ناونیشان: دوژمنێکی مەترسیدارتر لە #داعش#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #17-10-2016#
هەرچەندە هێشتا ماویەتی، بەڵام دەنگی تەپڵی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ هەروا بەرزتردەبێتەوە. حەیدەر عەبادی بەشانازییەوە دەڵێت بەڵێنی دابوو ساڵی 2016 بکاتە ساڵی سەرکەوتنەکان و دەرکردنی داعش لە ئێراق و وا خەریکە بەڵێنەکەی دەهێنێتەدی. #مەسعود بارزانی#یش ڕایگەیاندووە پێشمەرگە لە شەڕەکەدا بەشداردەبێت، بەڵام نابێ موزایەدەی حیزبی بەو بەشدارییەوە بکرێت. وێنەی کوردستان تا بەشداریی لە شەڕی موسڵدا ڕوونە، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە ئەوەیە کە کوردستان پاش شەڕەکە چیی بەسەردێت؟
کەسایەتییەکی ئێراقیی شیعەی ئاگادار پێیدەوتم: سەرکردە شیعەکانی ئێراق قەناعەتیان هێناوە کە سەربەخۆیی کوردستان لەبەرژەوەندیی خەونی درووستکردنی دەوڵەتی شیعەشدایە و پێیانخۆشە هەرچی زووە ڕووبدات. بەڵام، وەک ئەو کەسایەتییە دەیگوت، هیچ سەرکردەیەکی شیعە ناوێرێت ئەو ڕاستییە بەئاشکرا بڵێت. ئەو دەیگوت: شیعە لە ئێراق کێشەیەکی وایان لەگەڵ کورد لەسەر خاک نییە و ئەوەی کێشەی هەیە سوننەکانن. لە دەوڵەتی ئێراقی عەرەبیی پاش جیابوونەوەی کوردستانیش سوننە دەبنە کەمینەیەک کە تا لاوازتربن بۆ شیعە باشترە.
هەرچەندە ئەمانە قسەی جوان و دڵخۆشکەرن بۆ کورد، بەڵام هەست ناکەم ڕاستیی تەواوبن. چونکە نابێ لەبیرمان بچێت کە سەرەڕای ئەوەی مالیکی و پەیڕەوانی هێڵی بیرکردنەوەی ئەو لە دەسەڵاتدا نەماون، بەڵام سێبەریان بەسەر پەڕڵەمان و دەزگا ئەمنی و دادوەری و داراییەکانی ئێراقەوە بەڕوونی دیارە. پەیڕەوانی ئەو بیرکردنەوەیەش لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئەهوازی ئێرانەوە لەسەر ئاواکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێراق و سەرکوتکردنی هەوڵی جیابوونەوە لەو کۆمارە ڕادەهێنرێن. بۆیە کاتێک کەسایەتییەکی شیعە دەڵێت سەرکردە شیعەکانی ئێراق ڕازی دەبن بە دەوڵەتی کوردستان، وەکوو ئەوە وایە بڵێت “بەشێک” لەو سەرکردانە ڕازی دەبن و ئەوی دیکەیان بەتووندی دژی دەوەستنەوە.
جا ڕاستییەکەی هێندەی قۆناغی پاش شەڕی موسڵ بۆ کورد ڕاچڵەکێنەرە، هێندە قۆناغی ئێستا و بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی موسڵدا مەترسیدار نییە. چونکە ئێستا کورد لە مەیدانی جەنگ نوێنەرایەتیی هەموو دنیا دەکات لە دژی دوژمنێکی وەک داعش، کە هەموو جیهان بە مەترسیی دەزانێت بۆ سەر خۆی. بەڵام سبەی ئەگەر شیعە بێنە موسڵ و لەگەڵ هێزی سوننەی نزیک لەخۆیان و بە چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو و فڕۆکەی ئێراقی و ئێرانی و ڕووسی بەرانبەر پێشمەرگە بوەستنەوە، مەرج نییە هەموو جیهان دیسان لە پشتمان بێت و داکۆکیمان لێبکات.
ئەو زانیارییانەی لەسەر ڕێککەوتنی سەرکردایەتیی کوردستان و هاوپەیمانان و بەغدا بۆ بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی موسڵدا هەمە، بەشی ئەوە ناکات دڵنیا ببمەوە گەرەنتیی باش بۆ قۆناغی پاش شەڕی موسڵ وەرگێڕاوە. بەڵام ڕێی تێناچێت و ناکرێت بڕوا بکەین کاک مەسعود بەو هەموو ئەزموونەی هەم لەگەڵ ڕێککەوتنەکانی شۆڕش لە شەستەکان و حەفتاکان و بەدوایدا لە دووهەزارەکان بەدواوە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، هەروەها بەو بیرەوەرییە ناخۆشەی لەگەڵ دۆستایەتییە لاستیکییەکەی ئەمریکا لەگەڵ بارزانیی باوکدا هەیەتی، هێندە بەئاسانی ڕازی بووبێت بەشداری لە شەڕێکدا بکات کە دوژمنێکی مەترسیدارتر لە داعش دەهێنێتە سەر سنوورەکانی کوردستان. [1]