ناونیشان: جیاکردنەوەی #هەدەپە# لە پەکەکە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #08-08-2016#
لەو گردبوونەوە ملیۆنییەدا کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، شوێنی هەدەپە زۆر چۆڵ بوو. هەرچەندە ئامانجی گردبوونەوەکە شەرمەزارکردنی کودەتا و بەتایبەتیش جەماعەتی گیولەن بوو، بەڵام ئەو هەدەپە و دەمیرتاشەی تەنانەت پێش ئاکەپە و ئەردۆغانیش دژایەتیی خۆیان بۆ گیولەن و جەماعەتەکەی ڕاگەیاندبوو، بانگهێشت نەکران. پاساوی دەوڵەت بۆ ئەو بانگهێشتنەکردنە ئەوەبوو کە هەدەپە و پەکەکە لە یەک تای تەرازووەکەدان و تا لێکدی جیانەبنەوە، ناکرێت مامەڵە لەگەڵ هەدەپەدا بکرێت، بەڵام ئایا دەکرێ ئەو حیزبە گەورە کوردییەی نێو پەڕڵەمانی تورکیا لە پەکەکە جیابکرێتەوە؟
ئەوەی لە پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا میدیا و ئەدەبیاتی پەکەکەی شۆپاندبێت، دەزانێت هەر زوو پەکەکە و جەماعەتی گیولەن شیر و تیریان لەیەکدی دەسوو. هیچ هەڤپەیڤینێکی جەمیل بایک یان قەرەسوو یان قەرەیلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە نییە باسی پێڤاژۆی ئاشتیی کردبێت و ئەگەر بە ڕستەیەکیش بێت، باسی ئەوەی تێدا نەکرابێت کە گیولەنییەکانی نێو دەوڵەت، بە ئیدارە و سوپاوە، دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت و هەوڵەکان لەبارببەن. لەو ساڵانەشدا کە پەیوەندییەکانی ئەردۆغان و گیولەن لە لووتکەی باشیدا بوون، ئەرکی شەڕی ئایدیۆلۆژی و لاوازکردنی پەکەکە لە باکووری کوردستان بە جەماعەتی گیولەن سپێردرابوو.
ئێستا کە خەریکە وردەوردە ڕاستییەکان لەبارەی دەستەکانی پشت کودەتاوە ئاشکرا دەبن، شتی سەیر دەرکەوتوون. بۆ نموونە هەموومان دەمانزانی دانووستاندنەکانی ئۆسلۆ لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتدا لەلایەن گیولەنییەکانەوە لەقاو دران و تۆمارە دەنگییەکانیان بڵاوکرانەوە، بەڵام ئەگەر ئیدیعاکانی دەوڵەت ڕاست بن، کەسمان نەماندەزانی کارەساتی ڕۆبۆسکێ، وێرانکردنی سووری #ئامەد# و زۆر تاوانی دیکە بەدەستی ئەو ئەفسەر و فەرماندە سەربازییانە کراون کە لەسەر جەماعەتی گیولەن حیسابن و پێگەی خۆیان بۆ هەژمووندانان لەسەر ئەردۆغان و دەستڕۆیشتووانی دیکەی نێو دەوڵەت بەکارهێناوە. بۆ نموونە ئەو حیسابی تویتەرەی زۆربەی ئاشکراکارییەکانی سەبارەت بە دەوڵەت و دانووستاندنەکانی لەگەڵ پەکەکە کردبوو و سەر بە گیولەن بوو، کەسێکی هێندە بڕواپێکراوی ئەردۆغان بوو کە بەردەوام لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا لە پشت سەرییەوە دەردەکەوت.
هەدەپە قەت لە دژی پێڤاژۆی ئاشتی نەبووە لە باکووری کوردستان. پاش شکستهێنانی کودەتاش چەندینجار دەمیرتاش ئەوەی دووبارە کردووەتەوە کە ئێستا دەرفەتە بۆ دەستپێکردنەوەی پێڤاژۆکە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێ لەبیرمان بچێت کە هەدەپە هەڵەی ستراتیژیی کرد کاتێک بەشداریی لە حکومەتدا نەکرد. چونکە ئەو هەنگاوە دۆزی کوردی لە تورکیا دەبردە قۆناغێکی نوێوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە هێشتاش هەدەپە بڕیاری سیاسیی بەدەست خۆی نییە و چاوی لە ئاماژەی #قەندیل#ە. بەوەش کە دەوڵەتی تورکیا بەهەڵە ئۆجەلانی گۆشەگیر کردووە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ باڵی ناکۆک لەگەڵ ئاشتی لە قەندیل درووستبووە بۆ ئەوەی بەو هەڵانەی لە ماوەی ڕابردوودا کردی، کورد لە پڕۆسەی سیاسیی تورکیادا بگەڕێنێتەوە دواوە. بۆیەش کاتێک دەوڵەتی ئەردۆغان مەرجی بەشدارکردنەوەی هەدەپە لە پڕۆسەی سیاسیدا دەبەستێتەوە بە دوورکەوتنەوە لە پەکەکە، دەبێ ئەو جیاکردنەوەیە بە کۆمەڵێک هەنگاو ڕووبدات، گرنگترینیان بریتییە لە ڕۆڵگێڕانەوە بۆ ئۆجەلان. چونکە ئەوکات هەردوو باڵی ناکۆک بە ئاشتی، کە بریتین لە جەماعەتی گیولەن و باڵی قەندیلی پەکەکە، هەژموونێکی هێندە زۆریان نابێت بتوانن جارێکی دیکە پێڤاژۆی ئاشتی بەیەکجاری پەکبخەن. [1]