ناونیشان: حکومەتی ئەپدەیتکراو
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-09-2016#
ئەو نامەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێگەی میدیاکانەوە بۆ حیزبە بەشدارەکانی حکومەت ناردی، بە دیوێکیدا بەرەڕاکێشانە لەژێر پێی ئەوانەی بەشدارن لە حکومەتدا و ئۆپۆزیسیۆنیشن، بە دیوەکەی دیکەشیدا دەریدەخات کاتی هاتووە #نێچیرڤان بارزانی# حکومەتەکەی ئەپدەیت بکاتەوە.
هەرچەندە من لە یەکەم ڕۆژەوە بڕوام بەوە نەبوو کە لە هەستیارترین دۆخیشدا حکومەتی بنکەفراوان دەرمانی درووست بێت بۆ دەردە زۆرە کارگێڕی و سیاسی و داراییەکانی کوردستان، بەڵام ئەو ئەدایەی ئەو حکومەتە لە ماوەی دەستپێکی شەڕی #داعش#دا پیشانیدا هی ئەوە بوو ئومێدت پێی هەبێت.
خراپیی حکومەتی بنکەفراوان لەوەدا بوو کە هەموو کەس دەیزانی ئەو هەموو سەرە جیاوازە لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێن. مەنتیقیش نەبوو بکوڵێن. چونکە هەمان ئەوانەی تا دوێنێ یەکدییان بە گەندەڵیی گەورە تۆمەتباردەکرد و هەندێکیان هەر لەسەر ئەو تێزەش حیزبەکانیان دامەزراندبوو، لەپڕ ببوونە شەریکی دەسەڵات و بەڵێنی چوار ساڵی ئارامییان بە یەکدی دەدا.
دیوێکی دیکەی خراپیی حکومەتی بنکەفراوان ئەوەبوو کە بەرلەوەی خەڵک لە کوردستان لە پرۆڤەی ئۆپۆزیسیۆنبوون تێربێت و تێیبگات کە چییە، نەما. وەک ئەوە وابوو کە ماوەی درێژ خەڵک تەڕ و وشکی لەیەکدی جیاکردبێتەوە و لەپڕ لێیان تێکەڵکرابێتەوە.
بۆیە ئەوەی لە 23ی حوزەیران ڕوویدا، ئەگەر بەشێکی پەیوەندیی بە ناکۆکیی مێژوویی و کۆنەکێشەوە هەبووبێت، بەشێکی گرنگتری پەیوەندیی بەوەوە هەبوو کە بۆ نموونە گۆڕان لەو یاریی تێکەڵاوبوونی تەڕ و وشکەدا و لە بەردەم دەنگدەرانی خۆیدا خەریک بوو زۆر بە خراپی دەهاتە دەرەوە. بۆیە دەبووایە شتێک ڕووبدات بۆ ئەوەی بارە لاسەنگبووەکە هاوسەنگ بێتەوە.
ئێستا کە هەندێک حیزب و هەندێک لایەنی نێو حیزبەکان هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەت دەکەن، گرنگە بزانین کە: یەکەم، ئەوە قسەی لەسەرنییە کە حکومەت بەرپرسیارە لەو قەیرانەی لە کوردستان درووستبووە و هەروا درێژە دەکێشێت، بەڵام خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەگەر حکومەت شکستیهێنابێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە، کەواتە ئەو حیزبانەش کە ڕەخنە لەو شکستهێنانە دەگرن و بەشدارن لە حکومەتدا، پشکیان هەیە لە شکستەکەدا.
چونکە ئەگەر بەڕاستی بەشدارنەبوون لە حکومەتدا و زانیویشیانە شکستدەهێنێت و هێشتاش لەو حکومەتەدا ماونەتەوە، نیشانەی ئەوەیە دەرهاویشتەکانی پاش شکستەکە زیانی کەمتر بووە بۆ پەزەکانیان لە کشانەوە لە حکومەت. ئەگەریش بەپێچەوانەوەیە، ئەوە خراپتر.
شارەزایەکی یاسایی، کە یەکێتییە، پێیگوتم کشانەوەی حیزبی وەک کۆمەڵ و گۆڕان و بەشێک لە یەکێتیش واناکات حکومەت هەڵبوەشێتەوە. بەقسەی ئەو شارەزایە، تەنانەت ئەگەر هەموو حیزبەکانیش بکشێنەوە، تا ئەوکاتەی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی پارتی لە حکومەتدا بمێننەوە، حکومەت هەڵناوەشێتەوە و سەرۆکوەزیران بارزانی دەتوانێت حکومەتەکەی بە ڕێککەوتنی نوێ و تا کاتی دەستبەکاربوونەوەی پەڕڵەمان بە وەزیری بەوەکالەت ئەپدەیت بکاتەوە.
جا ڕاستییەکەشی ئەپدەیتێکی وا خەریکە دەبێتە زەروورەت، بۆ ئەوەی هەم ئەو حیزبانەی هەستدەکەن دەنگی دەنگدەرانیان لە شاندانە بەر بەرپرسیارییەتیی قەیرانی ئەم قۆناخە گرنگترە، لەو ئیحراجییەی بۆیان درووستبووە ڕزگاریان بێت، هەم حکومەتێکیش هەبێت کە لەجیاتی ئەوەی خەریکی ناسەقامگیریی نێوخۆیی و وەڵامدانەوەی بەشدارەکانی بێت لە ڕێگەی میدیاوە، تەرکیز لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گێڕانەوەی بڕە ئومێدێک بۆ دڵی هاووڵاتیی دڵشکاوی هەرێمی کوردستان بکات.
ڕەنگە باشترین بژارەش بۆ ئەمە، درووستکردنی حکومەتێکی نوێی پێکهاتوو لە پارتی و ناوەندی بڕیاری یەکێتی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بێت. کە وەک شارەزا یاساییەکە بۆی باسکردم، ناوەندی بڕیار ئەمەی پێ پێشنیازێکی خراپ نییە. [1]