمی نەوەتەکاندا کار گەیشتە ئەوەی سوپای پاسداران لەسەر چیای هەیبەت سوڵتانەوە بارەگا و ماڵی ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە بکەنە ئامانج.
کەواتە کاتێک ئاغای سەلامی هەڕەشە دەکات، هەڕەشەکەی جدییە و پێشینەی هەیە. نوێنەری حکومەتی کوردستان لە تاران، کە ڕوونکەرەوەیەکی باشی سیاسەتەکانی ئێرانە بەرانبەر هەرێمی کوردستان، پشتڕاستی کردەوە کە هەڕەشەکان جدین، بەڵام بۆ هەموو کوردستان نا، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەو ناوچانەن لە کۆیە و هەریر و باتاس کە دیموکراتەکانی تێدان.
لەپاش یازدەی سێپتەمبەرەوە، هەر وڵاتێک لە ناوچەکەدا شەڕی تێکەوتبێت، ئێران لایەنێکی شەڕەکە بووە. لە ئێراق ئێستاشی لەگەڵدابێت، هێندەی فەرماندەی سوپای قودس دەستی دەڕوات هێندە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراق دەستی ناڕوات، لە سەنعای پاش سەرکەوتنی حووسییەکان (سەرەڕای جیاوازیی مەزهەبیش) ، بەڵام هێندەی ئاغای سولەیمانی خۆشەویستە هێندە شاسەلمان و ئەوانیدیکە حیسابیان بۆ ناکرێت. لە سووریا و لوبنانیش بەهەمانشێوە. لە هەموو ئەو کەیسانەشدا ئەوەی زیانی پێگەیشتووە لەو دەستتێوەردانەی ئێران، خەڵکی وڵاتەکان بوون، کە ئەوەی دەستیانکەوتووە وێرانتربوونی وڵاتەکەیان و لەرزۆکتربوونی ئیرادەی سیاسییان بووە.
ئێستاش ڕاستییەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بەو ناکۆکییەی لەنێو ڕیزەکانی پارتەکانی باشووری کوردستاندا هەیە، پاساوێکی بچووک بەسە بۆ ئەوەی ئێران سیناریۆی ئێراق و یەمەن و سووریا و تەنانەت لوبنانیش لە کوردستان دووبارە بکاتەوە. بەتایبەتیش ئەگەر وەک باس دەکرێت، ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گەورەتری ئەمریکا و ڕووسیادا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە (کە بەبێ ئێران سەرکەوتنی ڕێککەوتنی وا مومکین نییە) ، دەبێ چاوەڕێ بین جارێکی دیکە بکرێینە قوربانیی چاڵدێرانێکی نوێ.
[1]