ناونیشان: ئەنجوومەنی جیابوونەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #23-08-2016#
لەپاش ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە کورد قاچی لە بەغدا نەبڕیوە. بودجە هەبێ یان نەبێت کورد ئەو هەڵە ستراتیژییەی دووبارە نەکردووەتەوە کە سەرەتای درووستکردنەوەی ئێراقی هیوا و ئاشتی، سوننەی ئێراق بە بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی کردیان. ئەم هەفتەیە و هەفتەکانی دواتر چاوەڕوان دەکرێت شاندی کوردی، هەم وەک حیزبەکان و هەم وەک شاندی هاوبەشیش، جارێکی دیکە بچنەوە بەغدا. بەڵام وەک دیارە بە ئەجێندای جیاوازەوە دەچن. یەکێکیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەی پێکەوەلکاندنەوەی ئێراق و یەکێکی دیکەش بۆ قایلکردنی بەغدا بە پڕۆژەی بەئاشتییانە جیابوونەوە لەیەکدی و بەبێهوودەیی پێکەوەنەلکاندنەوەی ئێراق.
وەک لە وتاری هەفتەی ڕابردووشمدا ئاماژەم پێدابوو، دوایین هەوڵی ئێران بۆ ڕێگەگرتن لە دابەشبوونی ئێراق دەستی پێ کردووە. شەمخانی، نوێنەری خامنەیی و سەرۆکی جڤاتی باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێران، بەڕوونی پەیامی ئەوەی بەگوێی شاندێکی یەکێتیدا دابوو کە بۆ ئێران یەکپارچە مانەوەی ئێراق شتێکی حەیاتییە. بنەمای لێکنزیکبوونەوەکەی ئێران و ڕووسیا و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تورکیاش لە بلۆکی ئەمریکی-سعودی-قەتەری، ئەویش بە قەرەبووکردنەوەی بە پشتکردنە پەیەدە لە سووریا، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئێران چەندە پێی گرنگە لە خەرجیی قەبەی جەنگی سووریا شان بباتە دەرەوە، هێندەش پێی گرنگە بە دەستگرتن بە ئێراقێکی یەکپارچەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەوە بپارێزێت.
لەو نێوانەدا ئەمریکا دەستەوەستان نییە. ڕێککەوتنە گرنگە ستراتیژییەکەی نێوان #هەولێر# و واشنتن کە بەڕواڵەت تەنیا بۆ شەڕی #داعش#ە، بەشی ئەوەندەی تێدا هەیە کە ئێران دڵنیابێتەوە لەوەی ئەمریکا دڵنیایی داوەتە کوردستان بۆ پشتیووانیکردنی لە قۆناغی سەختیشدا. کە وەک کەسێکی ئاگادار بۆی باسکردم، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ناوچەکانی وەکوو کەرکووک و #مەخموور# و گوێر و #شنگال#، چیدیکە ناوچەی ناکۆکی لەسەر نامێنن و ئەگەر گەنگەشەیەک بمێنێت لەگەڵ بەغدا، بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەبێ لەسەر ناوچەکانی ئەودیوی ئەو ناوچانە.
ئێستا کورد بە دوو ئەجێندای جیاوازەوە دەچێتەوە بەغدا. ئەجێندای یەکێتی و ڕەنگە گۆڕانیش بریتییە لە پڕۆژەیەک کە خۆی لە درووستکردنی ئەنجوومەنێکی سیاسی دەبینێتەوە بۆ سەرلەنوێ پێکەوەلکاندنەوەی ئێراقێک کە نە هیوای تێدا ماوە نە ئاشتی. ئەمەش کۆکە لەگەڵ ئەو خەونەی ئێران بە ئێراقەوە دەیبینێت. ئەجێندای پارتیش بریتییە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئامادەکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی ئێراق بۆ ئەوەی لەئێستاوە ڕێککەوتن بکرێت کە لەپاش شەڕی داعش کوردستان و ئێراق ببنە دوو دراوسێی باش بۆ یەکدی.
پارتی بۆ ئەمە دەیەوێت گەرەنتیی نێودەوڵەتی هەبێت و ڕێککەوتنەکە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بێت. زۆریش پشتئەستوورە بەو گەرەنتییانەی هەم لەسەر مانەوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و هەم لەسەر دژایەتینەکردنی جاڕدانی سەربەخۆییش وەریگرتووە. بەڵام هێشتاش نەیتوانیوە لەسەر ئاستی نێوخۆی کوردستان ئامادەیی بۆ ئەم پڕۆژەیە بکات.
ئەم ڕەوشە نوێیە پارتی و یەکێتی دەخاتە بەردەوام بژارەی قوورسەوە: پارتی بەمەرجی ئەوە دەتوانێ بە پڕۆژەی یەکێتی بۆ درووستکردنی ئەنجوومەنی سیاسی ڕازی بێت کە درووستکردنی ئەنجوومەنەکە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئیدارەدانی ئێراق تاوەکوو قۆناخی جیابوونەوە بێت نەک پێکەوەلکاندنەوە. یەکێتیش بە مەرجی ئەوە دەتوانێ بە پڕۆژەی پارتی ڕازی بێت کە بەڕوونی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ هەبێت لەسەر ئەوەی پشک و قازانجی یەکێتی لە قۆناخی پاش تەواوبوونی کارەکانی ئەنجوومەنی جیابوونەوە و درووستکردنی کوردستانی سەربەخۆ چی دەبن. وەڵامی هەرلایەکیان بۆ مەرجەکانی ئەویدیکە هەرچییەک بن، یەکلارەوەن بۆ ئەوەی بزانین کورد لەسەر مێزی گفتوگۆی ئەم جارە دەبێتە یاریزانێکی براوە یان وەک هەمیشە بە دەستی بەتاڵ لێی دێتە دەرەوە.
[1]